هه‌ڵه‌بجه‌ ... کۆبونه‌وه‌یه‌کى ڕاوێژکارى له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى خاتوو مه‌ریه‌م ڕێکخرا

5/27/2015 11:19:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27 ى ئایارى 2015، له‌ هۆڵى مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ئاماده‌بوونى سۆران حه‌سه‌ن به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان و پارێزگارو قائیمقامى ناوه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌و نوێنه‌رى دامو ده‌زگا حزبى و حکومیه‌کانى ده‌ڤه‌ره‌که‌و کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کى راوێژکارى له‌سه‌ر ژیانى خاتوو مه‌ریه‌م رێکخرا.

کۆبونه‌وه‌که‌له‌لایه‌ن ڕێکخراوى هه‌ڵوێست  ڕێکخرابوو بۆ وه‌رگرتنى ڕاى چین و توێژه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌ر وورده‌کارى ژیانى خاتوو مه‌ریه‌م و ئه‌و ڕێو شوێنانه‌ى گیراونه‌ته‌ به‌ر له‌مه‌ڕئه‌نجامى پشکنینه‌کان و شاد بونه‌وه‌ى به‌ خێزانه‌که‌ی. 

سه‌ره‌تا کورته‌یه‌ک له‌ سه‌ر بابه‌ته‌که‌ له‌لایه‌ن سه‌روه‌ت محه‌مه‌د چالاکوانێکى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ پێشکه‌ش کراو پاشان خاتوو مه‌ریه‌م سه‌رگوزه‌شته‌و چیرۆکى پڕ له‌ ناسۆرى خۆى بۆ ئاماده‌بوان گێڕایه‌وه‌و به‌دڵێکى پڕ و به‌ چاوێکى پڕ فرمێسکه‌وه‌ ئاواته‌ خوازه‌ که‌یسه‌که‌ى یه‌کلایى  بکرێته‌وه‌و له‌وه‌زیاتر له‌ ڕووى ده‌روونى و جه‌سته‌یى یه‌وه‌ ئازار نه‌چێژێت  و داواى هاوکارى و پشتیوانى له‌ گشت لایه‌ک کرد.

پاشان ئاماده‌بووان سه‌رنج و پێشنیارى خۆیان خسته‌ ڕوو بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ئه‌و کێشانه‌ى که‌ به‌ر له‌ که‌یسه‌که‌ ده‌گرن و کار کردن بۆ ئه‌و مناڵه‌ ونبوانه‌ى تریش که‌ تا ئێستا چاوه‌ڕێى گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆنێو باوه‌شى خانه‌واده‌کانیان  .

به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان له‌لاى خۆیه‌وه‌ هه‌موو پشتگیرى و پشتیوانیه‌کى به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود و حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستانى بۆ دوپاتکرده‌وه‌ و چه‌ندین پێشنیارى خسته‌ ڕوو به‌ ئامانجى خێراترکردنى پرۆسه‌ى پشکنینه‌کان و دروستکردنى لیژنه‌یه‌کى کارا له‌ خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ به‌دواداچوونى که‌یسه‌که‌و دروستکردنى فشار له‌سه‌ر لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار.

له‌کۆتاییدا بڕیار درا له‌ زووترین کاتدا یاداشتێک به‌ واژۆى ئاماده‌بوان بدرێته‌ سه‌رۆکایه‌تییه‌کانى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى شه‌هیدان بۆ به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنى ئه‌م که‌یسه‌ و گشت ئه‌و گرفتانه‌ى له‌و ڕوه‌وه‌ هه‌یه‌.


زۆرترین خوێندراو