په‌یامى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌ یادى ڕاپه‌ڕیندا

3/5/2015 12:19:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌یادى راپه‌رینه‌مه‌زنکه‌ى گه‌لى کورد په‌یامێک ئاراسته‌ى جه‌ماوه‌رى کوردستان ده‌کات ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :

 

به‌ناوى خوداى به‌خشنده‌ و میهره‌بان

جه‌ماوه‌رى خۆشه‌ویستى کوردستان

به‌بۆنه‌ى ساڵیادى ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ى 1991 و ئازادبوونى شاره‌کانى کوردستان له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتى به‌عسى شۆڤینیدا گه‌رمترین پیرۆزبایى خۆم ئاراسته‌ى هه‌موو هاووڵاتیانى کوردستان و خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و لایه‌نه‌ سیاسى و گشت چینوتوێژه‌کانى کوردستان ده‌که‌م. له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا سوپاسى خه‌ڵکى خۆڕاگر و شه‌هیدپه‌روه‌رى کوردستان ده‌که‌م که‌ به‌ خوێنى خۆیان پشتگیریى پێشمه‌رگه‌یان کرد و داستانى ڕاپه‌ڕینیان تۆمار کرد.

ڕاپه‌ڕین درێژه‌پێده‌رى خه‌باتى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى کوردستان و، وه‌رچه‌رخانێکى مێژوویى له‌ ژیانى گه‌لى کوردستان بوو که‌ ئازادى و ده‌ستکه‌وتى گرانبه‌هاى لێ که‌وته‌وه‌. ڕاپه‌ڕینى گه‌لى کوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌دژى زوڵم و داگیرکارییدا نیشانه‌ى به‌هێزیى ئێراده‌ى گه‌لى کوردستان بوو له‌دژى چه‌وساندنه‌وه‌ و داگیرکاریدا و، په‌یامێکیش بوو بۆ هه‌موو جیهان که‌ گه‌لى کوردستان هیچ کاتێک ژێرده‌ستى و سته‌م قبووڵ ناکات.

ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ى گه‌لى کوردستان بۆیه‌ سه‌رکه‌وت چونکه‌ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و خه‌ڵکى کوردستان یه‌کڕیز بوون و له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ردا بوون. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ مه‌زنه‌ به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى که‌ ئێمه‌ هه‌ر کات یه‌ک بووبین ده‌ستکه‌وتى مه‌زنیش بۆ گه‌له‌که‌مان به‌دیهاتوو. ئه‌گه‌ر هه‌ندێجار سه‌ربارى خه‌بات و قوربانیدانێکى زۆر، ده‌ستکه‌وت بۆ گه‌لى کوردستان به‌دینه‌هاتبێت ئه‌وه‌ ماناى به‌هێزیى دوژمنان نه‌بووه‌ به‌ڵکو نه‌بوونى یه‌کبوون و یه‌کڕیزى واى کردووه‌ ده‌ستکه‌وت بۆ گه‌لى کوردستان مسۆگه‌ر نه‌بن.

ڕاپه‌ڕین وانه‌ى یه‌کڕیزى و به‌گژهاتنه‌وه‌ى زوڵم و داگیرکارى و سه‌رکه‌وتنى گه‌له‌که‌مانه‌ و پێویسته‌ ئه‌م وانه‌یه‌ ببێته‌ سه‌رمه‌شق بۆ هه‌موو قۆناغه‌کانى خه‌باتى گه‌له‌که‌مان. ئێستایش که‌ گه‌له‌که‌مان قۆناغێکى هه‌ستیار و دژوار به‌سه‌رده‌بات و له‌گه‌ڵ تیرۆریستان له‌ شه‌ڕدایه‌ زیاتر له‌ هه‌موو کاتێک ده‌بێ ده‌ست به‌ یه‌کڕیزییه‌وه‌ بگرین و ده‌ستکه‌وته‌کان بپارێزین و سه‌رکه‌وتن بۆ گه‌له‌که‌مان مسۆگه‌ر بکه‌ین.

بژى کورد و کوردستان

نه‌مرى بۆ شه‌هیدانى ڕێگه‌ى ئازادی

مسعود بارزانی
سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان
5- 3- 2015


زۆرترین خوێندراو