لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان هه‌موار کردنه‌وه‌ى یاساى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان تاوتوێ ده‌کات

12/18/2014 11:18:00 AM
جەماوەر نیوز
رۆژى  17ى کانوونى یه‌که‌مى  2014  به‌ مه‌به‌ستى چۆنیه‌تى دروستکردنى پردى هه‌ماهه‌نگى نێوانیان لێژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و ئه‌نفال و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى پێشوازیان له‌ شاندێکى وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان کرد که‌ پێک هاتبوو له‌ محمود حاجى صالح وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و ژماره‌یه‌ک له‌ راوێژکاران و به‌رێوه‌به‌ره‌گشتیه‌کانى وه‌زاره‌ت.

 له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ نزیکه‌ى 2 کاتژمێرى خایاند به‌ تێر و ته‌سه‌لى باس له‌ کۆمه‌ڵێک بابه‌ت کرا، له‌وانه‌ چۆنیه‌تى رێکخستنى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان وه‌زاره‌ت و لێژنه‌ى ناوبراو و دروستکردنى پردى په‌یوه‌ندى له‌ نێوانیان ،و هه‌موار کردنه‌وه‌ى یاساى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان، هاوکات باس له‌ موچه‌ى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى کرا و له‌ لێدوانێکیشیدا بۆ ماڵپه‌رى په‌رله‌مانى کوردستان ئارى هه‌رسین سه‌رۆکى لێژنه‌که‌ رایگه‌یاند مه‌به‌ستى سه‌ره‌کیمان بۆ به‌شدارى جددى و هاوکارى هه‌موومانه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و که‌موکوریانه‌ى که‌ له‌ وه‌زاره‌تدا هه‌یه‌ وچه‌ند بابه‌تێکى تایبه‌ت به‌ ماف و ئیمتیازاتى خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و ئه‌نفال و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى.

 له‌ کۆتایشدا بریاردرا بۆ به‌دواداچوونى کاره‌کان له‌ داهاتوودا کۆبوونه‌وه‌ى زیاتر ئه‌نجامبدرێت و ناوه‌رۆکى ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ش به‌ نوسراوێک ئاراسته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان بکرێت .


زۆرترین خوێندراو