نێچیرڤان بارزانى، پێشوازى له‌ شاندێکى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکى کرد

12/18/2014 8:21:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 18ى کانوونى یه‌که‌مى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ ‌شاندێکى چوارکه‌سیى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکى به‌ سه‌رۆکایه‌تیى به‌ڕێز کۆنگرێسمان دانا ڕۆهره‌بارچه‌ر کرد.

له‌ دیدارێکدا شاندى کۆنگرێس سوپاس و پێزانینى ئه‌مه‌ریکایان بۆ خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ى کوردستان دووپات کرده‌وه‌ که‌ بوێرانه‌ و ئازایانه‌ به‌رامبه‌ر تیرۆر و تیرۆرستان وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و توانیویانه‌ له‌ شه‌ڕێکدا خۆڕاگر بن که‌ له‌ برى هه‌موو جیهانى ئازاد ده‌کرێت. شه‌ێ‌ دژى ئه‌و تیرۆرستانه‌ى که‌ ئه‌گه‌ر باڵاده‌ست ببن، ده‌بنه‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر ته‌واوى مرۆڤایه‌تى. بۆیه‌ سوپاس و ده‌ستخۆشى و پێزانینى ئه‌مه‌ریکا و جیهانیان بۆ پێشمه‌رگه‌ى کوردستان دووپات کرده‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند هه‌ر ئه‌مه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ پێشبینى و چاوه‌ڕێ ده‌کرا که‌ وێڕاى توانا سنوورداره‌کانى، ده‌سپێشخه‌رى بخاته‌وه‌ ده‌ستى خۆیه‌وه‌.

شانده‌که‌ باسى له‌وه‌ش کرد سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمى کوردستان بۆ ئه‌وه‌یه‌ لێکۆڵێنه‌وه‌ له‌ بارودۆخ و گرفت و پێداویستییه‌کان بکه‌ن و ڕاستیى ڕه‌وشه‌که‌ وه‌ک خۆى بگه‌یه‌ننه‌ ده‌سه‌ڵاتى وڵاته‌که‌یان و ئه‌وه‌ى له‌ توانادا بێت هاوکاریى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا بکرێت. هه‌روه‌ها تیشکیان خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ ئاگادارى ئه‌وه‌ن کوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕیزى پێشه‌وه‌ى به‌ره‌نگاریدان و ڕه‌وشه‌که‌ قورسه‌، پێزانینى خۆیشیان بۆ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى که‌ پێشوازییان له‌ ئاواره‌ مه‌سیحى و ئێزدییه‌کان کردووه‌ و ئارامى و ئاسایش و بژێوى ژیانیان بۆ دابین کردوون. شانده‌که‌ هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌رێمى کوردستان و وڵاتانى دراوسێى تاوتوێ کرد.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌م سه‌ردانه‌ى شاندى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکى کرد و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ تا ئه‌م جۆره‌ سه‌ردانانه‌ زۆر بن، له‌یه‌کگه‌یشتنى زیاتر و ڕاستیى ڕه‌وشه‌که‌ وبارودۆخى هه‌رێمى کوردستان باشتر ڕوون ده‌بێته‌وه‌. هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌مه‌ریکاى کرد که‌ هێزه‌ ئاسمانییه‌کانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆرستان و پشتگیریى پێشمه‌رگه‌ به‌ کار هێنا، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ پێویستى به‌ هاوکاریى زیاتر و چه‌کى قورس و ڕاهێنان هه‌یه‌.

سه‌رۆک وه‌زیران هه‌روه‌ها باسى له‌ ڕێککه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا کرد و ڕایگه‌یاند ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ ده‌رفه‌تێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى گونجاو بۆ هه‌موو کێشه‌ سیاسى، سه‌ربازى و ئابوورییه‌کان بدۆزێته‌وه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامى سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌کانى حکوومه‌تى پێشوو هاتوونه‌ته‌وه‌ ئاراوه‌ و پشتگریى هه‌رێمى کوردستانى بۆ حکوومه‌تى فیدرال دووپات کرده‌وه‌. ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانیش له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، ڕایگه‌یاند: حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان خوازیارى په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و جیهان، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان پێویستى به‌ هاوکاریى زیاترى مرۆیى هه‌یه‌.



زۆرترین خوێندراو