نه‌مسا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هاوکارى مرۆیى بۆ ئاواره‌کان

6/28/2015 5:37:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


له‌میانى سه‌ردانه‌که‌ى بۆ نه‌مسا، به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ‌‌حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، فه‌لاح مسته‌فا، سه‌ردانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا کرد و به‌گه‌رمى له‌لایه‌ن سێبستیان کورتس وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا پێشوازى لێکرا.

له‌ دیدارێکدا، که‌ د. مسته‌فا ڕه‌مه‌زان نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ نه‌مسا و ژماره‌یه‌ک له‌به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و نوێنه‌رایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ نه‌مسا و به‌ڕێوبه‌رانى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ ئاماده‌بوون باس له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌نده‌کانى نێوان کۆمارى نه‌مسا و هه‌رێمى کوردستان کرا.

له‌سه‌ره‌تاى دیداره‌که‌دا به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ سوپاسى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى کرد بۆ ئه‌و به‌خێرهاتنه‌ گه‌رمه‌ و باسى له‌ په‌یوه‌ندیه‌ دۆستانه‌ى له‌ مێژینه‌ى نێوان نه‌مسا و هه‌رێمى کوردستان کرد و سه‌ردانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بۆ هه‌ولێر له‌ سه‌ره‌تایى مانگى شوباتى ئه‌مساڵ.

دواتر به‌ڕێزیان باسى له‌و بابه‌تانه‌کرد که‌ ئێستا ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان ده‌بنه‌وه‌ له‌رووى ئاسایش و مرۆیى و ئابوورى، وه‌ک ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران که‌ ڕووبان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ له‌ ئه‌نجامى کاره‌ تیرۆریستیه‌کانى گروپى داعش و تاوه‌کو ئێستا هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ ١,٨ یه‌ک ملیۆن و هه‌شت سه‌د هه‌زار ئاواره‌ى ناوخۆ و په‌نابه‌ر کردووه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ هاوکارى و پاڵپشتى ئاژانس و ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى پێداویستیه‌کانیان بۆ دابین کردوون به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى دارایى و به‌رده‌وامى شه‌ێ‌ دژى تیرۆر ئه‌م ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌ پێویستیان به‌ هاوکارى به‌رده‌وام هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیش ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ بۆ به‌رده‌وامى کاروچالاکیه‌کانیان بۆ هاوکارى ئاواره‌کان پێویستیان به‌ هاوکارى دارایى زیاتر هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها باس له‌ خه‌باتى پێشمه‌رگه‌ کرا دژى گروپى تیرۆریستى داعش و ڕێگه‌گرتن له‌ پێشڕه‌وییه‌کانى ئه‌و گروپه‌ و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ پێویستیان به‌ پاڵپشتى و هاوکارى ووڵاتانى هاوپه‌یمان هه‌یه‌ له‌ ڕووى چه‌ک و مه‌شق و چاره‌سه‌رکردنى برینداران چونکه‌ به‌شێک له‌ برینداره‌کان پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم.
په‌یوه‌ندیه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چالاکى ڕێکخراوه‌ تیرۆریستیه‌کان له‌ ناوچه‌که‌ ته‌وه‌رێکى تر دیداره‌که‌بوون.

له‌ به‌رامبه‌ردا سیباستیان کۆرتیس سوپاسى سه‌ردانه‌که‌ى به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى کردوو ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌ نه‌مسا کارده‌کات بۆ کردنه‌وه‌ى کونسوڵگه‌رى فه‌خرى ووڵاته‌که‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان ووتى نه‌مسا پابه‌نده‌ به‌ هاوکارى و پشتگیرى مرۆیى بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى دانیشتووى هه‌رێمى کوردستان ووتى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ ڕۆڵى به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش، ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین هاوکاربین له‌ چاره‌سه‌رکردنى پێشمه‌رگه‌ برینداره‌کان.

هه‌ردولا هاوڕابوون له‌سه‌ر هاندانى کۆمپانیاکانى نه‌مسا بۆ دروستکردنى په‌یوه‌ندى ئابورى و بازرگانى و پشتگیریان کرد له‌ بیرۆکه‌ى ئه‌نجامدانى کۆنفرانسێکى ئابورى بۆ له‌ یه‌کتر نزیککردنه‌وه‌ى کۆمپانیاکانى نێوان هه‌ردوولا.

له‌ کۆتایى کۆبوونه‌وه‌که‌دا کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانى بۆ ده‌زگاکانى راگه‌یاندن سازکرا له‌لایه‌ن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا و به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ که‌ تیایدا ده‌ره‌ئه‌نجامى کۆبوونه‌وه‌که‌ و پوخته‌ى گفتوگۆکان بۆ رۆژنامه‌نووسان خرانه‌ روو و وه‌ڵامى پرسیاره‌کانى رۆژنامه‌نووسان درا.



زۆرترین خوێندراو