ڕاگه‌یه‌نراوى حکومه‌تى هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانى دارایى و پێدانى مووچه‌

2/4/2016 3:43:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌قه‌یرانى دارایى و پێدانى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران راگه‌یه‌ندراوێک بڵاو ده‌کاته‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌یه‌تى :

هاووڵاتیانى خۆشه‌ویستى کوردستان،
حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌وپه‌ڕى‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ خۆڕاگرى و به‌رگه‌گرتنى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و هاووڵاتیان و مووچه‌خۆران بۆ ئه‌م دۆخه‌ سه‌خت و قورسه‌ داراییه‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌، هه‌روها زۆر باش و به‌ نیگه‌رانییه‌کى زۆره‌وه‌ له‌ ئازار و ده‌رده‌سه‌رى و مه‌ینه‌تییه‌کانیان وه‌ک ده‌ره‌نجامى ئه‌م قه‌یرانه‌ تێده‌گات. ‌

ڕوونه‌ که‌ چه‌ند هۆکارێکى یه‌ک به‌دواى یه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئیراده‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا بوونه‌ هۆکارى دروستبوونى ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌، هه‌ر له‌ بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن حکوومه‌تى فیدرالى عیراقه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2014، تا ده‌گاته‌ داسه‌پانى شه‌ڕى تیرۆرستانى داعش و هاتنى نزیکه‌ى ملیۆنێک و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمى کوردستان، ئینجا دوایین هۆکار که‌ هه‌ره‌ کاریگه‌ر و به‌ئازارترینیانه‌، ئه‌ویش دابه‌زینى چاوه‌ڕواننه‌کراوى نرخى نه‌وت بوو له‌ بازاڕه‌کانى جیهان.

بێگومان حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان نکۆڵى له‌وه‌ش ناکات که‌ جیا له‌م هۆکارانه‌، هه‌ڵه‌ و که‌موکوڕیى کارگێڕى و داراییش، کاریگه‌رى له‌سه‌ر دروستبوونى ئه‌م دۆخه‌ داراییه‌ هه‌بووه‌. حکوومه‌ت هه‌ر زوو درکى به‌مه‌ کردووه‌، بۆیه‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵێکه‌ له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌یه‌کى چاکسازیدا کار بۆ دانانى سیسته‌مێکى کارگیڕیى داراییى تۆکمه‌ ده‌کات و هه‌فته‌ى ڕابردوو به‌ فه‌رمى به‌شێکى ڕاگه‌یه‌نرا.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروستبوونى قه‌یرانه‌که‌وه‌، حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان که‌وته‌ خۆى بۆ ئه‌وه‌ى پلانێک بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌که‌ و تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ ئاماده‌ بکات، بۆیه‌ دواى چه‌ندین مانگ له‌ کارکردن و لێکۆڵینه‌ و به‌دواداچوونى زانستیانه‌، به‌ هاوکاریى شاره‌زایان و پسپۆڕان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ ناوخۆیى و بیانییه‌کان، له‌سه‌ر بنه‌ماى زیادکردنى داهاته‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کان پلانێکى‌ هه‌نووکه‌یى بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م قه‌یرانه‌ ئاماده‌ کرد، که‌ هاوکات له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى چاکسازییه‌کى ڕاسته‌قینه‌، ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌موو ڕیگاکان و هه‌موو تواناکانى خۆى بۆ چاره‌سه‌رکردنى یه‌کجاره‌کیى ئه‌م قه‌یرانه‌ ده‌گرێته‌ به‌ر.

