به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود پێشوازى له‌ سه‌رۆک کۆمارى عێراق ده‌کات

3/2/2015 2:00:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

پێشنیوه‌ڕۆى  ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 2 ى مارسى  2015 ، به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌باره‌گاى تایبه‌تى خۆى له‌گوندى گوڵه‌خانه‌ى ده‌ڤه‌رى شاره‌زور به‌ئاماده‌بونى ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانى مه‌کته‌بى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان پێشوازى له‌ به‌رێزان فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى عێراق وه‌فدێکى هاورێی کرد  .

له‌ دیدارێکدا که‌هه‌ریه‌که‌ له‌پارێزگارى سلێمانى وسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌ن و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌بوون ، به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود به‌خێرهاتنى سه‌رۆک کۆمارى عێراق و وه‌فدى هاوڕێى کردو هیواى ده‌ربڕى ‌ سه‌ردانه‌که‌یان ببێته‌ مایه‌ى خێروخۆشى و به‌گوڕترکردنى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى له‌ئارادان بۆ زیاتر خزمه‌تکردنى ناوچه‌که‌ له‌هه‌موو رووه‌کانه‌وه‌ .

دواتر سه‌رۆک کۆمارى عێراق جارێکى تر پرسه‌وسه‌ره‌خۆشى خۆى ئاراسته‌ى محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود کرد به‌بۆنه‌ى شه‌هیدبوونى کاک عه‌تاى کوڕیانه‌وه‌ که‌له‌ شه‌ڕى رووبه‌روبونه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعشدا له‌ده‌وروبه‌رى شارى که‌رکوک گیانى خۆى به‌خشیه‌ کوردستان و پاراستنى ده‌ستکه‌وته‌کان.

هه‌رله‌دیداره‌که‌دا باس له‌ دواین بارو دۆخى سیاسى کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ کرا و تیشک خرایه‌ سه‌ر دواین گۆڕانکاریه‌کان به‌ تایبه‌تى له‌ دواى ئه‌و بارو دۆخه‌ ئه‌منیه‌ى که‌له‌لایه‌ن چه‌کداره‌کانى داعش بۆ هه‌ندێک له‌ پارێزگاکانى عێراق دروست بوو، دواتریش به‌شێک له‌و کێشانه‌ ناوچه‌ ئازاد کراوه‌کانى گرته‌وه‌و تا له‌لایه‌ن هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌وه‌  کۆنترۆڵکرانه‌وه‌ و پێشڕه‌وى به‌رچاویان به‌خۆ بینى .

هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ سه‌ر پیشتگیرى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان کرایه‌وه‌ که‌له‌سه‌نگه‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى به‌رگریدان به‌ گیانى خۆیان پارێزگارى له‌ خاکى کوردستان و سه‌روه‌ریه‌کان ده‌که‌ن و سه‌رکه‌وتنه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌یان له‌سه‌رجه‌م میحوه‌ره‌کان به‌رز نرخاند به‌تایبه‌تیش کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ى کۆبانى و وه‌ده‌رنانى چه‌کدارانى داعش له‌و شاره‌.
 
له‌لاى خۆشیه‌وه‌ سه‌رۆک کۆمارى عێراق رۆڵى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمودى به‌رز نرخاند که‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى مه‌ترسیه‌کانه‌وه‌ چووه‌ته‌ شارى که‌رکوک بۆ به‌رگرى و پاراستنى خاکى پیرۆزى کوردستانو روبه‌روبونه‌وه‌ى تیرۆرستان  وه‌ک فه‌رمانده‌یه‌ک له‌به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕه‌کان بووه‌  ،له‌وپێناوه‌ش شه‌هیدى سه‌رکرده‌ کاکه‌ عه‌تاى کوڕه‌گه‌وره‌ى کرده‌ قوربانى خاک و گه‌لى کوردو چووه‌ کاروانى نه‌مرانه‌وه‌ و سه‌روه‌ریه‌کى گه‌وره‌ى بۆ خۆیى و حزبى سۆسیالیست و گه‌لى کورد تۆمارکرد له‌مێژوودا، که‌ئه‌و هه‌ڵوێست و جوامێریه‌ جێگاى به‌رزنرخاندن و گه‌وره‌ییه‌ .
 
هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاو ڕابوون له‌ سه‌ر پاراستن و پارێزگاریکردن له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ ئازاد کراوه‌کانى کوردستان و یه‌کگوتارى هێزو لایه‌نه‌سیاسیه‌کانى کوردستان که‌زامنى پاراستن و سه‌رکه‌وتنى گه‌لى کورده‌ ،به‌پێویستیش زاندرا سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌کانى عێراق و کوردستان  تواناکانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ پاراستنى ئارامى و ئاسایشى عێراق و کوردستان و ناوچه‌که‌ش و پارێزگارى کردن له‌سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانى عێراق و روبه‌روبونه‌وه‌ى تیرۆر .

هه‌رله‌دیداره‌که‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنییه‌تى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستان له‌ قۆناغى داهاتوو و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسى و هاوکارییه‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا کرا.

له‌به‌شێکى ترى دیداره‌که‌دا تیشکخرایه‌ سه‌ر ئه‌و قه‌یرانانه‌ى که‌گه‌لى کورد له‌ماوه‌ى رابردوودا روبه‌روى بۆته‌وه‌، به‌تایبه‌تى قه‌یرانى دارایى و دواکه‌وتنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حکومه‌تى به‌غداوه‌ که‌کاریگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر ژیانى خه‌ڵک و بازارو کۆمه‌ڵگا دروستکردوه‌ ، به‌هیواى ئه‌وه‌ى رێکه‌وتنى نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا کۆتایى به‌ قه‌یران و کێشانه‌ بهێنێت و پابه‌ندبن به‌ رێکه‌وتنه‌که‌وه‌ ،له‌پێناو پاشتر کردنى گوزه‌رانى هاوڵاتیان و دۆخى عێراق به‌گشتى و کوردستان به‌تایبه‌تى وخستنه‌گه‌ڕى هه‌موو هه‌وڵێک بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ى زیاتر له‌ خواست و داواکارییه‌کانى ناوچه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ وخزمه‌تکردنى زۆرترى خه‌ڵکه‌ تێکۆشه‌ره‌که‌ى .   

له‌ کۆتایى سه‌ردانه‌که‌شدا دکتۆر فوئاد مه‌عسوم زۆر سوپاسى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمودى کرد بۆ پێشوازى و میواندارییه‌ دۆستانه‌که‌ى .


زۆرترین خوێندراو