سه‌رۆکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ شاندێکى هاوبه‌شى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریکا کۆده‌بێته‌وه‌

6/28/2015 5:31:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 28 ى حوزه‌یرانى 2015 ،له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ شاندێکى هاوبه‌شى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریکا و ژماره‌یه‌ک کاربه‌ده‌ست و ڕاوێژکارى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق کرد.

له‌ دیداره‌که‌دا شاندى میوان ستاییشى ئه‌و پێکه‌وه‌ژیان و پێشکه‌وتنه‌یان کرد که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستاندا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و هه‌روه‌ها ڕۆڵى سه‌رۆکى هه‌رێمیان له‌ پڕۆسه‌ى سیاسى و شه‌ڕى داعش به‌رز نرخاند و سوپاسى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانیان کرد که‌ زۆر ئازایانه‌ به‌ ڕووى تیرۆریستاندا هاتوونه‌ته‌وه‌ و له‌پێناو پاراستنى هاووڵاتیان و پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌کان قوربانیى زۆریان داوه‌. سوپاسى حکوومه‌ت و گه‌لى کوردستانیشیان کرد که‌ بوونه‌ته‌ په‌ناگه‌ى سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ى سوورى و ناوخۆى عێراق و به‌ پێزانینه‌وه‌ باسى گیانى مرۆڤدۆستیى هه‌رێمى کوردستانیان کرد. شاندى میوان ئه‌وه‌یان به‌ سه‌رۆکى هه‌رێم ڕاگه‌یاند که‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا تێگه‌ییشتنێکى قووڵ هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر په‌یوه‌ندیى ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان و هاتوونه‌ که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگادارى ڕه‌وشه‌که‌ ببن و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌وڵه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ بکه‌ن و له‌باره‌ى ڕه‌وشى سیاسى و ئه‌منیى عێراق و داهاتووى ناوچه‌که‌ چه‌ند پرسیارێکیان ئاراسته‌ى سه‌رۆک بارزانى کرد.

له‌ به‌رانبه‌ردا سه‌رۆکى هه‌رێم به‌ گه‌رمى به‌خێرهاتنى شاندى میوانى کرد و سوپاسى حکوومه‌ت و گه‌لى ئه‌مه‌ریکایشى کرد که‌ له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆریستاندا پشتیوانى خه‌ڵکى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ بوونه‌. هه‌روه‌ها کورته‌یه‌کى له‌بارودۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق و سه‌رکه‌وتنه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ خسته‌ڕوو و ڕۆشنایشى خسته‌ سه‌ر بارودۆخى گشتیى ناوچه‌که‌ و ئه‌وه‌ى دووپات کرده‌وه‌ که‌ گه‌لى کوردستان بۆ پاراستنى خۆى پێویستى به‌ چه‌که‌ چونکه‌ ئێمه‌ له‌ ناوچه‌یه‌ک ده‌ژین که‌ به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ و توندڕۆیى تازه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌. په‌یوه‌ست به‌ بارودۆخى موسڵ له‌ دواى شه‌ڕى داعش سه‌رۆکى هه‌رێم ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند که‌ به‌ حوکمى ئه‌وه‌ى پێکهاته‌ى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى جۆراوجۆر له‌ نه‌ینه‌وا ده‌ژیین پێویسته‌ له‌ قۆناغى دواى داعشدا سیغه‌یه‌کى وا دابڕێژرێت که‌ هه‌موو پێکهاته‌یه‌ک له‌ ئاینده‌ى خۆى دڵنیا بێت و به‌شدارى به‌ڕێوه‌بردن و دیاریکردنى چاره‌نووسى خۆیان بن. چونکه‌ پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌کانى پارێزگاى نه‌ینه‌وا به‌ ئه‌زموونێکى زۆر تاڵدا تێپه‌ڕیون و ده‌بێ داهاتوویان گه‌ره‌نتى بکرێت.

تاوتوێکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا و هه‌روه‌ها ئایینده‌ى عێراق و ڕێگه‌کانى چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانه‌کانى عێراق ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى ئه‌م دیداره‌ بوون.


زۆرترین خوێندراو