وه‌زیرى به‌رگرى تورکیا گه‌یشته‌ هه‌رێم و ناوه‌ندى مه‌شق وراهێنانى پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌رده‌کاته‌وه‌

3/5/2015 9:50:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ 5 ى مارسى  2015 قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ عیسمه‌ت یه‌ڵماز وه‌زیرى به‌رگرى تورکیا وشاندى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیداره‌که‌دا که‌ وه‌زیرانى پێشمه‌رگه‌ وناوخۆى هه‌رێمى کوردستان ووته‌بێژى فه‌رمى حکومه‌ت وژماره‌یه‌ک له‌به‌رپرسانى حکومى هه‌ردوولا ئاماده‌ى بوون، بارودۆخى ئێستاى عیراق وهه‌رێمى کوردستان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر گفتوگۆى فراوانى له‌باره‌وه‌ کرا.

لایه‌نى تورکى ئاماژه‌یان به‌وه‌دا ئه‌وان سه‌ردانى ناوه‌ندى مه‌شق وراهێنانى پێشمه‌رگه‌یان کردووه‌ له‌سۆران بۆ ئاگاداربوون له‌به‌ڕێوه‌چوونى مه‌شقى پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا ئه‌وان هه‌وڵى فراوانترکردنى ناوه‌نده‌کان ده‌ده‌ن وله‌یارمه‌تیدانى هه‌رێمى کوردستان له‌ڕووى مرۆیى وسه‌ربازیه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بن.

وه‌زیرى به‌رگرى تورکیا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا ئاسایشى خاک وخه‌ڵکى هه‌رێم به‌ئاسایشى خۆیان ده‌زانن وئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ى تیرۆریستانى داعش به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر خۆشیان ده‌زانن و به‌پێویستیشى زانى په‌یوه‌ندیه‌کانى نێوان هه‌ردوولا له‌بوارى سیاسى وئابورى وکۆمه‌ڵایه‌تیش په‌ره‌یان پێبدرێت.

قوباد تاڵه‌بانى سوپاسى حکومه‌تى  تورکیاى کرد بۆ ئه‌و هاوکاریانه‌ وخۆشحاڵى خۆى به‌وه‌ نیشاندا که‌ ئاستى په‌یوه‌ندیه‌کان له‌ساڵانى رابردوودا پێشکه‌وتنى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ ودووپاتیکرده‌وه‌ خه‌ڵکى کوردستان چاوه‌ڕوانى په‌یوه‌ندى باشتر له‌ تورکیا ده‌کات. 


زۆرترین خوێندراو