په‌یامى حکوومه‌تى هه‌رێم له‌ یادى بۆردومانکردنى شارى قه‌ڵادزێى خۆڕاگردا

4/24/2015 12:56:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ41ساڵ به‌سه‌ر بۆردومانکردنى شارى قه‌ڵادزێى  ئازیزدا، له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمى به‌عسى عێراقى تێده‌په‌ڕێت. یادى ئه‌م شاره‌  خۆڕاگر و زیندووه‌ى که‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌ مێژووییه‌کانى بزوتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازیماندا هه‌میشه‌ له‌  به‌رخۆدان و قوربانیداندا پێشه‌نگ بووه‌. ئه‌م شاره‌ى که‌ له‌ شۆڕشى ئه‌یلوولدا له‌ میانه‌ى له‌خۆگرتنى تاکه‌ زانکۆى ئه‌و ده‌مى کوردستانه‌وه‌، ببووه‌ مه‌ڵبه‌ندى زانستیى ناوچه‌ ئازاده‌کانى شۆڕش. ئه‌مڕۆ  که‌ یادى بۆردومانکردنى شارێک و زانکۆیه‌کى شه‌هیدمان ده‌که‌ینه‌وه‌، گه‌له‌که‌مان خاوه‌نى ده‌یان زانکۆى سه‌رده‌میانه‌ و پێشکه‌وتووه‌، ئه‌م ڕاستییه‌ به‌ڵگه‌ى زیندوێتى ئه‌م گه‌له‌ و خه‌ونى هه‌میشه‌ییه‌تى بۆ پێشکه‌وتن و گه‌شه‌ و ژیانى سه‌ربه‌رزانه‌ و شارستانیانه‌.

حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان  هه‌میشه‌  ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى  کوردستانى له‌ پێشه‌وه‌ى به‌رنامه‌کارى خۆیدا داناوه‌ و به‌رده‌وام کارى بۆ کردووه‌. ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شارى قه‌ڵادزێى خۆڕاگریش ئه‌رک و ئه‌مانه‌تێکه‌ له‌ ئه‌ستۆى حکوومه‌تدا و له‌م پێناوه‌دا هه‌موو هه‌وڵێکى خۆى ده‌خاته‌ گه‌ڕ، له‌گه‌ڵ پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزاریى پێویست به‌ دانیشتوانه‌  سه‌ربه‌رزه‌که‌ى که‌ له‌م ڕۆژگاره‌دا و له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستانیشدا خاوه‌نى چه‌ندین شه‌هیدى قاره‌مانن.

خۆڕاگرى و قوربانیانى  قه‌ڵادزێ و سه‌رجه‌م شار و گونده‌کانمان هه‌مێسه‌ له‌به‌رچاومانه‌ و کارى جدیشمان بۆ سڕینه‌وه‌ى ئاسه‌واره‌ خراپه‌کانى ئه‌و کاولکاریانه‌ کردووه‌  وبه‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ری. ده‌بێ حکوومه‌تى عێراقى فیدرالیش به‌ ئه‌رکى خۆى هه‌ڵسێت له‌ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى ناوچه‌ زیانلێکه‌وتووه‌کانى کوردستان له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمى پێشوو، له‌ هه‌موو ڕوویه‌کى مادى و مه‌عنه‌وى و ژینگه‌ییه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر خه‌ونى داگیرکه‌ران و دوژمنان هه‌میشه‌ کاولکارى و سته‌مکارى بووبێت، ئه‌وا شارى قه‌ڵادزێى خۆڕاگرمان به‌ڵگه‌ى زیندووى ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ که‌ خه‌ونى گه‌له‌که‌مان هه‌میشه‌ ئاشتى و ئاوه‌دانى و پێشکه‌وتن و  ژیانى  شارستانیانه‌یه‌.

یادى شه‌هیدانى  بۆردومانکردنى قه‌ڵادزێ له‌ 1974دا و یادى شه‌هیدانى  ڕاپه‌ڕینه‌ پیرۆزه‌که‌ى ساڵى 1982ى ئه‌م شاره‌ خۆڕاگره‌،  بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ یاده‌وه‌ریى  گه‌له‌که‌ماندا ده‌مێنێته‌وه‌.

دروود بۆ گیانى پاکى شه‌هیدانى  قه‌ڵادزێى خۆڕاگر و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى کورستان.

 

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان

24-4-2015


زۆرترین خوێندراو