یونیسکۆ به‌رده‌وامى کاره‌کانى له‌پرۆژه‌کانى قه‌ڵاى هه‌ولێر دووپاتده‌کاته‌وه‌

11/26/2015 7:05:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌، پرۆژه‌کانى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى قه‌ڵاى هه‌ولێر دواکه‌وتنى زۆرى تێکه‌وتووه‌ وله‌ چه‌ندین بۆنه‌دا مه‌ترسى ده‌رهێنانى قه‌ڵا له‌ لیستى که‌له‌پوورى جیهانى و چه‌ندین جاریش مه‌ترسى له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ دووپاتکراوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها، داوا له‌ حکومه‌ت کراوه‌ له‌ هه‌ر کاتێک مه‌ترسى له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هه‌بێت رۆڵ بۆ چاره‌سه‌رکردنى ببینێت.

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دڵنیایى له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌دات و دووپاتیده‌کاته‌وه‌ هێشتا ئه‌م پرسه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ڕادیه‌ى بڵێین له‌ مه‌ترسیدایه‌ و له‌ لیستى که‌له‌پۆورى ده‌رده‌هێندرێت چونکه‌ بوژاندنه‌وه‌ى قه‌ڵا وه‌کو هه‌ر پرۆژه‌یه‌کى دیکه‌ نیه‌.

نه‌وزاد هادى پارێزگارى هه‌ولێر له‌ لێدوانێکى تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، تاوه‌کو ئێستا یونیسکۆ هیچ قسه‌یه‌کى نێگه‌تیڤى له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌کردووه‌ وچالاکیه‌کانى له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و کاره‌کان ئه‌گه‌رچى به‌ سستیش بێ به‌ڵام به‌پێى پلانى داندراو جێبه‌جێ ده‌کرێت.

پارێزگارى هه‌ولێر رونیکرده‌وه‌، یونیسکۆ ئه‌ندامه‌ له‌و لیژنه‌ تایبه‌ته‌ى بۆ بووژانه‌وه‌ى قه‌ڵاى هه‌ولێر دانراوه‌ وئه‌وانیش "ئاگادارى ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ن که‌ هه‌رێمى کوردستان پێیدا تێده‌په‌ڕێت. پرۆژه‌ى بوژاندنه‌وه‌ى قه‌ڵا که‌ پرۆژه‌یه‌کى جیهانیه‌ وبه‌ که‌له‌پوورى جیهانه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، وه‌کو پرۆژه‌یه‌کى وه‌به‌رهێنان یانیش وه‌کو دروستکردنى باڵه‌خانه‌یه‌ک سه‌یر ناکرێت."

ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو  ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌رنامه‌ى بۆ داندراوه‌ وکارى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ تیایدا به‌رده‌وامه‌ وله‌چه‌ند ساڵى رابردوودا کارى ژێرخانى تیادا به‌رده‌وام بووه‌ وچاره‌سه‌رى به‌ په‌له‌ بۆ زۆر له‌و حاڵه‌تانه‌ کراوه‌ که‌ مه‌ترسى که‌وتن و رووخانیان لێ ده‌کرا له‌ دیواره‌کانى قه‌ڵا.

هاوکات دووپاتیشیکرده‌وه‌ تا ئێستا هیچ مه‌ترسیه‌ک له‌باره‌ى ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ نیه‌ و یونیسکۆش به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌م شوێنه‌ مێژووییه‌ به‌پارێزراوى بمێنێته‌وه‌ وده‌شزانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان درێغى نه‌کردووه‌ وناکات له‌مباره‌یه‌وه‌.

کۆمیسیۆنى باڵاى بووژاندنه‌وه‌ى قه‌ڵاى هه‌ولێر له‌لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌وه‌ دووپات ده‌کاته‌وه‌، وه‌رگرتنى هه‌ر شوێنێکى مێژوویى و دانانى له‌ لیستى که‌له‌پورى جیهانى پێویستى به‌ چه‌ند مه‌رجێکى گرنگ هه‌یه‌ و ئه‌و مه‌رجانه‌ش له‌نێو قه‌ڵاى هه‌ولێردا هه‌بوون.

له‌مباره‌یه‌وه‌، دارا یه‌عقووبى سه‌رۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى بووژاندنه‌وه‌ى قه‌ڵاى هه‌ولێر له‌ لێدوانێکیدا بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، ئه‌و مه‌رجانه‌ى که‌ یونیسکۆ داواى ده‌کرد بۆ قه‌ڵاى هه‌ولێر شتى قورس نه‌بوون به‌ڵکو هه‌موو لایه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هاوڕابوون، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى که‌ چه‌ند لایه‌نه‌ک دایان بۆ سه‌رنه‌که‌وتنى پرۆژه‌که‌.

دارا یه‌عقووبى ووتی، دوو مه‌رجى سه‌ره‌کى بۆ دانانى هه‌ر شوێنه‌وارێک له‌ لیستى تایبه‌تى یونیسکۆدا پێویسته‌ ره‌چاوبکرێت، که‌ یه‌که‌میان "گرنگى شوێنه‌که‌یه‌ له‌ڕووى مێژوویى و پێگه‌ى له‌نێو ئه‌م وڵاته‌دا هه‌روه‌ها پێویسته‌ بیسه‌لمێنیت چۆن ده‌توانى بیپارێزی" .

