په‌یامى به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌ رۆژى شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان

6/26/2015 8:13:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


په‌یامى به‌رێزمحه‌مه‌د حاجى محمود له‌ رۆژى شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستاندا 
 
 حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، سه‌ر به‌رزه‌ به‌ مێژووى پڕ له‌قوربانیدان و پێشه‌نگیى نزیکه‌ى نیو سه‌ده‌ خه‌بات و فیداکارى له‌ڕیزى پێشى پێشه‌وه‌ى تێکۆشان و سه‌نگه‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى به‌رگرى و ده‌نگى بڵندى ناو ده‌نگه‌کانى جاڕى مقاوه‌مه‌ت و مانه‌وه‌و نه‌به‌زین، ئه‌مڕۆش له‌یادى شه‌هیدانى کاروانى 39 ساڵى خه‌باتدا، به‌رامبه‌ر به‌ شه‌هیدان و که‌سوکارى سه‌ربه‌رزیان و جه‌ماوه‌رى تێکۆشه‌رى کورستان به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌وه‌ستین و ئه‌و ئامانجانه‌مان به‌ گیان ڕاگرتووه‌ که‌ ئه‌وان له‌پێناویدا خوێنیان له‌ سه‌نگه‌ره‌کانى به‌رگرى و تاشه‌ به‌ردى شاخ و ئه‌شکه‌وت و پێده‌شته‌کانى کوردستان و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تیرۆرساتنى داعش ڕژا و له‌پێناویدا خۆیان و خێزان که‌سوکاریان زیندانه‌کانیان ئاوه‌دانکرده‌وه‌و گه‌یشتنه‌ پاى په‌تى سێداره‌، سه‌ر به‌زین به‌مێژوویه‌ک که‌ ته‌نها خۆمان و به‌خوێن و خه‌باتى خۆمان و بێمه‌نت و بێ ڕیا له‌ پێناو گه‌لى خۆمان و پرسێک که‌ به‌ ئیمان و باوه‌ڕى خۆمان بۆى تێکۆشاوین تۆمارمان کردووه‌و تۆمارى ده‌که‌ین. حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان هه‌ر له‌یه‌که‌م ڕۆژى دامه‌زراندنیه‌وه‌ وه‌ک ته‌حه‌ددا به‌رامبه‌ر به‌ هێزو جه‌ورى دوژمنانى کوردو کوردستان ناسراو به‌رامبه‌ر به‌ دڕنده‌ترین ڕژێم له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیدا وه‌ستا، بووه‌ ئومێدى گه‌وره‌ى گه‌ل و ڕووناکیى چاوى به‌ تۆپ و ته‌یاره‌ کوێرکراوى گوندو ئاوایى و ئه‌شکه‌وت و کانى و بن تاشه‌به‌رده‌کانى کوردستان، بۆیه‌ دوژمنانى کورد هیچ کاتێک بۆ سزادان و وێرانکردنى ئه‌م ڕێى خه‌بات و گیانبه‌خشینه‌ ده‌ستیان نه‌پاراستووه‌، به‌جۆرێک له‌ ڕۆژى 25ى حوزه‌یرانى ساڵى 1981 و به‌هۆى نامه‌یه‌کى بۆمبڕێژکراوه‌وه‌، رابه‌رو دامه‌زرێنه‌رى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان سه‌یدا ساڵح یوسفى گه‌وره‌ تێکۆشه‌رو نووسه‌رو سیاسه‌تمه‌دار و ئاشتیخوازیان شه‌هید کرد و به‌وه‌ش ویستیان له‌ لوتکه‌ى بڕیارو سه‌رکردایه‌تییه‌وه‌ ئه‌م بزاڤه‌ بوه‌ستێنن، به‌ڵام هیچ کات تێکۆشه‌ران نه‌ک نه‌یانهێشت ئه‌م ئامانجه‌ى دوژمنان بێته‌دى به‌ڵکو کردیانه‌ مه‌شخه‌ڵى ڕێ و به‌درێژایى 37 ساڵه‌ ئه‌و مێژووه‌ به‌ خوێن ده‌نووسنه‌وه‌و ئه‌مڕۆش ئه‌و مێژووه‌ گه‌وره‌ترین سامان و سه‌رمایه‌و سروودى شانازیمانه‌.

