بارزانى : پێش ئازاد کردنى موسڵ ئازاد پێویسته‌ ڕێکه‌وتنێکى هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌بێت که‌ تیایدا مافى هه‌موو پێکهاته‌کان پارێزراو بێت

11/24/2015 8:02:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


ڕۆژى سێشه‌ممه‌ 24 ى تشرینى دووه‌مى 2015، له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ شاندێکى په‌رله‌مانتارانى به‌ریتانیا له‌ کۆمسیۆنى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تیى نه‌دیم زه‌هاوى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى به‌ریتانیا و شاندێکى دیپلۆماسى و پسپۆڕیى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیداره‌که‌دا سه‌رۆکى شانده‌که‌ پیرۆزبایى سه‌رکه‌وتنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و ئۆپه‌راسیۆنى ئازادکردنى شه‌نگالى له‌ بارزانى کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ جیهان به‌چاوى ڕێزه‌وه‌ سه‌یرى قاره‌مانێتى و قوربانیدانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان ده‌کات. شاندى میوان هیواى ئه‌وه‌یان خواست کێشه‌ ئابوورى و مه‌ترسییه‌کانى سه‌ر هه‌رێمى کوردستان کۆتایى بێت و خوازیارى سه‌قامگیریى زیاترى کوردستان بوون و جه‌ختیشیان له‌ پاڵپشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان کرده‌وه‌. له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌دا شاندى میوان نیگه‌رانییه‌کانى خۆیان له‌مه‌ڕپه‌ره‌سه‌ندنى تیرۆر و له‌سه‌ر ئاستى جیهاندا خسته‌ڕوو و باسیان له‌ هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ بنبڕکردنى تیرۆر کرد.

له‌به‌رانبه‌ردا بارزانى سوپاسى شاندى میوانى کرد و وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ بارودۆخى مه‌یدانیى به‌ره‌کانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و ورده‌کارییه‌کانى ئۆپه‌راسیۆنى ئازادکردنى شه‌نگال، باسى ئه‌وه‌ى کرد که‌ ئازادکردنى شه‌نگال بۆ گه‌لى کوردستان مانایه‌کى سیمبولیک و مه‌زنى هه‌بوو و بۆ داعشیش شکستێکى گه‌وره‌ و کاریگه‌ر بوو و سه‌رکه‌وتنه‌کان به‌ هیمه‌ت و قوربانیدانى پێشمه‌رگه‌ و پاڵپشتیى هاوپه‌یمانان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

بارزانى له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیدا داواى کرد که‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى جدیتر بێت و پێویسته‌ هه‌موو دنیاى ئازاد له‌ دژى تیرۆر له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ردا بن.

به‌رێز مه‌سعود بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ بیر له‌ قۆناغى دواى شکستى یه‌کجاره‌کیى تیرۆریستان بکرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تى پێش ئه‌وه‌ى موسڵ ئازاد بکرێت پێویسته‌ ڕێککه‌وتنێکى هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌بێت که‌ تیایدا مافى هه‌موو پێکهاته‌کان پارێزراو بێت و جارێکى دیکه‌ هیچ پێکهاته‌یه‌ک رووبه‌ڕووى کاره‌سات نه‌بێته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو