سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا گه‌یشته‌ هه‌رێم و له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کۆبونه‌وه‌

11/21/2014 4:52:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

دره‌نگانى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 20ىتشرینى دووه‌مى  2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر، پێشوازى له‌ ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلو سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا و شاندێکى باڵاى یاوه‌رى کرد که‌ به‌ یاوه‌ر‌یى ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیر و ڕاوێژکار و به‌رپرسان، سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات.

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 21ى تشرینى دووه‌مى  2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلو سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا ووه‌فدى یاوه‌رى کۆبووه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وکه‌دا که‌هه‌ریه‌که‌ له‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیرانى ناوخۆ، پێشمه‌رگه‌، دارایى و ئابووری، پلاندانان، شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، کاروبارى په‌رله‌مان و وته‌بێژى فه‌رمیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوون، بارودۆخى عیراق و هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌که‌ و دوایین پێشهاته‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌کان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و شه‌ڕى دژى داعش تاوتوێ کران. هه‌روه‌ها کێشه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنیان و په‌یوه‌ندییه‌کانى تورکیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى کوردستان و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانى و دیپلۆماسى و سیاسییه‌کان، خرانه‌ به‌ر باس.

داوود ئۆغلو تیشکى خسته‌ سه‌ر دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانى له‌ به‌غدا و ئه‌نجامى سه‌ردان و کۆبوونه‌وه‌کانى به‌ ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ تێڕوانینى به‌غدا بۆ هه‌رێمى کوردستان و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان ئه‌رێنییه‌ و دامه‌زرانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى عیراقى به‌ ده‌رفه‌تێک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان زانی. جه‌ختیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ تورکیا له‌ هه‌موو بواره‌کاندا له‌ هاوکاریى هه‌رێمى کوردستان و عیراق به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا ووه‌فدى یاوه‌رى سه‌رله‌به‌یانیى رۆژى پێنج شه‌ممه‌ 20 ى تشرینى دووه‌مى 2014 به‌ سه‌ردانێکى فه‌رمى گه‌یشتبووه‌‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رکۆمار و به‌رپرسانى عیراقى دیدار و کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجام دا. 


زۆرترین خوێندراو