په‌یامى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى (حسدک)له‌ساڵڕۆژى بۆردومانکردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 26ى نیسانى 1974

4/25/2015 8:57:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان به‌بۆنه‌ى ساڵڕۆژى بۆردومانکردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ساڵى 1974 په‌یامێک ئاراسته‌ى خه‌ڵکى شاره‌زوورو هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان ده‌کات ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :


په‌یامى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان له‌ساڵڕۆژى بۆردومانکردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 26/4/1974


خه‌ڵکى به‌شه‌ره‌فى ناوچه‌ى شاره‌زوورو هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان

جه‌ماوه‌رى سه‌ربه‌رزو دوژمن تۆقێنى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌....

له‌ ساڵیادى بۆردومانه‌که‌ى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌چه‌کى ناپاڵمى قه‌ده‌غه‌کراودا سڵاو بۆ شه‌هیدان .. سڵاو بۆ قوربانیان .. سڵاو بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و خه‌ڵکه‌ خۆڕاگره‌که‌ى .. 

وه‌ک ئاشکرایه‌ ڕژێمى گۆڕبه‌گۆڕ له‌ جێ به‌جێ کردنى به‌نده‌کانى ڕێکه‌وتنى 11 ى ئازارى 1970 له‌گه‌ڵ گه‌له‌که‌ماندا ڕاستگۆ نه‌بوون و به‌ پلانێکى گڵاو ماوه‌یه‌کیان به‌سه‌ربرد به‌مه‌به‌ستى ڕێکخستنه‌وه‌ى  هێزه‌ به‌زیوه‌کانیان تا له‌ به‌روارى 24/4/1974 هه‌ڵمه‌تى بۆردومانى شارى قه‌لادزێ ى ده‌ست پێکردو زانکۆى سلێمانى که‌ئه‌و کات له‌و شاره‌ بوو  بویه‌ ئامانج و به‌ سه‌دان خوێندکارو هاوڵاتى بێدیفاع شه‌هیدو بریندار بوون،له‌ڕۆژى 26-4- 1974 کاتژمێر3.30 ى پاش نیوه‌ڕۆ هه‌ڵه‌بجه‌ وێستگه‌یه‌کى ترى جه‌نگ و په‌لامارى دڕندانه‌ى فاشیه‌کانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى به‌غدا بوو ،له‌لایه‌ن فڕۆکه‌ مه‌رگ هێنه‌ره‌کانى ڕژێمه‌وه‌ بۆردومانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌چه‌کى ناپاڵم کراو زیاتر له‌ 50 شه‌هید و به‌ده‌یان بریندارو به‌هه‌زاران که‌س ئاواره‌ى سنوره‌کانى ئێران بوون و ده‌روازه‌یه‌کى نوێ بۆ ماڵوێرانى کورد ده‌ستیپێکرده‌وه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌میشه‌ جێ ى سه‌رنجى دوژمنه‌کانى گه‌له‌که‌مان بوه‌و به‌عسیه‌کان دژ به‌ ویست و خواستى گه‌له‌که‌مان هه‌رچى یه‌کى پێکرابێت له‌هه‌ر کوێ یه‌کى کوردستاندا بوبێت درێغى نه‌کردووه‌و ئه‌وه‌ى نه‌یکرد بۆى نه‌کرا. له‌م یاده‌دا ستایشى خه‌ڵکى به‌شه‌ره‌فى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌که‌ین که‌ به‌رده‌وام پشت و په‌ناى شۆڕش بوون و هه‌رگیز سه‌ریان بۆ دوژمن نه‌وى نه‌کردووه‌و هه‌مووکات به‌شى شێریان له‌ قوربانییه‌کان به‌ر که‌وتووه‌،له‌م کاته‌دا که‌ به‌نێو ئه‌م یاده‌دا گوزه‌ر ده‌که‌ین هه‌رێمى کوردستان له‌ بارودۆخێکى هه‌ستیاردایه‌و شه‌ڕى نه‌گریسى داعش و قه‌یرانى دارایى به‌رۆکى گرتوین ،به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێ‌ ى دڵ‌خۆشیمانه‌ یه‌کڕیزى و ته‌بایى و یه‌ک هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌کانه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ئه‌گه‌رێکى نه‌خوازراو که‌ زیان به‌ گه‌له‌که‌مان بگه‌یه‌نێت ، ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى داعش و هاوشێوه‌کانیان ئه‌رکى هه‌موو کوردێکى به‌شه‌ره‌فه‌و دڵنیاین له‌سه‌رکه‌وتنى ئیراده‌ى میلله‌ته‌که‌مان.

ئێمه‌ له‌مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سـۆسیالست دیموکراتى کوردستان دوپاتى ده‌که‌ینه‌وه‌ ئه‌م یادانه‌ هانده‌رمان ده‌بێت بۆ به‌هێزبوونى خۆشه‌ویستیمان بۆ کوردستانى ئازیزو پشت و په‌ناى هێزى پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مان ، ده‌خوازین هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌که‌ش ئاوڕى جدى له‌ ئاوه‌دانى و بنیات نانه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.   

هه‌زاران سـڵاو له‌گیانى پاکى شه‌هیدانى 26-4-1974 ى هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى کوردو کوردستان 

سه‌رکه‌وتووبێت ئیراده‌ى به‌هێزى گه‌له‌که‌مان 


مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ 
حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان 
      25-4-2015  


زۆرترین خوێندراو