کرۆکى به‌رنامه‌ى پلانه‌ هه‌نووکه‌ییه‌که‌ى حکوومه‌ت که‌ ڕێکارێکى کاتییه‌ و ته‌نیا بۆ تێبه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ داراییه‌ ده‌بێت‌، بریتییه‌ له‌ پاشه‌که‌وتکردنى به‌شێکى مووچه‌ى ته‌واوى مووچه‌خۆران به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ بێجگه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ى له‌ به‌ره‌کانى جه‌نگدان و ئاسایش و سه‌قامگیریى هه‌رێم ده‌پارێزن، له‌ زۆرترین مووچه‌ زۆرترین پاشه‌که‌وت و له‌ که‌مترین مووچه‌ که‌مترین پاشه‌که‌وت ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت له‌مه‌ودوا به‌ شێوه‌یه‌کى مسۆگه‌ر مانگانه‌ له‌ کاتى خۆیدا به‌پێى‌ سیسته‌مى تازه‌ مووچه‌ دابه‌ش بکات. ئه‌و پاشه‌که‌وته‌ و ئه‌و مووچانه‌ى ساڵى ڕابردووى 2015ش که‌ نه‌دراون هه‌ر له‌سه‌ر سیسته‌مى پێشوو، وه‌ک قه‌رز لاى حکوومه‌ت ده‌مێننه‌وه‌ تا دواتر ده‌یانداته‌وه‌. 

هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێکاره‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک بڕین و که‌مکردنه‌وه‌ى مووچه‌ى که‌س نییه‌ و ناچێته‌ خانه‌ى چاکسازییه‌وه‌ و پێى ناگوترێت چاکسازى‌‌، حکوومه‌ت پلانى چاکسازیى ڕاسته‌قینه‌ش جێبه‌جێ ده‌کات که‌ به‌گشتى هه‌موو بواره‌کان و به‌تایبه‌تیش که‌رته‌کانى نه‌وت و گاز، کاره‌با و وه‌زیفه‌ى گشتى ده‌گرێته‌وه‌‌.

هاووڵاتیانى خۆشه‌ویست:
ئه‌م پلانه‌ى حکوومه‌ت بۆ تێپه‌ڕانى قه‌یرانه‌که‌، به‌ تێگه‌یشتن و هاوکارى و پشتگیریى مووچه‌خۆران و ته‌واوى هاووڵاتیان و هه‌موو لایه‌ک سه‌رده‌که‌وێت و به‌ هاوکاریى و کارى پێکه‌وه‌یى و پشت به‌ خوا و به‌ پشتیوانیى هه‌مووان، ده‌توانین سه‌رکه‌وتوانه‌ قه‌یرانه‌که‌ و ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ و قۆناغه‌که‌ش تێپه‌ڕێنین. هه‌موو لایه‌کیش دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئاسۆ و داهاتووى هه‌رێمى کوردستان و گه‌له‌که‌مان ڕووناکه‌ و وه‌ک زۆرێک له‌ قه‌یران و سه‌ختى و نه‌هامه‌تیه‌کانى دیکه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گوزه‌رێنین و ده‌گه‌ینه‌وه‌ که‌نارى ئارامى.

لێره‌دا بڕیاره‌کانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو:

1.    پیاده‌کردنى سیستمى پاشه‌که‌وتکردنى ڕێژه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ کۆى گشتیى مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان جگه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و هێزه‌کانى زێره‌ڤانى و فه‌رمانده‌ییى ئاماده‌ له‌پێناو زامنکردنى پێدانى به‌شێک له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌کان مانگانه‌ له‌ کاتى خۆیدا، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ى که‌ پاشه‌که‌وت ده‌کرێت وه‌کو مافێکى مووچه‌خۆر به‌ قه‌رز له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى تۆمار ده‌کرێت له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ى ته‌واوى ئه‌و مووچه‌ و ده‌رماڵانه‌ى مانگه‌کانى ساڵى 2015 که‌ له‌ حیسابێکى تایبه‌ت به‌ ناوى (پاشه‌که‌وتى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان) تۆمار ده‌کرێت به‌ شێوه‌یه‌کى کاتى تاوه‌کو ئاساییبوونه‌وه‌ى بارودۆخى دارایى هه‌رێمى کوردستان و له‌ به‌روارى 1/1/2016ه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت و له‌و به‌رواره‌شه‌وه‌ سه‌رجه‌م لێبڕینه‌کانى قه‌رز و پێشینه‌کانى حکوومه‌ت له‌لاى مووچه‌خۆران دوا ده‌خرێت.

