په‌یامى سه‌رۆکى هه‌رێم له‌باره‌ى گرژى و شه‌ڕى نێوان په‌که‌که‌ و حزبى دیموکرات

5/25/2015 9:25:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

 سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌هۆى ئه‌و شه‌ڕو بارگرژی و ئاڵۆزیه‌ى که‌وته‌ نێوان پارتى کرێکارانى کوردستان و حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران داوا له‌ هه‌ر دوو لا ده‌کات که‌ دان به‌خۆدابگرن و کێشه‌کان قووڵتر نه‌که‌ن و نه‌بنه‌ هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌کردنى بارگرژیى  .

ئه‌مه‌ ده‌قى په‌یامه‌که‌ى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانه‌ :


به‌ناوى خوداى به‌خشنده‌ و میهره‌بان

زۆر به‌ توندى ئیدانه‌ى ئه‌و شه‌ڕ و بارگرژییه‌ ده‌که‌م که‌ ڕۆژى 24 ى  ئایارى  2015 له‌نێوان پارتى کرێکارانى کوردستان و حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ئێراندا ڕووى داوه‌. داوا له‌ هه‌ر دوو لا ده‌که‌ین که‌ دان به‌خۆدابگرن و کێشه‌کان قووڵتر نه‌که‌ن و نه‌بنه‌ هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌کردنى بارگرژیى نێوانیان و کێشه‌کانیان له‌ڕێگه‌ى گفتوگۆ و لێکتێگه‌ییشتن چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

شه‌ڕى خۆکوژى زیانى گشت لایه‌کى تێدایه‌ و که‌سیش له‌م شه‌ڕه‌دا سه‌رکه‌وتوو نابێت. نه‌ له‌ ئاستى حزبى و نه‌ له‌ ئاستى نه‌ته‌وه‌یى هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ک له‌ گرژى و شه‌ڕى خۆکوژیدا نییه‌. پێشتر ڕامگه‌یاندووه‌ که‌ ده‌بێ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک شه‌ڕى خۆکوژى ته‌حریم بکرێت و ئێستایش به‌ هه‌مان شێوه‌ دووباره‌ى ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ نابێ شه‌ڕى خۆکوژى هه‌بێت و خوێنى کورد به‌ ده‌ستى کورد بڕژێت. پێویسته‌ لایه‌نه‌کان له‌ ئاستى به‌رپرسیارێتیى نیشتیمانى بن. هه‌ر جۆره‌ شه‌ێ‌ و پێکدانانى نێوان لایه‌نه‌ کوردییه‌کان زیان له‌ پێگه‌ و ناوبانگى گه‌لى کوردستان ده‌دات و ئاسووده‌یى و هیواى خه‌ڵکى کوردستانیش تێکده‌دات.

به‌ گشت لایه‌کیش ڕاده‌گه‌یێنین که‌ ڕێگه‌ ناده‌ین گۆڕه‌پانى کوردستان ببێته‌ شوێنى ته‌سفیه‌ى حساباتى سیاسیى لایه‌نه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتر. پێویستیشه‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌موو هه‌وڵى خۆى بخاته‌گه‌ێ‌ بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دۆخه‌که‌ و ڕێگه‌گرتن له‌ ته‌شه‌نه‌کردنى بارگرژیى نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌.

مسعود بارزانی

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان

25ـى 5ـى 2015


زۆرترین خوێندراو