هه‌فته‌ى ئاینده‌ په‌رله‌مان گفتوگۆ له‌سه‌ر په‌یڕه‌وى ناوخۆى خۆى ده‌کات

5/26/2015 12:03:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


لیژنه‌ى کاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان، کاره‌کانى خۆى ته‌واو کرد ‌و پرۆِژه‌یه‌کى نوێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى پێشکه‌ش به‌ سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان کرد، که‌ پێکهاتووه‌ له‌ 149 ماده‌ ‌و 12 به‌ش.

به‌یانیى ئه‌مڕۆ  26 ىئایارى ، لیژنه‌ى کاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان، له‌گه‌ڵ  ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان کۆبوونه‌وه‌ ‌و لیژنه‌که‌ پڕۆژه‌ى نوێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى پێشکه‌ش به‌ سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان کرد ‌و به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، وێڕاى ده‌ستخۆشیکردن له‌ لیژنه‌که‌ بۆ ئه‌و ئه‌رک ‌و ماندووبوونه‌یان که‌ توانیان له‌ ماوه‌یه‌کى گونجاودا کاره‌کانیان به‌ سه‌رکه‌وتوویى ته‌واو بکه‌ن رایگه‌یاند: "ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ى که‌ ئێستا به‌رکاره‌، له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى ئێستادا گونجاو نیه‌ ‌و په‌رله‌مان پێویستیى به‌ په‌یڕه‌وێک هه‌یه‌ که‌ پره‌نسیپى جیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ یه‌کتر  پیاده‌ بکات ‌و ده‌توانین بڵێین که‌ یه‌کێک له‌ شانازییه‌کانى ئه‌و خوله‌ى په‌رله‌مان نووسینه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆیه‌".

هه‌روه‌ها سه‌رۆکى په‌رله‌مان سوپاسى سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌شى کرد که‌ هاوکاریى لیژنه‌که‌ بوون له‌ ئاماده‌کردنى په‌یڕه‌وه‌که‌دا ‌و بڕیاریشیدا هه‌فته‌ى ئاینده‌ ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان به‌ مه‌به‌ستى گفتوگۆکردن ‌و په‌سندکردنی.
 
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌. دکتۆر فرسه‌ت سۆفى سه‌رۆکى لیژنه‌ى کاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان، تایبه‌ت به‌ سایتى په‌رله‌مانى کوردستان، رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ 26ى مانگ لیژنه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ته‌واو بووین، که‌ پێکهاتبوو له‌ 13 ئه‌ندام له‌ سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌ جیاوازه‌کان،پڕۆژه‌یه‌کى نوێى په‌یڕه‌وى ناوخۆمان پێشکه‌ش به‌ سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستان کرد، که‌ پێکهاتووه‌ له‌ 149 ماده‌ له‌گه‌ڵ 12  به‌ش، له‌و په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌دا هه‌وڵمان داوه‌ که‌ بڕگه‌ ‌و مادده‌کانى گونجاوبن له‌گه‌ڵ سیسته‌مى نوێى کارى په‌رله‌مانى له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ رووى یاسادانان له‌ رووى چاودێریکردن، له‌ رووى به‌ڕێوه‌بردنى کۆبوونه‌وه‌کان، لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کان، توانیمانه‌ گۆڕانکاریى جه‌وهه‌رى ئه‌نجام بده‌ین".

سه‌رۆکى لیژنه‌ى کاتى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد که‌ له‌و په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌دا کۆمه‌ڵێک ماده‌ى نوێ زیادکراون ‌و ووتى : "ده‌توانین بڵێین به‌ به‌رکارکردن ‌و په‌سه‌ندکردنى ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ خزمه‌تێکى گه‌وره‌ به‌کارى په‌رله‌مانى ده‌کرێت، له‌ رووى یاسادانان ‌و چاودێریکردن ‌و کارى په‌رله‌مانی".      

  هه‌ر له‌ لێداوانه‌که‌یدا سه‌رۆکى لیژنه‌ى کاتیى په‌یڕه‌وى ناوخۆ، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ جگه‌ له‌و ئه‌ندامانه‌ى که‌ له‌ سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌ جیاوه‌زه‌کان ئه‌ندامبوون له‌ لیژنه‌که‌، ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ خه‌ڵکى تریش هاوکاریان بوون، به‌ تایبه‌تى به‌شێک له‌ راوێژکاره‌کانى په‌رله‌مان ‌و خه‌ڵکانى خاوه‌ن ئه‌زموون له‌ ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان ‌و ووتیشى : "بۆ ئاماده‌کردنى ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌ سوودمان وه‌رگرت له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى  نزیکه‌ى 20 وڵات ‌و سه‌ردانى مه‌یدانیمان کرد بۆ وڵاتى سوید ‌و چوار رۆژ له‌وێ ماینه‌وه‌، هه‌روه‌ها سوودمان وه‌رگرت له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى ئێستا که‌ به‌رکاره‌، سوودمان وه‌رگرت له‌و پڕۆژانه‌ى که‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌ خوله‌کانى 2 ‌و 3 ئاماده‌ى کردبوون، خۆشبه‌ختانه‌ پێمان وایه‌ که‌ ئه‌مه‌ ده‌سته‌که‌وتێکى  گه‌وره‌یه‌ بۆ خولى چواره‌مى په‌رله‌مان، ئێمه‌ش وه‌کو ئه‌ندامانى لیژنه‌ هه‌ر سێزده‌مان، شانازى ده‌که‌ین که‌ توانیمان له‌ فه‌تره‌یه‌کى زه‌مه‌نیى زۆر گونجاودا کاره‌کانى په‌یڕه‌وه‌که‌ ته‌واو بکه‌ین".


زۆرترین خوێندراو