ڕێوڕه‌سمى ڕاگه‌یاندنى هه‌ڵمه‌تى نیشتمانى بۆ بنبڕکردنى توندوتیژیى دژى ژنان له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌چوو

11/26/2015 7:13:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 26 ى تشرینى دووه‌مى 2015 ، به‌ ئاماده‌بوونى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و دیپلۆماتکارانى بیانى و به‌رپرسانى حزبى و حکوومی، له‌ هۆڵى شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵا ڕێوڕه‌سمى ڕاگه‌یاندنى هه‌ڵمه‌تى نیشتمانى بۆ بنبڕکردنى توندوتیژیى دژى ژنان له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌چوو که‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمانى هه‌رێمى کوردستان ڕێکخراوه‌ و ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ له‌ کار و چالاکییه‌کانى به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا جیا له‌ پێشکه‌ش کردنى چه‌ند وتارێک له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان په‌یڤێکى پێشکه‌ش کرد و تیایدا جگه‌ له‌ ئاماژه‌دان به‌ ڕاگه‌یاندنى هه‌شته‌مین هه‌ڵمه‌تى نیشتمانى توندوتیژى دژى ژنان و ده‌ستخۆشیى کردن له‌ ئاماده‌کارانى ڕێوڕه‌سمه‌که‌، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ له‌م پێناوه‌دا حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کار و چاکییه‌کانى چڕتر ده‌کاته‌وه‌ و به‌ پێویستیشى زانى ده‌رفه‌تى زیاتر بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌ و گفتوگۆ بڕه‌خسێنرێت که‌ له‌ دواى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى کۆمه‌ڵێ ده‌سکه‌وت و کارى گرنگ له‌سه‌ر ئاستى سیاسى و یاسایی، به‌ڵام توندوتیژى کۆتایى نه‌هاتووه‌ و به‌رده‌وامه‌. بۆیه‌ ده‌بێ گفتوگۆ و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر کۆسپ و ته‌گه‌ره‌کان بکرێت.

دواتر هاته‌ سه‌ر ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ى که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ بوارى بنبڕکردنى توندوتیژیى دژى ژنان به‌ده‌ستى هێناوه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وان ئه‌و بابه‌ته‌یان له‌ سه‌ره‌وه‌ى ئه‌جێنداى کارى خۆیان داناوه‌ و به‌ بڕواوه‌ ئیشیان له‌سه‌ر کردووه‌ و چاکسازیى یاسایى و سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌تیان بۆ داڕشتووه‌ و چه‌ندین مادده‌ى یاساى سزاى عێراقى و بارى که‌سێتیش هه‌موار کراونه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یه‌کى دیکه‌ش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ په‌سه‌ند کراون به‌شێوه‌یه‌ک ئێستا له‌ هه‌رێمى کوردستان کوشتنى ژن به‌ هه‌ر پاساوێک بێت، وه‌کو هه‌موو کوشتنێکى دیکه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و فره‌ژنى به‌پێى یاسا تا ئاستێکى به‌رز سنووردار کراوه‌ و گێچه‌ڵ کردن به‌ ژن به‌ ڕێگه‌ى ته‌له‌فۆن و ته‌کنه‌لۆژیاى نوێ سزاى بۆ دانراوه‌ ئه‌مانه‌ش هه‌نگاوى سه‌رده‌مییانه‌ن بۆ پاراستنى ئافره‌ت له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و شه‌ڕپێفرۆشتن و هه‌وڵى که‌سانى به‌دکار.

له‌ سه‌ر ئاستى جێبه‌جێکردنى یاساکانیش ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ وه‌کو پێویست کار نه‌کراوه‌ و له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدان بۆ باشترکردنى میکانیزم و پرۆسه‌ى جێبه‌جێکردن. هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆیشى بۆ هه‌وڵ و تێکۆشانى کۆمه‌ڵێک ژنى چالاک و خه‌مخۆر و به‌توانا ده‌ربڕى که‌ پێداچوونه‌وه‌یان بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و یاسایانه‌ کردووه‌ و له‌ کوێدا که‌موکوڕییان به‌دى کردبێ، هه‌وڵى داڕشتنى بڕگه‌ و یاساى ئه‌لته‌رنه‌تیڤیان داوه‌ و له‌ یاداشتى تایبه‌تدا بۆ ئه‌وانیان ناردووه‌ تا کارى له‌سه‌ر بکه‌ن.

