چه‌ند ماده‌یه‌ک له‌پڕۆژه‌ یاساى به‌خشین ‌و چاندنى ئه‌ندامه‌کانى له‌شى مرۆڤ په‌سند کرا

6/29/2015 5:31:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

په‌رله‌مانى کوردستان له‌ دانیشتنى ژماره‌ 18ى ئاسایى خۆیدا، هه‌شت مادده‌ى له‌ پڕۆژه‌ یاساى به‌خشین ‌و چاندنى ئه‌ندامه‌کانى له‌شى مرۆڤ په‌سند کرد.
 
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌که‌دا، که‌ به‌ ئاماده‌بوونى د.رێکه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید وه‌زیرى ته‌ندروستیى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ که‌ بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى ڕێکخستن  و چاندن و گواستنه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌کانى جه‌سته‌ى مرۆڤ، به‌پێى مادده‌کانى (72، 74و 75) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو.

دانیشتنه‌که‌ به‌ ساتێک وه‌ستان به‌ بێده‌نگى بۆ رێزلێنان له‌ گیانى پاکى شه‌هیدانى په‌لاماره‌که‌ى ئه‌مدواییه‌ى تیرۆریستانى داعش بۆ سه‌ر کۆبانێ ده‌ستیپێکرد، دواتر به‌پێى خاڵى به‌رنامه‌ى کار، له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ که‌ پێکهاتبوو له‌ لیژنه‌کانى (کاروبارى یاسایی، کاروبارى ته‌ندروستى ‌و ژینگه‌، ئه‌وقاف ‌و کاروبارى ئاینی، مافه‌کانى مرۆڤ)، ده‌قى پڕۆژه‌ یاساى ڕێکخستن  و چاندن و گواستنه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌کانى جه‌سته‌ى مرۆڤ ‌و راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌ش له‌باره‌یه‌وه‌ خوێندرانه‌وه‌ ‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌که‌وه‌ پێشنیازکرا راپۆرتى لیژنه‌که‌ بکرێته‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆکان ‌و ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ کۆى ده‌نگ په‌سند کرا.

سه‌باره‌ت به‌ ناوونیشانى پڕۆژه‌ یاساکه‌، له‌سه‌ر پێشنیازى لیژنه‌ى هاوبه‌ش ‌و به‌  زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، بوو به‌ (پڕۆژه‌ یاساى به‌خشین ‌و چاندنى ئه‌ندامه‌کانى له‌شى مرۆڤ له‌ کوردستان-عیراق).

مادده‌ى یه‌که‌مى پڕۆژه‌ یاساکه‌ش که‌ تایبه‌ت بوو به‌ زاراوه‌ ‌و پێناسه‌کان، دواى گفتوگۆکردنى له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ‌و وه‌زیرى ته‌ندروستییه‌وه‌ ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ به‌ ره‌چاوکردنى سه‌رنج ‌و تێبینى ‌و پێشنیازه‌کان، خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ کۆى ده‌نگ په‌سند کرا.

سه‌باره‌ت به‌ مادده‌کانى (2،3،4،5،6،7،8) که‌ تایبه‌ت بوون به‌ حوکمه‌ گشتییه‌کان ‌و تیایدا رێوشوێنه‌کانى چۆنیه‌تیى به‌خشین ‌و قه‌ده‌غه‌کردن ‌و ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریى گواستنه‌وه‌ ‌و چاندنى ئه‌ندامه‌کانى له‌شى مرۆڤ له‌ یه‌کێکه‌وه‌ بۆ یه‌کێکى تر به‌پێى حوکمه‌کانى ئه‌و یاسایه‌ که‌ ده‌بێت به‌ ره‌زامه‌ندیى ته‌واو ‌و به‌شێوه‌یه‌کى فه‌ڕمیى که‌سى به‌خشه‌ر بێت ‌و به‌خشه‌ر یاخود ئه‌و که‌سه‌ى که‌ یاسا پێویستیى به‌ ره‌زامه‌ندیدانى کردووه‌ له‌سه‌ر به‌خشین بۆى هه‌یه‌ به‌ر له‌ ده‌ستکردن به‌ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریییه‌که‌ له‌ به‌خشینه‌که‌ى پاشگه‌زببێته‌وه‌، هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌کردنى مامه‌ڵه‌کردنى بازرگانى به‌ هه‌ر ئه‌ندامێک له‌ ئه‌ندامه‌کانى جه‌سته‌ى مرۆڤ یان به‌شێکى یاخود یه‌کێک له‌ شانه‌کانى ‌و رێگه‌گرتن له‌ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریى چاندن له‌لایه‌ن پزیشکى تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ به‌ر له‌ ته‌واوکردنى رێکاره‌ کارگێڕى ‌و یاساییه‌کان ‌و ئاگاداربوونى که‌سى به‌خشه‌ر ‌و که‌سى وه‌رگر به‌ ئه‌نجامدانى نه‌شترگه‌ریى گواستنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى چاندن له‌ رێگه‌ى لیژنه‌ى سییانیى ده‌قنووسکراو له‌ مادده‌ى چوارده‌یه‌مى ئه‌و یاسایه‌ به‌ سروشتى نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ ‌و مه‌ترسییه‌ پێشبینیکراوه‌کانى هه‌ردووکیان له‌ مه‌وداى نزیک یان دوور ‌و وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندییان یان ره‌زامه‌ندیى جێگره‌وه‌ یان نوێنه‌رى یاسایى ئه‌که‌ر له‌ که‌سانى نالێهاته‌ یان که‌ملێهاته‌ یان وه‌سیه‌تکراو بێت، دواى گفتوگۆکردنیان به‌ جیا ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌یان به‌ ره‌چاوکردنى سه‌رنج ‌و تێبینى ‌و پێشنیازه‌کان ‌و خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌ جیا په‌سند کران.

