نێچیرڤان بارزانی: نیگه‌رانین که‌حکومه‌تى به‌غدا پابه‌ندى ڕێککه‌وتنه‌که‌ى نییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان

5/25/2015 9:39:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ ژان کوبیس نێرده‌ى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ عێراق و شاندێکى یاوه‌رى کرد.
 
له‌ دیدارێکدا باس له‌ دوا پێشهاته‌کانى عێراق و بارودۆخى پارێزگاى ئه‌نبار و ڕه‌وشى ئه‌منیى ناوچه‌که‌ به‌ گشتى و هه‌روه‌ها ڕێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و یاساى بودجه‌ى عێراق بۆ ساڵى 2015 کرا و ئاماژه‌ به‌وه‌ درا که‌ هه‌رێمى کوردستان پابه‌ندى ڕێککه‌وتنه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى بووه‌ به‌ تایبه‌تى ئه‌و بڕگانه‌ى که‌ له‌سه‌ر هه‌رێم پێویسته‌ جێبه‌جێیان بکات.
 
لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان نیگه‌رانیى خۆى له‌وه‌ ده‌ربڕى که‌ حکوومه‌تى عێراق پابه‌ندى ڕێککه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان نه‌بووه‌ که‌ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ به‌ پشتگیرى و داواکاریى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌مه‌ریکا و بریتانیا بووه‌، بۆیه‌ داواى کرد ئه‌و سێ لایه‌نه‌ ڕۆڵى خۆیان ببینن و فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حکوومه‌تى به‌غدا تا پابه‌ندى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ و یاساى بودجه‌ بێت.
 
له‌ ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌دا باس له‌ هه‌ماهه‌نگى و هاوکاریى زیاترى نێوان ڕێکخراوه‌کانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرا به‌ تایبه‌ت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسى زیاتربوونى ڕێژه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى ده‌ستى تیرۆر و هاوکاریکردنیان. هه‌ردوولا دووپاتیان کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى زیاتر ڕۆڵى خۆى ببینێت له‌ هاوکاریکردنى داموده‌زگاکانى سه‌ر به‌ حکوومه‌تى هه‌رێم و ڕێکخراوه‌کانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ بوارى مرۆییدا کار ده‌که‌ن.


زۆرترین خوێندراو