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان هه‌رله‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا ئه‌مرۆ زیاتر له‌ ٤٥٠٠ شه‌هیدى به‌خشیوه‌ به‌ خاکى پیرۆزى کوردستان ، ئه‌مرۆش زیاتر له‌ساڵێکه‌ کوردستان روبه‌روى شه‌رێکى داسه‌پاوى داعشدا بوه‌ته‌وه‌ به‌درێژایى زیاتر له‌ ١٠٠٠ کیلۆمه‌تر له‌وپێناوه‌دا هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان قاره‌مانانه‌ روبه‌روى دوژمنان بونه‌ته‌وه‌و زۆرێک له‌ خاکى پیرۆزى کوردستانیان ئازادکردوه‌و گه‌راندویانه‌ته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه‌ش به‌خوێنى نزیکه‌ى 1200 شه‌هید و بریندار بونى زیاتر له‌ 6000 پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مان تۆمارکراوه‌ و حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان بێبه‌ش نه‌بوه‌ له‌و قوربانى دانه‌ به‌ده‌یان شه‌هیدى سه‌رکرده‌و فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مانى به‌خشیه‌ خاکى پیرۆزى کوردستان و به‌ده‌یان برینداریشى هه‌یه‌ ، هه‌ربۆیه‌ حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان سه‌ربه‌رزه‌ به‌مێژووى پر لر قوربانیدان و پێشه‌نگى له‌ نزیکه‌ى نیوسه‌ده‌ خه‌بات و فیداکارى و تێکۆشان له‌ پێناو ئازادى وسه‌رفرازى یه‌کجارى بۆ میلله‌ته‌که‌مان .

جه‌ماوه‌رى کوردستان رۆژى شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، که‌ ڕۆژى یادى شه‌هیدبوونى هه‌زاران ڕۆڵه‌ى ئه‌م گه‌له‌یه‌، ئه‌مساڵ له‌کاتێکدایه‌ که‌ خه‌ون و ئامانجى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌و خه‌باتکارانى گه‌له‌که‌مان له‌به‌رده‌م دووڕیانێکى چاره‌نووس سازدایه‌و ئێمه‌ش هه‌ر هه‌ڵوێست و ده‌نگ هه‌ڵبڕینێکمان له‌سۆنگه‌ى ئه‌مه‌کدارى بۆ مێژووى خۆمان و قوربانى گه‌ل و گیانبه‌خشنیى هه‌زاران شه‌هید و زیندان و ئاواره‌یى و ڕووبارێک خوێن و فرمێسکى نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌و هیچ کاتێک دوو دڵ نین له‌ گرتنه‌به‌رى هه‌ر ڕێیه‌ک بۆ نزیکتر کردنه‌وه‌مان له‌و ئامانجانه‌ى ئه‌وان بۆى ژیان و له‌پێناویدا شه‌هید بوون. داواکاریشین جه‌ماوه‌رى گه‌ل و هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، به‌یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر پرسه‌ چاره‌نووس سازه‌کانى گه‌له‌که‌مان بوه‌ستین و پارێزگارى لێ بکه‌ین.

داواشمان له‌و حزب ولایه‌نه‌ سیاسیانه‌یه‌ که‌ حکومه‌تیان پێک هێناوه‌ هه‌روه‌ک چۆن له‌کاتى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌ گروتینه‌وه‌ به‌ڵێنیان به‌جه‌ماوه‌رى کوردستان ده‌دا به‌دابینکردنى خزمه‌تگوزاریه‌کان و ره‌فاهیه‌تى ژیان بۆ هاوڵاتیان به‌هه‌مان شێوه‌ و به‌هه‌مان رۆحیه‌ته‌وه‌ به‌ڵێنه‌کانیان ببه‌نه‌ سه‌رو هه‌وڵى چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانه‌کانى جه‌ماوه‌رى کوردستان بده‌ن له‌برى ململانێکانى نێوانیان و هه‌وڵدانى زیاتریان بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانى خۆیان که‌ ته‌نها ئه‌وه‌ش زامنى پاراستنى ده‌ستکه‌وته‌کان و گه‌یاندنیانه‌ به‌ کۆتایى ئامانج. 

داواش له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ین خزمه‌تى گه‌وره‌ترو باشتر پێشکه‌ش به‌ که‌سوکارو خانه‌واده‌ى شه‌هیدان بکات و ئه‌و مێژووه‌ گیانبازییه‌یان به‌رزو پیرۆز رابگرێت و له‌ڕێگه‌ى پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارى و دابینکردنى ژیانێکى شایسته‌تر به‌شێک له‌ نه‌هامه‌تییه‌کانى که‌سوکارى شه‌هیدان بڕه‌وێنێته‌وه‌.

هه‌رلێره‌شه‌وه‌ به‌پێویستى ده‌زانین سڵاو بنێرین بۆ ئه‌وپێشمه‌رگه‌قاره‌مانانه‌ى که‌ ئێستا له‌ به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى به‌رگریدان له‌ خاک و که‌رامه‌تى کوردستان ئێستا له‌سنوره‌کانى به‌رگرین له‌ خانه‌قینه‌وه‌تاده‌گاته‌ خاپوور ، پێویسته‌ حکومه‌تى هه‌رێم ئاورى پێویست له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان و بژێوى ژیانى خۆیان و که‌سوکاریان بداته‌وه‌ .

پیرۆزبێت 25-6 ، ڕۆژى شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کورستان
 
نه‌مرى بۆ شه‌یدانى ڕێگاى رزگاریى کوردو کوردستان

محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود 


زۆرترین خوێندراو