وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى که‌نه‌دا گه‌یشته‌ هه‌رێم و له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى هه‌رێم کۆبۆوه‌

3/5/2015 9:47:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 5 ى مارسى  2015 ، له‌ شارى هه‌ولێر به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ ڕۆبێرت نیکڵسۆن وه‌زیرى کاروبارى ده‌ره‌وه‌ى که‌نه‌دا و شاندێکى یاوه‌رى کرد که‌ له‌ بروونۆ ساکۆمانى یاڵیۆزى که‌نه‌دا له‌ عێراق و ژماره‌یه‌ک به‌رپرس و ڕاوێژکارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى که‌نه‌دا پێکهاتبوو.

له‌ دیداره‌که‌دا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى که‌نه‌دا سوپاسى ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ى کرد که‌ له‌ خۆى و شاندى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى که‌نه‌دا کراوه‌ و له‌ وته‌یه‌کدا وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ هه‌ڕه‌شه‌کانى تیرۆریستان له‌سه‌ر ئاساییشى جیهانى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌ وڵاته‌که‌ى زۆر زوو پابه‌ندى هاوپه‌یمانێتیى نێوده‌وڵه‌تیى له‌دژى تیرۆریستان بوو و به‌ شێوه‌یه‌کى کرده‌یى به‌شدارى له‌م هاوپه‌یمانێتییه‌دا کرد. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى که‌نه‌دا پشتگیریى وڵاته‌که‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان دووپاتکرده‌وه‌ و ڕایشیگه‌یاند که‌ که‌نه‌دا به‌شێوه‌یه‌کى درێژخایه‌ن پابه‌ند و به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ هاوکاریى سه‌ربازیى و مرۆڤى بۆ هه‌رێمى کوردستان و هه‌روه‌ها له‌ ئایینده‌دا له‌ بواره‌کانى ته‌کنه‌لۆژیاى زانیارى و کشتوکاڵ و دارایى له‌گه‌ڵ کوردستاندا له‌ په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگیى درێژخایه‌ن و به‌رده‌وامدا ده‌بێت. 

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى که‌نه‌دا جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ وڵاته‌که‌ى به‌شداربوونى له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر به‌ پشکى خۆى ده‌زانێ وه‌ک به‌رپرسیارێتى پاراستنى ئاساییشى جیهانی. هه‌روه‌ها سوپاسى سه‌رۆکى هه‌رێم و گه‌لى کوردستانى کرد که‌ به‌ بێ ڕه‌چاوکردنى ئایین و نه‌ته‌وه‌ و به‌ بێ جیاوازى یارمه‌تیى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیان داوه‌ و ئه‌و بابه‌ته‌یش بووه‌ته‌ جێگه‌ى پێزانین و سه‌رسامیى جیهانیان.

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆکى هه‌رێم سوپاسى حکوومه‌ت و گه‌لى که‌نه‌داى کرد که‌ له‌ شه‌ڕى تیرۆریستاندا پشتیوانى گه‌لى کوردستان و پێشمه‌رگه‌ بوونه‌ و ئاستى هه‌ماهه‌نگى و ئه‌داى تیمه‌ سه‌ربازییه‌کانى وڵاتى که‌نه‌داى له‌م شه‌ڕه‌دا به‌ زۆر باش وه‌سفکرد و ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌ گه‌لى کوردستان هه‌رگیز ئه‌و پاڵپشتییه‌ى وڵاتى که‌نه‌دا له‌بیر ناکات و پێزانینیان بۆ پشتیوانیى گه‌لى که‌نه‌دا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانى هاوپه‌یمانیشى کرد که‌ له‌ شه‌ڕه‌که‌دا هاوکارى پێشمه‌رگه‌ بوونه‌ و ئه‌و هاوکارییه‌ى به‌ کاریگه‌ر له‌قه‌ڵه‌مدا و ئاماژه‌یشى به‌ ئاواره‌بوونى سه‌دان هه‌زار هاووڵاتى کرد که‌ له‌ ئه‌نجامى هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستان ئاواره‌ بوونه‌ و ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ گیانى خۆى به‌رگرى له‌ ئاواره‌کان کردووه‌ و ده‌یانپارێزێت و یارمه‌تیدان و حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌کانیشى به‌ ئه‌رکێکى مرۆڤى و نیشتیمانى زانی. 
سه‌رۆکى هه‌رێم  ئه‌وه‌یشى باس کرد که‌ باشترین ڕێگه‌ى بۆ هاوکاریکردنى ئاواره‌کان گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کانه‌ بۆ شوێنه‌کانیان و پاراستنیانه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌کان. له‌باره‌ى شه‌ڕى تیرۆریستانیش هێماى به‌وه‌دا که‌ پێشمه‌رگه‌ داعشى تووشى شکست کرد و ئوستووره‌ى داعشى شکاند و 15 هه‌زار کیلۆمه‌ترى چوارگۆشه‌ى له‌ژێر ده‌ستى داعش ڕزگار کردووه‌. 

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا سه‌رۆکى هه‌رێم پێشوازیى له‌ فراوانکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و که‌نه‌دا کرد له‌ بواره‌ جیاجیاکان کرد و به‌ هه‌نگاوێکى دڵخۆشکه‌رى زانی. هه‌روه‌ها وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ بوونى جالیه‌ى کوردى له‌ وڵاتى که‌نه‌دا سوپاسى گه‌لى که‌نه‌دایشى کرد که‌ له‌ ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا باوه‌شى بۆ ژماره‌یه‌کى زۆرى هاووڵاتیى کورد کردووه‌ته‌وه‌ و په‌ناى داون.


زۆرترین خوێندراو