ڕاگه‌یێندراوى سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى کرده‌وه‌ى تیرۆریستیى شارى حه‌سه‌که‌

3/22/2015 2:50:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

 سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا ئیدانه‌ى کرده‌وه‌ تیرۆرستیه‌که‌ى له‌ شارى حه‌سه‌که‌ى ڕۆژئاواى کوردستان ده‌کات ،ئه‌مه‌ده‌قه‌که‌یه‌تى :

ئێواره‌ى ڕۆژى هه‌ینیى ڕابردوو ده‌ستى چه‌په‌ڵى تیرۆریستان گه‌ییشته‌ ئاهه‌نگى نه‌ورۆزى هاووڵاتیان له‌ شارى حه‌سه‌که‌ى ڕۆژئاواى کوردستان و له‌ ئه‌نجامى دوو ته‌قینه‌وه‌دا ژماره‌یه‌کى زۆرى هاووڵاتیان شه‌هید و بریندار بوون.

له‌ کاتێکدا که‌ زۆر به‌ توندى ئیدانه‌ى ئه‌و کرده‌وه‌ ترسنۆک و قێزه‌وه‌نه‌ى تیرۆریستانى دڕنده‌ ده‌که‌ین، ڕایشیده‌گه‌یێنین که‌ تاوانى له‌م چه‌شنه‌ى تیرۆریستانى دڕنده‌ ئیراده‌ى گه‌لى کوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستان و دوژمنانى مرۆڤایه‌تى به‌هێزتر ده‌کات و ڕیزه‌کانى گه‌لى کوردستان له‌به‌رانبه‌ر دوژمنان پته‌وتر و یه‌کگرتووتر ده‌کات. 

سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ و که‌سوکارى شه‌هیدانى ئه‌م ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ ده‌که‌ین و هیواى چاکبوونه‌وه‌ى خێرایش بۆ برینداران ده‌خوازین. بۆ خوشک و براکانیشمان له‌ ڕۆژئاوا و حه‌سه‌که‌ ئه‌وه‌ دووپات ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ به‌ هه‌موو توانایه‌ک پاڵپشتى ئه‌وانین و ئاماده‌ى هه‌موو جۆره‌ هاوکارى و یارمه‌تیدانیانین.

سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان
21ـى 3ـى 2015


زۆرترین خوێندراو