شاندى سه‌ناتى ئه‌مه‌ریکا: پێویسته‌ به‌غدا شایسته‌کانى هه‌رێمى کوردستان دابین بکات

6/28/2015 5:43:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 28 ى حوزه‌یرانى 2015، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ تیم کاین سه‌رۆکى کۆمیته‌ى هێزه‌ چه‌کداره‌کانى سه‌ناتى ئه‌مه‌ریکا و شاندێکى یاوه‌رى کرد که‌ له‌ ئه‌ندامانى کۆمیته‌ى هێزه‌ چه‌کداره‌کان و کۆمیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى سه‌ناتى ئه‌مه‌ریکا پێکهاتبوو.

له‌ دیدارێکدا به‌ڕێز کاین خۆشحاڵیى خۆى بۆ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى و مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌که‌ى خسته‌ڕوو که‌ بۆ له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداربوونى بارودۆخى هه‌رێمى کوردستانه‌ و ده‌ستخۆشیى له‌ حکوومه‌ت و خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ى کوردستان کرد که‌ جیا له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش، پێشوازیان له‌ ژماره‌یه‌کى یه‌کجار زۆرى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران کردووه‌ و هاوکارى و خزمه‌تگوزاریى پێویستیان پێشکه‌ش کردوون.

شاندى میوان نیگه‌رانیى خۆیشى به‌رامبه‌ر پێشڕه‌وییه‌کانى تیرۆرستانى داعش و نه‌بوونى پلانێک بۆ له‌ناوبردنیان ده‌ربڕى و جه‌ختیان له‌وه‌ کرده‌وه‌ له‌ دیداره‌کانیان له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیران و به‌رپرسانى دیکه‌ى عێراق، داوا ده‌که‌ن به‌شدارییه‌کى زیاتر به‌ سوونه‌ بکرێت بۆئه‌وه‌ى بتوانن به‌ شێوه‌یه‌کى باشتر ڕووبه‌ڕووى تیرۆر ببنه‌وه‌. له‌ هه‌مان کاتدا پشتگیریى خۆیان بۆ نیگه‌رانییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌رامبه‌ر به‌غدا ده‌ربڕى و دووپاتیان کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ به‌غدا به‌پێى رێککه‌وتن و یاساکان شایسته‌ى هه‌رێمى کوردستان دابین بکات و بارقورسیى سه‌ر هه‌رێمى کوردستان که‌م بکاته‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى سه‌ردانى شاندى سه‌ناتى ئه‌مه‌ریکاى کرد و هاوکارى و هاریکارییه‌کانى خه‌ڵک و حکوومه‌تى ئه‌مه‌ریکاى بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕووى سه‌ربازى و مرۆڤییه‌وه‌ به‌رز نرخاند که‌ کاریگه‌رییه‌کى زۆرى له‌سه‌ر پاشه‌کشێ کردن به‌ تیرۆستانى داعش هه‌بوو و هیواى به‌رده‌وامى هاوکارییه‌کانى خواست به‌ تایبه‌تى له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى داواى له‌ شاندى میوان کرد له‌ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ڕۆڵ ببینن به‌ شێوه‌یه‌ک ئه‌و ئه‌رکه‌ى که‌وتۆته‌ سه‌ر شانى به‌غدا جێبه‌جێى بکات. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد که‌ هاتنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وامه‌ بۆیه‌ داواى کرد هه‌وڵى جددى بدرێت کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى هاوکارى رێکخراوه‌کانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ یه‌کگرتووه‌کان بکات تا یارمه‌تى و کۆمه‌ک بگه‌یه‌ننه‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران.

ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕا له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا و ڕه‌وشى پێشکه‌وتن و گوزه‌رانى خه‌ڵکى کوردستان و ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى له‌م قۆناغه‌دا بۆ هه‌رێمى کوردستان دروستبوون، لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوو.


زۆرترین خوێندراو