نێچیرڤان بارزانى : هه‌رێمى کوردستان بێ جیاوازى پێشوازى له‌ هه‌موو ئاواره‌ و په‌نابه‌ران کردووه‌

12/16/2014 5:27:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ى کانوونى یه‌که‌مى  2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ ‌ پاتریارک مار لویس ڕۆفائێل ـ یه‌که‌م ساکۆ، پاتریارکى کلدان له‌ عیراق و جیهان و شاندێکى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکدا پاتریارک سوپاسى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و سه‌رۆک وه‌زیرانى کرد بۆ پێشوازیکردن و داڵده‌دانى ئاواره‌ مه‌سیحییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ هه‌ر چه‌نده‌ ڕه‌وشى ئاواره‌کان قورسه‌، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ست به‌ غه‌ریبى ناکه‌ن و له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ناو که‌سوکارى خۆیاندان. هه‌روه‌ها هیواى خواست حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بتوانێت سوود له‌ تواناکانى مامۆستا و دکتۆر و کارمه‌ند و پیشه‌وه‌رانى ئاواره‌ وه‌ربگرێت و ده‌رفه‌تى کاریان بۆ بڕه‌خسێنێت، تا بتوانن بارى ژیانى خۆیان باشتر بکه‌ن، هاوکاریى ئه‌و قوتابییه‌ مه‌سیحیانه‌ش بکات که‌ له‌ خوێندن دابڕاون، تا بتوانن بکه‌ونه‌وه‌ به‌ر خوێندن و تاقیکردنه‌وه‌کانیان نه‌فه‌وتێت.

پاتریارک هه‌موو ئاماده‌ییى که‌نیسه‌ى کاسۆلیکیشى ده‌ربڕى بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى خۆى له‌گه‌ڵ ڤاتیکان و جیهانى مه‌سیحى به‌کار بێنێت تا له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هاوکاریى ئاواره‌کان بکه‌ن. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ له‌ دوایین دیداریدا له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تى پاپاى ڤاتیکان، باسى له‌ هه‌موو هاوکاریه‌کانى خه‌ڵک و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئاواره‌ مه‌سیحییه‌کان و ته‌واوى په‌نابه‌ران و ئاواره‌کانى دیکه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ و ڕۆڵى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تیان له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رز هه‌ڵسه‌نگاندووه‌. هه‌روه‌ها هیواى خواست حکوومه‌تى عیراقیش ڕۆڵى خۆى ببینێت و باشتر به‌ ده‌نگ ئاواره‌کانه‌وه‌ بچێت و هاوکاریى زیاتریان بکات.

لاى خۆیه‌وه‌  نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان بێ جیاوازى پێشوازى له‌ هه‌موو ئاواره‌ و په‌نابه‌ران کردووه‌ و ئه‌وه‌ى له‌ توانایدا بووبێت، هاوکارى کردوون و یارمه‌تى داون، به‌ هه‌مان شێوه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن، هه‌روه‌ها سوپاسى پاتریارکى کرد که‌ وێنه‌یه‌کى باشى هه‌رێمى کوردستانى گه‌یاندووه‌ته‌ ڤاتیکان و جیهانى مه‌سیحى. بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى ئاواره‌ مه‌سیحییه‌کانیش، بڕیارى دا لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت بۆ به‌دواداچوونى کێشه‌کان و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى، له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانى حکوومه‌ت، پێک بهێنرێت.


زۆرترین خوێندراو