بارزانى پێشوازى له‌ جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا ده‌کات

11/23/2015 2:28:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


ڕۆژى دووشه‌ممه‌ 23 ى تشرینى دووه‌مى 2015 له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ تۆنى بلینکێن جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا و شاندێکى یاوه‌رى کرد که‌ پێکهاتبوو له‌ ستیوارت جۆنز باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و ژماره‌یه‌ک ڕاوێژکارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا.

له‌ دیداره‌که‌دا جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا پیرۆزبایى سه‌رکه‌وتنه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و ئازادکردنى شه‌نگالى له‌ بارزانى کرد و ڕایگه‌یاند که‌ زۆر سه‌رسامن به‌ هه‌نگاو و پلانه‌کانى بارزانى له‌ ئۆپڕاسیۆنه‌کان و ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو که‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنه‌کانى قوربانى داوه‌ و ئه‌وه‌یان جێگه‌ى پێزانینى جیهانیانه‌. له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیشیدا باسى دوا پێشڤه‌چوونه‌کان و گۆڕانکارییه‌ مه‌یدانییه‌کانى شه‌ڕى دژى داعشى کرد له‌ عێراق و سووریا. سه‌باره‌ت به‌ پاڵپشتیکردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ وڵاته‌که‌ى له‌ پشتیوانیى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌وڵه‌کانیشى بۆ فراوانترکردنى ئه‌م پشتیوانییه‌ ده‌خاته‌گه‌ڕ.

له‌به‌رانبه‌ردا بارزانى سوپاسى پاڵپشتیى هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کان و به‌ تایبه‌ت ئه‌مه‌ریکاى کرد که‌ کاریگه‌ریى زۆرى له‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانى پێشمه‌رگه‌دا هه‌بووه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌ جیاجیاکانى ئۆپڕاسیۆنه‌کاندا هه‌ر چه‌نده‌ هاوکارییه‌ سه‌ربازییه‌کان له‌سه‌ر زه‌وى له‌ ئاستى فراوانى و سه‌ختیى شه‌ڕه‌کان نه‌بووه‌.هه‌ر له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیدا باسى له‌ ورده‌کارییه‌کانى پلانى ئازادکردنى شه‌نگال کرد که‌ زه‌برێکى گه‌وره‌ بوو به‌ر تیرۆریستانى داعش که‌وتووه‌. په‌یوه‌ست به‌ کۆتاییهێنان به‌ داعش ،بارزانى وێڕاى ئاماژه‌دان به‌وه‌ى که‌ داعش دوژمنى هاوبه‌شى هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌ و له‌هه‌ر شوێنێک ده‌رفه‌تیان هه‌بێ ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ژیانى هاووڵاتیان، جه‌ختیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وله‌وییه‌تى هه‌رێمى کوردستان شه‌ڕکردن و تێکشکاندنى داعشه‌ و پێویسته‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و هاوپه‌یمانان به‌شێوه‌یه‌کى جدیتر به‌شدار بن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش و ده‌ستى خۆیان له‌م شه‌ڕه‌دا کراوه‌تر بکه‌ن. هه‌ر له‌م دیداره‌دا بارزانى له‌ڕێى جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا سڵاو و ڕێزى تایبه‌تى خۆى بۆ سه‌رۆک و جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا نارد.

باسکردنى بارودۆخى سووریا و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانى سووریا و تێکشکاندنى تیرۆر و خستنه‌ڕووى چاره‌سه‌رى سیاسى و بۆ دواڕۆژى ئه‌م وڵاته‌ و هه‌روه‌ها پلان و هه‌وڵه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و پاراستنى شنگال و گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵکى شه‌نگال له‌ پاش ئازادکردنى چه‌ند ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوون.


زۆرترین خوێندراو