هه‌فته‌ى جیهانیى پێکه‌وه‌ژیان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو

2/9/2016 6:30:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ ڕێوڕه‌سمێکداهه‌فته‌ى پێکه‌وه‌ژیان که‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان هه‌موو ساڵێک له‌ ماوه‌ى یه‌ک هه‌فته‌دا له‌ چه‌ندین شار و شارۆچکه‌ى عیراقدا رێکى ده‌خات، له‌ هۆڵى شه‌هید سه‌عد عه‌بدولڵا له‌ هه‌ولێر، به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رانى ئایینه‌ جیاجیاکانى عیراق و هه‌رێمى کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانى حکومى به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ وتارێکدا، پشتیوان سادق وه‌زیرى ئه‌وقافى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ وه‌کاله‌ت دووپاتیکرده‌وه‌، هه‌میشه‌ پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌ خۆشى و ناخۆشیه‌کاندا به‌یه‌که‌وه‌ بوون و یه‌کبوونى نیشتیمانى و مرۆیى ئه‌و پێکهاتانه‌ى کوردستانیان پێکهێناوه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌کانى ژیانى کورد دا پیلانى دوژمنانى پووچه‌ڵ کردووه‌.

وه‌زیرى ئه‌وقاف به‌ وه‌کاله‌ت ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، له‌ هه‌موو شۆڕشه‌کانى کوردستان شانبه‌شانى پێشمه‌رگه‌ى موسڵمان، پێشمه‌رگه‌ى مه‌سیحى و ئێزیدى و کاکه‌یى له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ردا بوون و ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ هاتۆته‌دى به‌رهه‌مى ئه‌و پێکه‌وه‌ژیانه‌ بوو که‌ له‌ ناوچه‌که‌دا که‌م وێنه‌یه‌.

جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کرده‌وه‌ پێکه‌وه‌ژیان و ئاشتى کۆمه‌ڵایه‌تى هۆکارى سه‌ره‌کین بۆ سه‌قامگیرى وڵات. ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا ئه‌م پره‌نسیپانه‌ له‌و قۆناغه‌دا زۆر پێویستن به‌تایبه‌تى که‌ ئێستا هه‌رێمى کوردستان به‌ره‌و بڕیاردانى چاره‌نووس له‌ رێگه‌ى ریفڕاندۆمى جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت. ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو هیچ بنه‌مایه‌کى نێوده‌وڵه‌تى له‌دژى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان نیه‌ به‌ڵکو ئه‌وه‌ مافێکى سه‌ره‌کى گه‌لى کوردستانه‌ و راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر رووبه‌رى 30 ده‌وڵه‌تى ئه‌ندام له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کۆ بکرێته‌وه‌، ئنجا رووبه‌رى هه‌رێمى کوردستانى عیراق پێکدێنێت.

هاوکات ستایشى رۆڵى مامۆستا و پیاوانى ئایینى کرد بۆ زیاتر به‌هێزکردنى گیانى پێکه‌وه‌ژیان و هه‌ستى نیشتیمانى له‌نێو خه‌ڵکى کوردستاندا به‌ تایبه‌تى له‌ شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆریستانى داعش.

پاشان مه‌ڕوان عه‌لى به‌ڕێوه‌به‌رى کاروبارى سیاسى له‌ نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ وته‌یه‌کدا ستایشى رۆڵى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانى کرد له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعش و تۆمارکردنى چه‌ندین سه‌رکه‌وتن و ئازادکردنى به‌شێکى زۆرى ئه‌و ناوچانه‌ى له‌به‌رده‌ستى داعشدا بوون.

هه‌روه‌ها سوپاسى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیشى کرد بۆ پێشوازیکردن له‌ ژماره‌یه‌کى زۆرى ئاواره‌ و په‌نابه‌ر به‌ جیاوازى ئایین و نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌به‌وه‌ له‌ شار و شارۆچکه‌کانى عیراقه‌وه‌. دووپاتیشیکرده‌وه‌ کوردستان له‌ ریزبه‌ندى یه‌که‌مى به‌رگریکاره‌ سه‌خته‌کانه‌ له‌ مرۆڤایه‌تى و پێکه‌وه‌ژیان له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆریستانى داعش.

هه‌ر له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا چه‌ندین پانێڵى جیاجیا له‌لایه‌ن نوێنه‌رانى ئایینه‌کانى هه‌رێمى کوردستان پێشکه‌ش کرا و هه‌ر یه‌که‌یان بۆچوونى خۆى له‌باره‌ى قۆناغى ئاینده‌ى پێکه‌وه‌ژیانى ئایینى له‌ هه‌رێمى کوردستان پێشکه‌ش کرد و پێشنیارى خۆیان له‌باره‌ى ئه‌م پرسه‌وه‌ پێشکه‌ش کرد.

شایانى باسه‌ هه‌فته‌ى جیهانیى پێکه‌وه‌ژیانى ئایینى ڕێوڕه‌سمێکى تایبه‌ته‌ به‌ عیراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و له‌ چه‌ندین شارى عیراق ئه‌نجامى ده‌دات به‌ مه‌به‌ستى په‌ره‌دان به‌ کلتوورى ئاشتیى و بنبڕکردنى تووندوتیژى و لێک تێگه‌یشتنى ئایینیى و کلتووری.

ئه‌مساڵیش به‌هۆى بارودۆخى ئه‌منى شاره‌کانى عیراق، له‌ چه‌ندین شوێنى عیراقدا ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ نه‌کرا و گه‌وره‌ترین چالاکیان له‌م رۆژه‌دا له‌ هه‌ولێر بوو که‌ زۆرترین بایه‌خى پێدرا.


زۆرترین خوێندراو