سلێمانى.. هاورده‌کردنى جگه‌رى به‌ستوو قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت

11/22/2015 4:16:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


هاورده‌کردنى جگه‌رى به‌ستوو قه‌ده‌غه‌ده‌کرێت و به‌کارهێنانى سه‌وزه‌ له‌ سه‌ره‌تاى مانگى داهاتووه‌وه‌ کراوه‌ ده‌بێت، و قائیمقامى سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت له‌ رێگه‌ى لیژنه‌کانمانه‌وه‌ چاودێرى وردى بازار و چێشتخانه‌کان  ده‌کرێت.

ئه‌مرۆ یه‌ک شه‌ممه‌ رێکه‌وتى 22 ى تشرینى دووه‌مى 2015  به‌ختیار عبدولره‌حمان قائیمقامى سلێمانى له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا به‌ ئاماده‌بوونى به‌رێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى و ڤیترنه‌رى سلێمانى رایگه‌یاند: به‌کارهێنانى جگه‌رى هاورده‌کراو له‌خواردنگه‌ و چێشتخانه‌کاندا قه‌ده‌غه‌یه‌ و ته‌نها به‌کارهێنانى جگه‌رى مریشکى خۆماڵى رێگه‌ پێدراوه‌ به‌مه‌رجێک پسوڵه‌ى کوشتارگا و فرۆشگاکه‌ى له‌سه‌ربێت.

 له‌ باره‌ى به‌کارهێنانى سه‌وزه‌ له‌ چێشتخانه‌کاندا به‌ختیار عبدالرحمن ووتى: له‌ چه‌ند مانگى رابردوودا به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشى کۆلێرا له‌ پارێزگاکانى عیراق به‌کارهێنانى سه‌وزه‌ قه‌ده‌غه‌کرا، و له‌ ئێستادا به‌ هۆى بنه‌برکردنى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ به‌کارهێنانى سه‌وزه‌ له‌ خواردنگه‌و چێشتخانه‌کاندا به‌ له‌به‌رچاوگرتنى رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان رێگه‌ پێدراوه‌.

قائیمقامى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد به‌کارهێنانى جگه‌رى خۆماڵى و هاورده‌کراو له‌ عه‌ره‌بانه‌و ده‌سگێره‌کاندا قه‌ده‌غه‌ده‌کرێت و  ئه‌وه‌شى خسته‌روو ئه‌م بریارانه‌ له‌ 1 ى کانوونى یه‌که‌مى ئه‌مساڵه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت و له‌ رێگه‌ى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانه‌وه‌ به‌رده‌وام چاودێرى وردى خواردنگه‌و چێشتخانه‌کانى شارى سلێمانى ده‌کرێت.


زۆرترین خوێندراو