هه‌روه‌ک باسى له‌ ڕووى سیاسه‌ت و ستراتیژیى حکوومه‌ت له‌ بوارى بنبڕکردنى توندوتیژیى دژى ژنان کرد و جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ کاره‌کانیان ده‌یسه‌لمێنێت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ کرده‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کى سیسته‌ماتیک کاریان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ى کۆمه‌ڵگه‌ کردووه‌ و دامه‌زراندنى به‌ڕێوه‌یه‌رایه‌تیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى و دامه‌زراندنى چه‌نده‌ها شێڵته‌ر بۆ داڵده‌دانى ژنانى هه‌ڕه‌شه‌لێکراو و دامه‌زراندنى ئه‌نجومه‌نى باڵاى کاروبارى خانمان و بۆردى چاودێریى مافى ژنیش له‌و هه‌نگاوانه‌ن که‌ جێبه‌جێ کراون و خۆشحاڵیى خۆیشى ده‌ربڕى که‌ ئه‌م ده‌زگایانه‌ ڕۆژانه‌ کارى پێویست و گرنگ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ده‌رباره‌ى ئه‌و کۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ى که‌ له‌م بواره‌دا بۆ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دروستبوون، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ گه‌شه‌کردنى بیروباوه‌ڕى توندڕه‌وى ئایینى و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان که‌ هه‌میشه‌ به‌رامبه‌ر هه‌وڵى پێشکه‌وتوخوازان ده‌وه‌ستنه‌وه‌، ته‌حه‌دداى سه‌ره‌کى بووه‌ له‌به‌رده‌م کاره‌کانیان. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ش کرد که‌ سه‌رهه‌ڵدانى داعش و هێرشه‌کانى بۆ سه‌ر خاکى کوردستان و داگیرکردنى شنگال و شه‌ڕ له‌سه‌ر سنووره‌کانى هه‌رێم، دۆخه‌که‌ى تا ڕادده‌یه‌کى زۆر به‌ره‌و ئاڵۆزى و توندڕه‌وى بردووه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ کوردستان گه‌وره‌ترین هێز بووه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و شه‌ێ‌ له‌ دژى داعش له‌ شنگال و کۆبانێ و گوێێ‌ و مه‌خموور و تووزخورماتوو و سه‌رکه‌وتنیش له‌پاراستنى خاکى کوردستان و ڕزگارکردنى شنگال، سه‌رکه‌وتنى هێزى پێشکه‌وتوخوازه‌ به‌سه‌ر جه‌هل و تیرۆریزمدا. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که‌ داعش خۆى خزاندووه‌ته‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌ و ته‌نانه‌ت وڵاتانى ڕۆژئاواش و خانه‌ نووستووه‌کانى مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر یه‌کسانى و ئازادیى مرۆڤ و شوشتنه‌وه‌ى مێشکى گه‌نجان‌.

نیگه‌رانیى خۆیشى ده‌ربڕى که‌ به‌ناوى ئایین و له‌ مزگه‌وته‌وه‌ هه‌ندێک که‌س سووکایه‌تى به‌ژن ده‌که‌ن و ناوى چالاکوانان ده‌زڕێنن و دووپاتى کرده‌وه‌ بۆ بنبڕکردنى بیرى داعشى و توندڕه‌وى له‌ هه‌رێمى کوردستان، ده‌بێت زیاتر کار بکه‌ن و ده‌بێت مامۆستایانى ئایینیش ڕۆڵى ئه‌رێنى و ئاشتیخوازانه‌ى خۆیان بگێڕن و به‌ گوتار و کرده‌وه‌، چه‌مکه‌ سه‌رده‌مییه‌کان به‌رجه‌سته‌ بکه‌ن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ هێرشه‌کانى داعش بۆ سه‌ر خاکى کوردستان و قه‌یرانه‌کانى سووریا و عێراق، کێشه‌یه‌کى دیکه‌ى مرۆیى و گه‌وره‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان دروست کرد ئه‌ویش کێشه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان بۆته‌ شوێنى پاراستنى نزیکه‌ى ملیۆنێک و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر و توانیویانه‌ مامه‌ڵه‌یه‌کى مرۆیى و باش له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌یسه‌ بکه‌ن و شوێنى حه‌وانه‌ و خزمه‌تگوزاریى پێویستیان بۆ دابین بکه‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا فشارێکى گه‌وره‌ى له‌ ڕووى ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسییه‌وه‌ بۆ سه‌ر کوردستان دروست کردووه‌.