له‌ به‌شى دووه‌مى دانیشتنى ژماره‌ 18ى ئاسایى خۆیدا، په‌رله‌مانى کوردستان چه‌ند مادده‌یه‌کى ترى له‌ پڕۆژه‌ یاساى به‌خشین ‌و چاندنى ئه‌ندامه‌کانى له‌شى مرۆڤ په‌سند کرد.

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ ، به‌شى دووه‌مى دانیشتنى ژماره‌ (18)ى ئاساییى خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو، له‌و دانیشتنه‌دا که‌ درێژه‌دان بوو به‌ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى ڕێکخستن  و چاندن و گواستنه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌کانى جه‌سته‌ى مرۆڤ، مادده‌ى نۆیه‌مى پڕۆژه‌ یاساکه‌ که‌ تیایدا هاتووه‌ ده‌کرێت بۆ پارێزگاریکردن له‌ ژیانى مرۆڤێکى زیندوو یان چاره‌سه‌رکردنى نه‌خۆشییه‌کى کوشنده‌ یان ته‌واوکردنى که‌مبوونێکى ژینه‌وه‌رى له‌ جه‌سته‌یدا، ئه‌ندامێک یان به‌شێک له‌ ئه‌ندام یان شانه‌یه‌کى جه‌سته‌ى مرۆڤێکى مردووى تێدا بچێنرێت ئه‌گه‌ر هاتوو مردووه‌که‌ به‌ر له‌ مردنى وه‌سیه‌تى ئه‌و کاره‌ى کردبێ به‌وه‌سیه‌تنامه‌یه‌کى به‌ڵگه‌دار یان جێگیرکراو له‌سه‌ر کاغه‌زێکى فه‌ڕمی، به‌پێى ئه‌و رێکارانه‌ى که‌ له‌ پێڕه‌و ‌و رێنماییه‌ ده‌رکراوه‌کاندا هاتووه‌ ‌و هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ى ئه‌ندامانى جه‌سته‌ى که‌سێکى تازه‌ مردوو به‌ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رکردن یان به‌ مه‌به‌ستى زانستى ئه‌نجام بدرێت به‌ مه‌رجى به‌ده‌ستهێنانى ره‌زامه‌ندیى نزیکترین که‌سه‌کانى تا پله‌ چوار ‌و له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌کانیشدا ده‌بێت ره‌زامه‌ندییه‌که‌ به‌ نووسراو بێت به‌ مه‌رجێک نابێ که‌سى مردوو له‌ ژیانى خۆیدا وه‌سیه‌تى کردبێ به‌وه‌ى که‌ دواى مردنى هیچ ئه‌ندامێکى جه‌سته‌ى خۆى ببه‌خشێ ‌و هه‌روه‌ها لێکۆڵینه‌وه‌ بکرێت له‌ هۆکارى مردنه‌که‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌کى پێکهاتوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ‌و تاد، دواى گفتوگۆکردن ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ى خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سند کرا. 

سه‌باره‌ته‌ به‌ مادده‌کانی(13،12،11،10)ى پڕۆژه‌ یاساکه‌ش که‌ تایبه‌ت بوون به‌ پڕۆگرامى به‌خشینى ئه‌ندامه‌کانى له‌شى مرۆڤ ‌و چاندنیان، تیایدا داواى پێکهێنانى لیژنه‌یه‌کى باڵا به‌ سه‌رۆکایه‌تیى وه‌زیرى ته‌ندروستى کراوه‌ به‌ناوى لیژنه‌ى باڵاى به‌خشین ‌و چاندنى ئه‌ندامه‌کانى له‌شى مرۆڤ که‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بێت ‌و ئه‌رکى به‌ڕێوه‌بردن ‌و رێکخستنى نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانى چاندنى ئه‌ندامه‌کان ‌و به‌شه‌کان ‌و شانه‌کان ‌و دیاریکردنى ئه‌و دامه‌زراوانه‌ى مۆڵه‌ت ده‌درێن به‌ چاندن ده‌بێت، هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتى ‌و چاودێریکردنیان ‌و ئاماده‌کردنى لیستێک به‌ ناوى ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى که‌ پێویستییان به‌ چاندن هه‌یه‌ له‌ جه‌سته‌ى مرۆڤێکى مردوو به‌ گوێره‌ى پێشه‌نگیى تۆمارکردن ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ ‌و ده‌کرێت تێچووى نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانى چاندنى ئه‌ندامه‌کانیش له‌ ئه‌ستۆى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا بێت به‌بێ به‌رامبه‌ر له‌ دامه‌زراوه‌ پزیشکییه‌ حکومییه‌کان ‌و هه‌روه‌ها مۆڵه‌تدان بۆ ماوه‌ى یه‌ک ساڵ به‌ دامه‌زراوه‌که‌ بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانى چاندنى ئه‌ندامه‌کان ‌و به‌شه‌کانى ‌و شانه‌کان ‌و تیایدا دامه‌زراوه‌که‌ش ده‌که‌وێته‌ به‌ر چاودێرى ‌و سه‌رپه‌رشتیى به‌رده‌وام، دواى گفتوگۆکردنیان ‌و به‌ جیا ‌و خستنه‌ ده‌نگدانیان به‌ جیا په‌سند کران.

به‌مجۆره‌ په‌رله‌مان کۆتایى به‌ دانیشتنه‌که‌ى هێنا ‌و بڕیاره‌ سبه‌ى کاتژمێر  10ى به‌یانى درێژه‌ به‌ دانیشتنه‌که‌ بده‌ن". 
 


زۆرترین خوێندراو