کارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى ده‌کرێته‌ ناوه‌ندێکى گه‌وره‌ى رۆشنبیرى

12/18/2014 8:13:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

کارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى ده‌کرێته‌ ناوه‌ندێکى گه‌وره‌ى رۆشنبیرى و زۆربه‌ى ناوه‌ند و پڕۆژه‌ رۆشنبیرى و کلتورییه‌کان له‌و ناوه‌نده‌دا کۆده‌کرێته‌وه‌ .

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 18 ى کانوونى یه‌که‌مى 2014, به‌ مه‌به‌ستى له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ هه‌نگاوه‌کانى جێبه‌جێ کردنى ئه‌و پڕۆژه‌ گرنگه‌ ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى سه‌ردانى کارگه‌ى جگه‌ره‌ى کرد و هه‌ندێک له‌ به‌شه‌کانى نێو کارگه‌که‌ى به‌سه‌رکرده‌وه‌ که‌ بڕیاره‌ بکرێته‌ شوێنى گه‌له‌رى و ناوه‌ندى گرنگى رۆشنبیرى و کلتورى .
 
له‌و به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌دا قائیمقامى سلێمانى به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێ کردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى روانى و رایگه‌یاند به‌ ته‌واوبونى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پایته‌ختى رۆشنبیرى هه‌نگاوێکى گرنگتر ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌ى هێنده‌ى تر سلێمانى له‌ بوارى رۆشنبیری و که‌لتورى ده‌بێته‌ پێشه‌نگى شاره‌کانى کوردستان , هه‌روه‌ک ده‌ستخۆشى له‌ ستافى جێبه‌جێکارى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ کرد که‌ به‌وپه‌ڕى دڵسۆزى و خه‌مخۆرییه‌وه‌ کارده‌که‌ن و مه‌به‌ستیانه‌ شارێکى رۆشنبیرى گه‌وره‌ که‌ زۆربه‌ى ناوه‌نده‌ رۆشنبیرى و کلتورییه‌کان له‌ خۆبگرێت پێشکه‌شى شارى سلێمانى بکه‌ن .

ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى هه‌موو هاوکارى و کارئاسانیه‌کى خۆى بۆ سه‌رکه‌وتنى پڕۆژه‌که‌ ده‌ربڕیى و رایگه‌یاند ده‌بێت هه‌مووان کاربکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌که‌ به‌ باشترین شێوه‌ جێبه‌جێ بکرێت و وه‌ک ئه‌وه‌ى پلانى بۆ داڕێژراوه‌ ببێته‌ سه‌نته‌رێکى  رۆشنبیرى و کلتورى له‌ شارى سلێمانى .

ده‌رباره‌ى کاره‌کانى پڕۆژه‌که‌ خه‌بات عه‌بدولکه‌ریم سه‌رۆکى رێکخراوى که‌لتورى گه‌شه‌پێدانى به‌رده‌وام رایگه‌یاند پڕۆژه‌که‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت و به‌شێک له‌ رێکخراو ناوه‌نده‌ رۆشنبیرییه‌کانیش رۆڵێکى گرنگی تێدا ده‌بینن بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌که‌ ببێته‌ نمونه‌یه‌کى پێشکه‌وتوو له‌ سه‌ر ئاستى هه‌رلاێمى کوردستان و ناوچه‌که‌.
 
کارگه‌ى جگه‌ره‌ى شارى سلێمانى له‌ ساڵانى سه‌ده‌ى رابردوودا یه‌کێک بووه‌ له‌ کارگه‌ گه‌وره‌کانى هه‌رێمى کوردستان بۆ به‌رهه‌مهێنانى جگه‌ره‌ به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ى دوایدا کارگه‌که‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و بڕیاردراوه‌ شوێنه‌که‌ى بکرێته‌ ناوه‌ندێکى گه‌وره‌ى رۆشنبیرى. 


زۆرترین خوێندراو