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا ئه‌م کاره‌ ساڵانه‌ له‌لایه‌ن یونیسکۆوه‌ چاودێرى ده‌کرێت و ئه‌وان راپۆرت و تێبینى خۆیان له‌مباره‌یه‌وه‌ پێشکه‌ش ده‌که‌ن وهه‌رچیان هه‌بێ به‌شێوه‌یه‌کى راشکاوانه‌ به‌ حکومه‌تى ئه‌م وڵاتانه‌ى راده‌گه‌یه‌نن که‌ کارى تیاداده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پرۆژه‌کانى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى قه‌ڵاش وه‌ستان به‌ڵام هێشتا کار نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و راده‌یه‌ى بڵێین بارودۆخى ئه‌و پرۆژانه‌ى پلانیان بۆ داندراوه‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌، به‌ڵام لێى نزیک بووینه‌ته‌وه‌.

رونیشیکرده‌وه‌ به‌ وه‌ستانى کاره‌کان، "خانووه‌ کۆنه‌کان مه‌ترسى رووخانیان لێده‌کرێت وهێواش هێواش ره‌نگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ قه‌ڵاى جارانى ساڵى 2005 و 2006 و خانووه‌کانى ناوى هه‌مووى به‌ رووخاوى ببیندرێن."

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ حکومه‌ت له‌ پلانى خۆیدا بودجه‌یه‌کى باشى بۆ پرۆژه‌ى قه‌ڵا ته‌رخان کردبوو، به‌ڵام قه‌یرانى دارایى بووه‌ رێگر له‌م پرۆژانه‌ بۆیه‌ کۆمیسیۆنى باڵاى بووژاندنه‌وه‌ى قه‌ڵا داواى ئه‌وله‌ویه‌ت وتایبه‌تمه‌ندیه‌ک ده‌کات به‌هۆى گرنگى و پێگه‌ى مێژوویى پرۆژه‌که‌ و خودى قه‌ڵا. ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا پاره‌یه‌کى زۆر له‌مباره‌یه‌وه‌ داوانه‌کراوه‌ و ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ى داوا کرابێ زۆر که‌متر بێت له‌ بودجه‌ى هه‌ر پرۆژه‌یه‌کى دیکه‌.

به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌و باره‌، یونیسکۆ تا ئێستا به‌رده‌وامبوونى خۆى له‌ کار وچالاکیه‌کانى راگه‌یاندووه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات ئه‌و بارودۆخه‌ى کوردستان پێیدا تێده‌په‌ڕێت ئاسان نیه‌ و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ک هاوکار بن بۆ سووک کردنه‌وه‌ى بارى هه‌رێم چونکه‌ وه‌ستانى ئه‌م پرۆژانه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک تاوانى ئه‌م حکومه‌ته‌ى تیادا نیه‌.

مه‌ى شاعیر به‌ڕێوه‌به‌رى پرۆژه‌کان له‌ رێکخراوى یونیسکۆ که‌ له‌ کۆمیسیۆنى باڵاى بووژاندنه‌وه‌ى قه‌ڵاى هه‌ولێر ئه‌ندامه‌، له‌ لێدوانێکى تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وامبوونى رێکخراوه‌که‌ى له‌ کار و پرۆژه‌کانى قه‌ڵاى هه‌ولێر دووپاتکرده‌وه‌ وئاماژه‌ى به‌وه‌شدا تاوه‌کو ئێستا هیچ مه‌ترسیه‌ک له‌باره‌ى قه‌ڵاوه‌ نیه‌ له‌نێو لیسته‌که‌ى یونیسکۆ ده‌ربچێ.

شاعیر ئاماژه‌ى به‌وه‌دا "لاى هه‌مووان به‌تایبه‌تى رێکخراوى یونیسکۆ ئاشکرایه‌، بارودۆخى ئابوورى هه‌رێمى کوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌ته‌ چونکه‌ خۆى له‌ پرۆژه‌ پێشنیارکراوه‌کان نه‌دزیوه‌ته‌وه‌ وسڵى لێنه‌کردووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ حکومه‌تى هه‌رێم به‌ شێوه‌یه‌کى جدى هاوکارى جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌کانى کردووه‌ و دووپات له‌سه‌ر پلانه‌که‌ى یونیسکۆ وپابه‌ندبوون به‌ مه‌رجه‌کانى ده‌کاته‌وه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رى پرۆژه‌کان له‌ رێکخراوى یونیسکۆ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو "رێکخراوه‌که‌یان له‌ ره‌وشى ئابوورى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان تێده‌گات وهاوکاریشى ده‌کات بۆ جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌کانى قه‌ڵا به‌ڵام جارێ ناتوانین بڵێین ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ گه‌یشتۆته‌ راده‌یه‌کى مه‌ترسیدار".


زۆرترین خوێندراو