سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا کۆبوونه‌وه‌

11/21/2014 5:20:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 21ـى تشرینى دووه‌مى  2014 له‌ شارى هه‌ولێر به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى پێشوازى له‌ ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا کرد.

له‌ دیداره‌که‌دا سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا خۆشحاڵیى خۆى بۆ سه‌ردانى کوردستان و دیدارى له‌گه‌ڵ سه‌رۆک بارزانى نیشاندا و سه‌ره‌خۆشیى خۆشى بۆ که‌سوکارى شه‌هیدان و قوربانیانى ته‌قینه‌وه‌ى تیرۆریستیى ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ى ڕابردووى شارى هه‌ولێر به‌ سه‌رۆک بارزانى ڕاگه‌یاند. هه‌روه‌ها وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ گرنگى و بایه‌خى سه‌قامگیریى عێراق و هه‌رێمى کوردستان بۆ وڵاته‌که‌ى ئه‌وه‌ى دووپات کرده‌وه‌ که‌ تورکیا له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆریستان هاوکارى هه‌رێمى کوردستان و عێراق ده‌بێت. هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا ئاماده‌یى وڵاته‌که‌یشى خسته‌ڕوو بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ یارمه‌تیدانى مرۆڤیى بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌ حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌کان و هه‌روه‌ها قووڵترکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان و فراوانترکردنى بازرگانى و په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان هه‌ردوولا.

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌خێرهاتنى سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیاى کرد و سه‌ردانى سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیاى بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌ ده‌رفه‌تێکى باش زانى بۆ نه‌هێشتن و قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و که‌موکوڕییانه‌ى له‌ هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌ردوولا له‌ بواره‌ جیاجیاکاندا له‌ ئارادان. 

هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامیى ڕاوێژ و هاوکاریى نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا کرده‌وه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر و پته‌وترکردنى په‌یوه‌ندییه‌کان.

له‌ ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى ئه‌م دانیشتنه‌دا هه‌ڕه‌شه‌کانى تیرۆریستانى داعش و بارودۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق و ناوچه‌که‌ خرایه‌ به‌ر باس و له‌باره‌ى چۆنییه‌تى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستان و هاوکاریى و هه‌ماهه‌نگیى زیاترى نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا له‌م باره‌یه‌وه‌ بیروڕا ئاڵوگۆێ‌ کرا.

شایانى باسه‌ که‌ له‌ دواى ته‌واوبوونى کۆبوونه‌وه‌که‌ سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا له‌ پرێسکۆنفرانسێکدا ئامانجى سه‌ردانه‌که‌ و ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌یان بۆ ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندن خسته‌ڕوو.


زۆرترین خوێندراو