ئه‌وه‌شى بیرهێنایه‌وه‌ که‌ ژن و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کانیان هه‌میشه‌ قوربانیى سه‌ره‌کیى جه‌نگ و ئامانجى ده‌سته‌ و گرووپه‌ تیرۆرست و توندڕه‌وه‌کان بوون و خوشک و دایکانى ئێزیدى زه‌ره‌مه‌ندى زۆر گه‌وره‌ى ده‌ستى داعش و بیروباوه‌ڕى تیرۆریستى بوون، هه‌رچه‌ند پێشمه‌رگه‌ توانى شه‌نگال ڕزگار بکات، به‌ڵام مه‌ینه‌تى و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ى خوشک و دایکه‌ ئێزیدییه‌کان به‌مه‌ کۆتایى نایه‌ت و ده‌بێ کارى زۆر و گه‌وره‌ به‌ ئه‌ندازه‌ى گه‌وره‌ییى ئه‌و تراژیدییایه‌ ئه‌نجام بدرێت. هه‌روه‌ک دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌و کار و خزمه‌ته‌ى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆ ئازادکردنى کچان و ژنانى ئێزیدى و دابینکردنى چاره‌سه‌ر و خزمه‌تگوزارى بۆ ته‌واوى ئاواره‌ و په‌نابه‌ره‌کان، ئه‌نجامى داوه‌. هه‌روه‌ها بڕینى مووچه‌ى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌کى تاکڕه‌وانه‌ له‌ لایه‌ن حکوومه‌تى عیراقه‌وه‌، به‌ کۆسپێکى دیکه‌ى به‌رده‌وم کاره‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێم زانى که‌ زۆر هه‌وڵیان داوه‌ به‌ گفتوگۆ ئه‌م دۆخه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن و ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامن بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر.

دواتر هاته‌ سه‌ر کاریگه‌ریى کێشه‌ ناوخۆییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر کاره‌کانى حکوومه‌ت و ڕایگه‌یاند که‌ کێشه‌ و گرژییه‌کانى ناوخۆ، کاریگه‌ریى نه‌رێنییان هه‌بووه‌ و به‌ڵێنى دا که‌ هه‌میشه‌ ئاشتى و ئاسایشى کوردستان ده‌پارێزن و به‌ یه‌کگرتوویى و ته‌بایى کار ده‌که‌ن و ئه‌وان بڕوایان وایه‌ که‌ ده‌بێ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیدا، هه‌موو جیاوازییه‌ حیزبى و سیاسییه‌کان بخرێنه‌ لاوه‌ و به‌ باوه‌ڕ و ئیراده‌یه‌کى پته‌و، پێکه‌وه‌ کار بکه‌ن، چونکه‌ ئه‌م پرسه‌ به‌ ته‌نیا پرسى ژن نییه‌، به‌ڵکو پرسى هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌ و ئاشتى و ئاسایشى کوردستان به‌ ئاشتى و ئاسایشى ده‌روونى و ناوماڵ و خێزانه‌وه‌ به‌نده‌. ئه‌وه‌شى بیرهێنایه‌وه‌ که‌ هه‌ڵمه‌تى ئه‌مساڵى توندوتیژى دژى ژنان هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ بیسته‌مین ساڵیادى ''ڕاگه‌یاندنى په‌کین و پلاتفۆرمى کار'' که‌ پێشکه‌وتووترین نه‌خشه‌ڕێگاى نێوده‌وڵه‌تییه‌ به‌ره‌و دابینکردنى یه‌کسانیى جێنده‌ری. جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت کرانه‌وه‌ به‌ڕووى جیهاندا فراوانتر بکرێت و میکانیزمى نوێى کارکردن و شاره‌زایى و پسپۆڕیى زیاتر په‌یدا بکرێت تا بتوانن به‌پێى ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌، هاوتاى وڵاتانى پێشکه‌وتووى جیهان، به‌ره‌و ئاشتى و ئارامى و دادوه‌ری، هه‌نگاو بنێن.

له‌ کۆتایى قسه‌کانیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ى ئه‌مساڵ وه‌کو ساڵانى ڕابردوو دوو هه‌فته‌ ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام نابێت به‌وه‌ بوه‌ستن و ده‌بێت ڕۆژانه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کى سیسته‌ماتیک کار له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ بکه‌ن بۆ بنبڕکردنى توندوتیژیى ناو کۆمه‌ڵگه‌ و دژى ژن به‌ هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو