تائێستا زیاتر له‌ (8) ملیار دینار بۆ شه‌هید و بریندارانى شه‌ڕى داعش خه‌رجکراوه‌

5/29/2015 5:11:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

به‌ مه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌ ره‌وشى هێزى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هید و بریندارانى شه‌ڕى داعش، پێش نیوه‌ڕۆى 28 ى ئایارى 2015  لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، له‌ هۆڵى لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ شاندێکى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ کۆبۆوه‌، که‌ پێکهاتبوو له‌ جێگرى سه‌رۆک ئه‌رکانى پێشمه‌رگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى پزیشکى گشتى و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ژمێریارى.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا له‌لایه‌ن لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى، سه‌رجه‌م ناڕه‌زایى و داواکاریى بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدان و برینداران گه‌یه‌نرایه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌.

 له‌ به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانى باڵاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ رایانگه‌یاند که‌ هاوکاریکردنى بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدان کراوه‌ و به‌رده‌وامیشه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى برینداره‌کان له‌ نه‌خۆشخانه‌ گشتى و تایبه‌ته‌کانى پارێزگاکانى هه‌رێم چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌کرێت.

هه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، رایانگه‌یاند که‌ (7) فڕۆکه‌ى تایبه‌ت کڕدراوه‌ بۆ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ بریندارانه‌ى که‌ پێویست ده‌کات ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بکرێن بۆ چاره‌سه‌رکردن، ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا که‌ ته‌نیا له‌ ( 15-7-2014   تا 27-5-2015)، بڕى (8) ملیار و (250) ملیۆن دینار بۆ هاوکاریکردنى بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدان و چاره‌سه‌رکردنى پێشمه‌رگه‌ برینداره‌کان خه‌رجکراوه‌.

ئه‌وه‌شیان راگه‌یاند که‌ له‌ سه‌ره‌تاى شه‌ڕى تیرۆریستانى داعشه‌وه‌، ئه‌و پێشمه‌رگه‌ بریندارانه‌ى پێویستییان به‌ چاره‌سه‌رکردن هه‌بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بۆ ئه‌م وڵاتانه‌ ره‌وانه‌ کراون، (لوبنان، ئیسپانیا، تورکیا، ئێران، ئه‌رده‌ن، رووسیا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، ئیمارات، چین، هیندستان)، له‌م وڵاتانه‌ش ئه‌رده‌ن نه‌خۆشخانه‌یه‌کى گه‌وره‌ى پێشکه‌ووتووى گه‌ڕۆکى ره‌وانه‌ى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ به‌ پزیشکى تایبه‌تمه‌ندى خۆیان بۆ چاره‌سه‌رکردنى برینداره‌کان.


زۆرترین خوێندراو