2.    ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و کارمه‌ندانه‌ى که‌ ئۆتۆمبێلى گشتیى حکوومه‌تیان بۆ ته‌رخان کراوه‌ و خزمه‌تگوزارى نین، بۆ له‌مه‌ودوا ده‌بێت خۆیان سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌کانى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌توانن ئۆتۆمبێله‌کان بگه‌ڕێننه‌وه‌ و هۆکاره‌کانى گواستنه‌وه‌ى خزمه‌تگوزاریى گشتیى حکوومى وه‌ک هاوه‌ڵه‌کانى دیکه‌یان به‌کاربهێنن.

3.    پێکهێنانى لیژنه‌یه‌کى هاوبه‌ش له‌ (دیوانى چاودێریى دارایی، سکرتاریه‌تى ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ کاروبارى نه‌وت و گاز، وه‌زاره‌تى دارایى و ئابووری، وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان) به‌ مه‌به‌ستى سه‌رپه‌رشتیکردن و وردبینیکردنى گشت ژماره‌ حیسابییه‌کانى تایبه‌ت به‌ داهاته‌کانى به‌ده‌ستهاتوو له‌ گشت پرۆسه‌کانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ هاوکاریى کۆمپانیایه‌کى نێوده‌وڵه‌تیى باوه‌ڕپێکراو له‌ بوارى وردبینیى ژمێریاریى نه‌وت و گاز بۆ جیاکردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى داراییى داهاتى نه‌وت و گاز له‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان تاکو ده‌ستبه‌کاربوونى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى سندووقى داهاته‌ نه‌وتى و گازییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان. سه‌ره‌ڕاى ئه‌و لیژنه‌ وه‌زارییه‌ى که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ى پێشووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێک هێنرا و ته‌خویل کرا به‌ ناوى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ ئه‌رکى به‌ئاگابوون و چاودێریکردنى داهاته‌کان بگرێته‌ ئه‌ستۆ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵات و مافانه‌ى بۆى ده‌ستنیشان کراوه‌.

4.    بڕیاردرا گشت پرۆسه‌کانى فرۆشتن و کڕین و ئاڵوگۆڕى نه‌وتى خاو و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کان، جیا له‌و نه‌وته‌ خاوه‌ى له‌ ڕێگه‌ى بۆرى نه‌وتى کوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌کرێت، له‌ ڕێگه‌ى زیادکردنى ئاشکرا و بانگه‌وازى گشتییه‌وه‌ بێت له‌سه‌ر بنه‌ماى کێبڕکێ و ڕه‌خساندنى هه‌لى یه‌کسان بۆ کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ره‌کان به‌ گونجاوترین نرخ و باشترین کواڵیتى و نابێت به‌ هیچ پاساوێک ڕاسته‌وخۆ ئیحاله‌ى هیچ که‌س و به‌ڵێنده‌ر و کۆمپانیایه‌ک بکرێت و ده‌بێت له‌ ماوه‌ى (30) سى ڕۆژدا وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان ڕێنماییه‌کانى ئه‌م بواره‌ جێبه‌جێ بکات له‌ دواى په‌سه‌ندکردنى له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ کاروبارى نه‌وت و گازه‌وه‌ و دیوانى چاودێریى داراییش ڕۆڵى وردبینى و چاودێرى ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

5.    بڕیار درا به‌ ڕاسپاردنى وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و پارێزگاره‌کان و قایمقامه‌کان به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ژووره‌ بازرگانییه‌کان و چاودێریى بازرگانى بۆ چاودێریکردنى بازاێ‌ و دروستکردنى هاوسه‌نگى له‌ نێوان داهاتى هاووڵاتییان و نرخى کاڵا و شمه‌ک و خزمه‌تگوزارییه‌کانى ڕۆژانه‌ به‌ تایبه‌تى خۆراک و تێچووه‌کانى نۆرینگه‌کان (عیاده‌) و پشکنینى پزیشکى و نه‌شته‌رگه‌رى و ده‌رمانخانه‌ و کرێى خانوبه‌ره‌ و کرێى خوێندنى ئه‌هلى و دایه‌نگه‌کان و خزمه‌تگوزارییه‌کانى ئینته‌رنێت و نرخى کاره‌باى موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌کان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتى پێویستى دا به‌ وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و پارێزگاره‌کان.



زۆرترین خوێندراو