مه‌راسیمى ساڵیادى کۆچى دوایى خاتوو دانیال میتران له‌هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو

11/23/2015 8:01:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٣ ى تشرینى دووه‌مى٢٠١٥ به‌ئاماده‌بوونى به‌رێز مه‌سعود بارزانى و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیرو په‌رله‌مانتار و کونسوڵى گشتیى فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێرو نوێنه‌رى وڵاتان  مه‌راسیمى ساڵیادى کۆچى دوایى دۆستى دێرینى گه‌لى کورد، خاتوو دانیال میتران به‌رێوه‌چوو 

له‌و مه‌راسیمه‌دا که‌ له‌ژێر چاودێریى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و له‌لایه‌ن ده‌زگاى ڕۆشنبیریى و هونه‌ریى شڤان په‌روه‌ر، به‌ بۆنه‌ى چواره‌مین ساڵیادى کۆچى دوایى خاتوو دانیال میتران ڕێکخرابوو، سه‌ره‌تا به‌رێز مه‌سعود بارزانى پێشانگه‌یه‌کى فۆتۆگرافى به‌سه‌ر کرده‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵێک وێنه‌ى خاتوو دانیال میتران له‌ قۆناغه‌ جیاجیاکانى پشتگیریى ئه‌و دۆسته‌ دێرینه‌ى گه‌لى کوردستان نماییش کرابوون.

 هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا بارزانى وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى خاتوو دانیال میتران و وڵاتى فه‌ڕه‌نسا له‌ پشتگیرییکردنى گه‌لى کوردستان کرد و ڕایگه‌یاند: کورد و کوردستان قه‌رزدارى ئه‌و خاتوونه‌ین و هه‌میشه‌ یادى به‌ زیندوویى ده‌مێنێته‌وه‌.

بارزانى هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ په‌یوه‌ندیى نێوان وڵاتى فه‌ڕه‌نسا و گه‌لى کوردستان کرد و ڕایگه‌یاند: په‌یوه‌ندیى فه‌ره‌نسا و گه‌لى کوردستان له‌مێژینه‌یه‌ و هه‌میشه‌ وه‌ک دۆست و پشتیوان سه‌یرى فه‌ڕه‌نسامان کردووه‌، له‌کاتى په‌لامارى تیرۆریستان بۆسه‌ر کوردستان، سه‌رۆکى فه‌ڕه‌نسا هاته‌ هه‌ولێر، ئه‌وه‌ پشتیوانییه‌کى مه‌زن بوو بۆ گه‌لى کورستان. ئاماژه‌شى به‌وه‌ کرد که‌ په‌لاماردانى فه‌ڕه‌نسا له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ به‌هۆى ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌وه‌ بوو، هه‌ر بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ جارێکى دیکه‌ سه‌ره‌خۆشیى له‌ قوربانییانى ئه‌و کرده‌وه‌ تیرۆریستییانه‌ کرد و ڕایگه‌یاند:ئه‌و کرده‌وه‌ تیرۆریستییانه‌ ده‌ریخست که‌ تیرۆریستان دوژمنى هه‌موومانن و ده‌بێ هه‌موو جیهانى ئازاد هه‌ڵوێسته‌کانیان له‌ دژى تیرۆ یه‌ک بخه‌ن.

بارزانى ڕاشیگه‌یاند: مانه‌وه‌ى تیرۆریستان ته‌نیا کاتییه‌ و هیچ داهاتوویه‌کیان نییه‌.

هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا وتارى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ئالان گیبخات کونسوڵى گشتیى فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر و ژێلبرێت میتران کورى خاتوو میتران و چه‌ند وتاریکى تر پێشکه‌ش کران و فیلمێکى دۆکیۆمێنتارى له‌سه‌ر ژیانى خاتوو میتران و هه‌ڵوێسته‌کانى بۆ پشتگیریى گه‌لى کوردستان نماییش کرا.


زۆرترین خوێندراو