پرسى جینۆسایدى کوردستان و ژنانى ئێزدى ده‌برێته‌ په‌رله‌مان و حکومه‌تى بولگاریا

11/23/2015 2:36:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ میانه‌ى سه‌ردانێکى فه‌رمیدا بۆ وڵاتى بولگاریا، وه‌فدێکى په‌رله‌مانى کوردستان پرسى ناساندنى جینۆسایدى گه‌لى کوردستان و که‌یسى ژنانى ئێزدى و دروستکردنى په‌یوه‌ندیى نێوان په‌رله‌مانى کوردستان و په‌رله‌مانى بولغاریا تاووتوێ کرا . 

له‌ رۆژانى ١٧ بۆ 22 ى تشرینى دووه‌مى 2015  وه‌فدێکى لیژنه‌ى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، سه‌ردانى وڵاتى بولگاریاى کرد به‌ مه‌به‌ستى گه‌یاندنى پرسى جینۆسایدى گه‌لى کوردستان و ژنانى ئێزدى و دروستکردنى په‌یوه‌ندى له‌ نێوان هه‌ردوولادا.

له‌و سه‌ردانه‌دا دیدار له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان (ئیڤان ئیڤانۆڤ) و گرووپى پشتیوانى له‌ گه‌لانى عیراق له‌ په‌رله‌مانى بولغاریا کرا، که‌ پێکهاتبوون له‌ چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێک له‌ فراکسیۆنه‌ جیاجیاکانى په‌رله‌مان و سه‌رۆکى لیژنه‌ى فێرکردن و کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى ( میلینا نێدیڤا) و سکرتێرى سه‌رۆکى وڵاتى بولگاریا بۆ کاروبارى که‌لتوور و کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى (رۆمیانا کۆلارۆفا) و نوێنه‌رى هه‌ر چوار پارتى سه‌ره‌کى له‌ په‌رله‌مانى بولغاریا ( پارتى دیموکراتى بولگاریا و پارتى سۆشیالیستى بولگاریا و بزوتنه‌وه‌ى ماف و ئازادییه‌کان و پارتى لیبراڵى بولگاریا) .

پرۆگرامه‌کان بۆ شاندى به‌شداربوو له‌لایه‌ن ئاژانسى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان بۆ په‌ره‌پێدان undp له‌ چوارچێوه‌ى پرۆگرامى ( به‌شدارى له‌ حوکمڕانیى باش) رێکخرابوو، که‌ تیایدا پرسه‌کانى چۆنێتى به‌ یه‌که‌وه‌ ژیانى ئاشتییانه‌ى پێکهاته‌کانى کۆمه‌ڵگا له‌ قۆناغى راگواستن بۆ دیموکراسى و رۆڵى رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌م نێوه‌نده‌دا. 

شایانى باسه‌ شاندى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ پرسى هاوکاریى نێوان هه‌ردوو په‌رله‌مان  له‌ بواره‌کانى ناساندنى جینۆسایدى گه‌لى کوردستان و ژنانى ئێزدى و پرسى په‌ره‌پێدانى که‌رته‌کانى خوێندن و ته‌ندروستى و گه‌شتوگوزار و گرنگیى کردنه‌وه‌ى کونسوڵخانه‌ى بولگاریا له‌ کوردستان تاووتوێ کرا.


زۆرترین خوێندراو