به‌یاننامه‌ی مه‌ڵبه‌ندی قه‌ڵادزێ (حسدک) له‌یادى 41 ساڵه‌ى بۆردومانکردنى قه‌ڵادزێ‌

4/24/2015 7:18:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

مه‌ڵه‌به‌ندى قه‌ڵادزێى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به‌بۆنه‌ى یادى 41 ساڵه‌ى بۆردومانکردنى شارى قه‌ڵادزێ به‌یاننامه‌یه‌ک بڵاو ده‌کاته‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :


به‌یاننامه‌ی مه‌ڵبه‌ندی قه‌ڵادزێى حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کورستان

جه‌ماوه‌ری سه‌ربه‌رزی  کوردستان ...
خه‌ڵکی خۆراگری قه‌لادزێ و پشده‌ر...

ئاشکرایه‌41ساڵ پێش ئێستا رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو تاوانێکی دڕندانه‌و گه‌وره‌ی ده‌رهه‌ق به‌شاری قه‌ڵادزێ  و رۆڵه‌و خوێندکارانی کوردستان ئه‌نجامدا. چونکه‌ له‌و ده‌مه‌دا که‌ رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوو نه‌خشه‌ی کوردستان به‌ته‌واوه‌تی بسڕێته‌وه‌ . خوێندنگه‌و قوتابخانه‌و زانکۆکانی کوردستانی کردبووه‌ ئامانج بۆمه‌رامه‌ تایبه‌تییه‌کانی خۆیان له‌و کاته‌شدا شاری قه‌ڵادزێ  باوه‌شی بۆناوه‌ندێکی گرنگی بواری زانست و مه‌عریفه‌ کردبووه‌وه‌. که‌ ئه‌ویش زانکۆی سلێمانی بوو. ئه‌مه‌ش وای کرد به‌عسییه‌ خوێن رێژه‌کان ، بۆردوومانی  شاری قه‌ڵادزییه‌ بکه‌ن وله‌و بۆردومانه‌دا چه‌ندین خوێندکاری زانکۆ و هاوڵاتی بێتاوان  شه‌هید بوون وخه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که‌ش ئاواره‌بوون.

جه‌ماوه‌ری تێکۆشه‌ری کوردستان ...

ئه‌مڕۆ له‌کاتێکدا یادی ئه‌و  کاره‌ساته‌  ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان روبه‌روی  شه‌ڕێکی داسه‌پاو بۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ گروپێک چه‌کداری به‌ناوى(داعش ) له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م شه‌ڕه‌ نه‌خوازراوه‌دا هێزه‌کانی  پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانی کوردستان به‌خوێنی خۆیان به‌رگری له‌خاکی پیرۆزی کوردستان  نیشتمانه‌که‌مان ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ  هاتنی چه‌کدارانی داعش بۆسنوره‌کانی کوردستان پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و هێزو لایه‌نه‌سیاسیه‌کان به‌رده‌وام  له‌به‌رگریدابوون له‌و پێناوه‌شدا چه‌ندیدن پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان گیانی خۆیان کرده‌ قوربانی و شه‌هیدبوون .خه‌ڵکی ناوچه‌ی پشده‌روو قه‌ڵادزێ  له‌م کاته‌شدا له‌ قوربانیدان و به‌رگری کردندا پێشه‌نگ بوون  زۆرێک له‌شه‌هید و برینداره‌کان له‌ده‌ڤه‌ری پیشده‌رو بتوێنن ، که‌ ئه‌مه‌ش هێمایه‌ بۆخۆنه‌ویستی و دڵسۆزیتان بۆ کوردستان.

ئێمه‌ له‌حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان  به‌ڵین دووپات ده‌که‌ینه‌وه‌ وه‌ک رابووردوو هه‌میشه‌ خۆمان به‌ پارێزه‌ری خاکی پیرۆزی کوردستان بزانین و ده‌نگمان ده‌خینه‌ پاڵ ده‌نگی جه‌ماوه‌ری قه‌ڵادزێ و ده‌وروبه‌ری له‌گه‌ڵ ته‌واوی خواست و داواکارییه‌کانتانداین. وه‌به‌پێویستی ده‌زانین که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان زیاتر ئاوڕ له‌خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌بداته‌وه‌ . ته‌واوی داخوازییه‌کانیان بۆجێبه‌جێ بکات .

شه‌کاوه‌بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان ...

سڵاو بۆجه‌ماوه‌ری تێکۆشه‌ری قه‌ڵادزێ ...


مه‌ڵبه‌ندی  قه‌ڵادزێ‌ 
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان  
      24-4-2015


زۆرترین خوێندراو