ئه‌مه‌ریکا له‌ ڕووى چاکسازیى ئابوورییه‌وه‌ هاوکاریى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات

11/23/2015 7:51:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23 ى تشرینى دووه‌مى 2015 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ تۆنى بلینکن جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا و شاندێکى دیپلۆماسیى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکدا که‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوو، شاندى میوان پیرۆزباییى خۆیان به‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆرستانى داعش به‌تایبه‌تى له‌ ڕزگارکردنه‌وه‌ى شه‌نگال ده‌ربڕى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هێزى پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانانیان بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنى ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ به‌رز نرخاند و به‌ ده‌ستکه‌وتێکى گرنگیان وه‌سف کرد. هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیى هاوکارییه‌ سه‌ربازییه‌کانیان بۆ پێشمه‌رگه‌ و هاوکاریکردنى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شارى شه‌نگال پیشان دا که‌ به‌هۆى شه‌ڕه‌وه‌ به‌شێکى زۆرى وێران بووه‌.

بلینکن باسى له‌ سه‌ردانه‌کانى بۆ که‌مپى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌ره‌ڕاى قه‌یرانى دارایى و شه‌ڕى تیرۆرستانى داعش و ئه‌و باره‌ گرانه‌ى که‌ له‌سه‌ر شانیه‌تی، توانیویه‌تى به‌ باشترین شێوه‌ باوه‌ش بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بکاته‌وه‌ و خزمه‌تگوزاریى پێویستیان پێشکه‌ش بکات. دووپاتیشى کرده‌وه‌ که‌ له‌ ڕێگه‌ى خۆیانه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر هاوکاریى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکات تا ئه‌و باره‌ گرانه‌ى سه‌ر حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان که‌مێک سووکتر بکرێت.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى هه‌وڵه‌کانى ئه‌مه‌ریکا و پاڵپشتییان بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعش کرد که‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌نگى هێز له‌ به‌ره‌کانى شه‌ڕدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى هێزى پێشمه‌رگه‌ شکاوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها سوپاسى خه‌ڵک و حکوومه‌ت و پێشمه‌رگه‌ى کوردستانى بۆ ئه‌مه‌ریکا ده‌ربڕى که‌ له‌ سه‌ره‌تاى هێرش و مه‌ترسییه‌کانى داعشه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان هاوکار و پاڵپشتیى هه‌رێمى کوردستان بوونه‌ له‌ ڕووى سه‌ربازى و مرۆییه‌وه‌ و هیواى ئه‌وه‌شى خواست ئه‌وان له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شه‌نگال و ده‌ڤه‌ره‌ ڕزگارکراوه‌کانى دیکه‌ له‌ ده‌ستى تیرۆرستانى داعش، هاوکاریى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشى ئابووریى هه‌رێمى کوردستانیش، ئاماژه‌ى به‌وه‌ شدا که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پلانێکى بۆ ڕیفۆرم و چاکسازى له‌ بوارى ئابووریدا ئاماده‌ کردووه‌ و شاندى ئه‌مه‌ریکیش دووپاتیان کرده‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌نى پسپۆڕى و ڕاوێژکارییه‌وه‌ بۆ سه‌رخستنى ڕیفۆرمه‌کان، ده‌توانن هاوکاریى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن.

تاوتوێکردنى په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ئه‌مه‌ریکا له‌لایه‌ک و هه‌ولێر و به‌غدا له‌ لایه‌کى دیکه‌وه‌ و چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشانه‌ى له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدادا هه‌ن و بارودۆخى ناوچه‌که‌ به‌گشتی، لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوو.


زۆرترین خوێندراو