له‌ڕۆژى ئاڵا و ڕۆژى دایکانى کورددا

12/17/2014 5:10:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ مه‌راسیمێک یادى ڕۆژى ئاڵاى کوردستان و ڕۆژى دایکانى کورد کرایه‌وه‌، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ د.یوسف محه‌مه‌د سادق، سه‌رۆکى په‌رله‌مان، په‌یامێکى به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ خوێنده‌وه‌و له‌ به‌شێکى په‌یامه‌که‌یدا، وتی: هه‌موساڵیک له‌ ڕۆژى ١٧-١٢ دا، به‌ دڵێکى پێ‌ له‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌رى کوردستان، ڕۆژى دوو سیمبولى گه‌وره‌ى مرۆڤانه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ ئه‌وانیش ڕۆژى (ئاڵاى کوردستان) و ڕۆژى (دایکانى کوردستان)ه‌. که‌ په‌رله‌مانى کوردستان پێشتر به‌ بڕیارى ژماره‌ (٤٨) ڕۆژى ١٧ ى کانونى یه‌که‌مى هه‌مو ساڵێکى کرده‌ ڕۆژى ئاڵاى کوردستان و ڕۆژى دایکانى کوردستان.

ئه‌مڕۆ، له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ شێوازى جیاواز و به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ هه‌مومان له‌به‌رده‌م ئاڵاى کوردستاندا ده‌وه‌ستین و په‌یمانى پارێزگارییکردن له‌ خاک و نیشتیمان له‌ ژێر ئه‌و ئاڵایه‌دا دوپاتده‌که‌ینه‌وه‌. له‌م ساته‌دا که‌ ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانى کوردستان ڕۆژى ئاڵاى کوردستان ده‌که‌ینه‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانمان به‌ گیانێکى به‌رزى نیشتیمانیى و به‌ وره‌یه‌کى به‌رزه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان و خۆرئاوا پارێزگاریى له‌ خاکى کوردستان ده‌که‌ن دژ به‌ تیرۆرستان.

پێش ئێمه‌، ئاڵاى کوردستان، پێشه‌وا قازى موحه‌مه‌دى نه‌مر له‌ کۆمارى کوردستان هه‌ڵیکرد و سه‌رکرده‌ و پێشمه‌رگه‌ و هاوڵاتیانى ترى  پارچه‌کانى کوردستان به‌ دڵێکى پێ‌ له‌ ئومێده‌وه‌ چاویان له‌ کازیوه‌ و گه‌شانه‌وه‌ى ئاڵا به‌رزه‌که‌ى کۆمارى کوردستان بوو، هه‌رچه‌نده‌ کۆماره‌که‌ زوو له‌ناو برا، به‌ڵام ئاڵاى کوردستان ڕۆژ به‌ڕۆژ که‌ڵه‌گه‌تتر ده‌بوو.!

له‌و ڕۆژه‌وه‌ تا ئێستا ئاڵاى کوردستان بووه‌ته‌ سیمبوڵ و دروشمێکى گه‌وره‌ و ڕۆڵه‌کانى ئه‌م وڵاته‌ پۆل پۆل گیانى خۆیان ده‌به‌خشنه‌ بڵندبوونى ئاڵا و ئازادى کوردستان، ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌و یاده‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌و سنوورانه‌ى پێشتر کوردستانیان پارچه‌ پارچه‌ کردبوو، ئێستا کاڵ کاڵ ده‌بنه‌وه‌ وهه‌ستى نیشتمانى کوردستانیان له‌ هه‌ر شوێنێک بن زیاتر و زیاتر پێکه‌وه‌ گرێ ده‌درێن.

دایکانى کوردستانیش، جیا له‌ دایکانى تر. ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ ناسنامه‌ى میهره‌بانى نیشتمان،له‌مێژووى خه‌باتى ڕزگاریخوازى نه‌ته‌وایه‌تیماندا، هه‌میشه‌ دایکان سیمبوڵى به‌خشنده‌یى بوون، له‌ په‌روه‌ده‌کردنى ڕۆڵه‌کانیان، دایکانى ئێمه‌ خاوه‌نى چه‌ندین داستان و چیرۆکى نه‌به‌ردانه‌ن، به‌تایبه‌تیش ئه‌وان شه‌ره‌فى ئه‌وه‌یان پێده‌بڕێت به‌ (دایکى شه‌هید) ناوببرێن. شه‌ره‌فێکى تریش بۆ دایکانى کورد ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕۆژى ئه‌وان له‌گه‌ڵ ڕۆژى ئاڵاى کوردستان دانراوه‌.

دووباره‌ پیرۆزه‌ ڕۆژى ئاڵاى کوردستان، پیرۆزه‌ ڕۆژى دایکانى کورد، سڵاو بۆ دایکانى به‌ ئارام و میهره‌بانى کورد، که‌ مه‌دالیاى دایکى شه‌هید و دایکى کوردستانیان پێبه‌خشرا.


زۆرترین خوێندراو