حکومه‌تى هه‌رێم پیرۆزبایى یادى ڕاپه‌ڕین له‌ کوردستانیان ده‌کات

3/4/2015 8:36:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ساڵیادى راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌که‌ى 1991 ،پیرۆزبایى ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و سه‌رجه‌م هاووڵاتیانى کوردستان ده‌کات  ، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :

جه‌ماوه‌رى سه‌ربه‌رز و خۆڕاگرى کوردستان..
هاووڵاتیانى خۆشه‌ویست..

ئه‌مڕۆ له‌ ساته‌وه‌ختێکى هه‌ستیار و مێژووییدا، بیست و چوار ساڵ به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ى ئازارى ١٩٩١ى گه‌له‌که‌ماندا تێده‌په‌ڕێت، ساته‌وه‌ختێک که‌ کوردستانیان له‌ سه‌نگه‌رى به‌رگریدا به‌رامبه‌ر به‌ دڕنده‌ترین هێزى تاریکى ده‌جه‌نگێ، له‌ لایه‌کى دیکه‌شه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى فشارێکى زۆرى دارایى و سیاسى و جه‌نگى ده‌روونى بوونه‌ته‌وه‌.

ڕاپه‌ڕین که‌ گه‌وره‌ترین ده‌ربڕین بوو له‌ خواست و ئیراده‌ى کوردستانیان بۆ ئازادى و ڕه‌تکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دیکتاتۆرى و هه‌ژموونى خۆسه‌پاندن به‌سه‌ر ئیراده‌ى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانیماندا، بۆ ئێمه‌ هه‌ڵگرى چه‌ندین مانا و وانه‌ى به‌نرخه‌، که‌ گرنگترینیان زه‌رووره‌تى یه‌کگرتووییمانه‌، له‌گه‌ڵ هه‌بوونى ئیراده‌ى خۆڕاگرى و ڕۆحى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و به‌رخۆدان، له‌پێناوى سه‌ربه‌ستى و سه‌ربه‌رزیدا.

کوردستانیانى خۆشه‌ویست..

گیانى خۆڕاگرى و به‌ره‌نگاریى ئێوه‌، به‌ هه‌مان ڕۆحییه‌تى ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌مانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌و جه‌نگه‌ نه‌گریسه‌ى داعش له‌ لایه‌ک و ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ى له‌ لایه‌کى دیکه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان بوونه‌ته‌وه‌، گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ى دڵسۆزیتانه‌ بۆ خاک و نیشتمان و وه‌فاداریتانه‌ بۆ خوێنى شه‌هیده‌ نه‌مره‌کانمان. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌، درێژه‌پێده‌ر و شێوازێکى دیکه‌ى خه‌باتى ڕه‌واى گه‌له‌که‌مانه‌، هاوشانى خه‌باتى سیاسى و دیپلۆماسى و بنیادنان و ئاوادانکردنه‌وه‌ى کوردستان. به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ سه‌رکه‌وتن هه‌ر بۆ ئه‌م گه‌له‌ ئازادیخوازه‌یه‌، که‌ ئێستا له‌سه‌ر ئاستى جیهان خاوه‌ن ناوبانگێکى به‌رز و دۆستانێکى زۆره‌.

له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا، گه‌رمترین پیرۆزبایى ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدانى ڕێگاى ڕزگارى و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانمان و سه‌رجه‌م هاووڵاتیانى خۆڕاگر و سه‌ربه‌رزى کوردستان و ته‌واوى خوشک و برایانمان له‌ پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستان و تاراوگه‌، ده‌که‌ین.

با یادى ڕاپه‌ڕین، وره‌  و وزه‌ى زیاترمان پێ ببه‌خشێت بۆ خۆڕاگرى و پارێزگارى له‌ ئیراده‌ و خواستى نه‌ته‌وه‌ییمان.
به‌رز و شکۆدار بێت یادى ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ى گه‌له‌که‌مان..

نه‌مرى و سه‌ربه‌رزى بۆ شه‌هیدانى ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى ڕێگاى ئازادى و سه‌رفرازیى کوردستان..



ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان
4-3-2015


زۆرترین خوێندراو