خاڵه‌ سنوورییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ئێران توندوتۆڵتر ده‌کرێن

4/22/2015 6:44:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌  22 ى نیسانى 2015 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز سه‌ردار قاسمى ڕه‌زایى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌کانى پاسه‌وانیى سنوورى کۆمارى ئیسلامیى ئێران و شاندێکى باڵاى سه‌ربازیى یاوه‌رى کرد، که‌ له‌ فه‌رمانده‌کانى پاسه‌وانانى خاڵه‌ سنوورییه‌کانى ئێران و هه‌ریه‌ک له‌ لیوا عه‌بدولکه‌ریم فه‌رمانده‌ى گشتیى پاسه‌وانانى سنوورى عێراق و لیوا شێرکۆ فه‌رمانده‌ى پاسه‌وانانى سنوورى هه‌رێمى کوردستان، پێکهاتبوو.

له‌ دیدارێکدا شاندى میوان سوپاس و پێزانین و دڵخۆشیى خۆیان بۆ دیدارى سه‌رۆک وه‌زیران ده‌ربڕى و دواتر زانیارى پێویستیان ده‌رباره‌ى دۆخى خاڵه‌ سنوورییه‌کانى نێوان عێراق و ئێران به‌گشتى و سنوورى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامیى ئێران به‌تایبه‌تى دایه‌  سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێم، هه‌روه‌ها باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى و زیاتر به‌هێزکردن و توندوتۆڵکردنى ئه‌و په‌یوه‌ندیینکان کرد، به‌تایبه‌تى له‌ ڕووى زیاتر پاراستنى سنووره‌کانى نێوان هه‌ردوولاوه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ى شاندى باڵاى فه‌رمانده‌ییى پاسه‌وانیى سنوورى کۆمارى ئیسلامیى ئێران کرد و باسى له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دێرین و تۆکمه‌کانى نێوان ئێران و هه‌رێمى کوردستان کرد و به‌ په‌یوه‌ندییه‌کى ئه‌رێنى و باشى وه‌سف کرد، جه‌ختیشى له‌سه‌ر زیاتر به‌هێزکردنى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ کرده‌وه‌، به‌تایبه‌تى له‌ ڕووى تۆکمه‌کردنى ئاسایشى خاڵه‌ سنوورییه‌کانى نێوان هه‌ردوولاوه‌ و ڕێگریکردن له‌ هه‌ر حاڵه‌تێکى نه‌خوازراو که‌ له‌ سنووره‌کان دروست ببێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پشتگیریى ته‌واوى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ شاندى میوان ده‌ربڕی.


زۆرترین خوێندراو