بارزانى چه‌ند بڕیارێکى له‌باره‌ى چاکسازى له‌ناو حکوومه‌ت ڕاگه‌یاند

2/10/2016 10:25:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ١٠ـى شوباتى ٢٠١٦، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌مه‌به‌ستى زیاتر ڕێکخستنه‌وه‌ى کاروبارى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌نجامدانى چاکسازى و چاره‌سه‌رکردنى که‌موکوڕییه‌کان له‌ناو دامه‌زراوه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێم بڕیارێکى ده‌رکرد، که‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

بڕیار

پاڵپشت به‌ یاساى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان ژماره‌(1)ـى ساڵى 2005ـى هه‌موارکراو، و به‌مه‌به‌ستى زیاتر ڕێکخستنه‌وه‌ى کاروبارى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌نجامدانى چاکسازى و چاره‌سه‌رکردنى که‌موکوڕییه‌کان له‌ناو دامه‌زراوه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێم بڕیارماندا به‌:

1. ئه‌نجامدانى چاکسازى و ڕێکخستنه‌وه‌ له‌م بوارنه‌ى خواره‌وه‌:

ا. پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌یکه‌لیه‌تى کارگێڕى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ڕێکخستنه‌وه‌ى له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کى گونجاو و به‌پێى پێویستى حکوومه‌ت.

ب. پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌یکه‌لیه‌تى دارایى حکوومه‌تى هه‌رێم و ڕێکخستنه‌وه‌ى یه‌که‌ ژمێریارییه‌کان له‌ گشت دامه‌زراوه‌کانى حکوومه‌ت و وه‌زاره‌تى دارایى له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کى گونجاو.

ج. پێداچوونه‌وه‌ به‌ گشت میلاکاتى حکوومه‌تى هه‌رێم به‌مه‌به‌ستى ڕێکخستنه‌وه‌ى میلاکات، و کارکردن بۆ دامه‌زراندنى ئه‌نجوومه‌نى راژه‌.

د. پێداچوونه‌وه‌ به‌ میلاکاتى هێزى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى کوردستان و یه‌که‌ و دامه‌زراوه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و ڕێکخستنه‌وه‌ى میلاکات و هه‌یکه‌لیه‌تى سه‌ربازى هێزى پێشمه‌رگه‌ و ڕێکخستنه‌وه‌یان.

هـ. پێداچوونه‌وه‌ به‌ گشت زه‌ویه‌ کشتوکاڵى و گه‌شتوگوزارییه‌کان و ڕێکخستنه‌وه‌یان و لادانى هه‌ر زێده‌ڕۆییه‌ک له‌سه‌ر موڵکى گشتی.

و. پێداچوونه‌وه‌ به‌ گشت موڵکه‌کانى حکوومه‌ت که‌ به‌شێوه‌ى گرێبه‌ست یان گرێبه‌ستى بانه‌وانى یان له‌سه‌ر بنه‌ماى وه‌به‌رهێنان دراون به‌ هاووڵاتیان و، ڕێکخستنه‌وه‌ى موڵکه‌ و زه‌وى و باڵه‌خانه‌کان و گشت کرێیه‌کانى حکومه‌ت به‌ له‌به‌رچاوگرتنى بارى ئابوری.

ز. پێداچوونه‌وه‌ به‌ گشت ئه‌و خانوو و موڵکانه‌ى له‌لایه‌ن حکومه‌ت به‌ کرێ گیراون به‌مه‌به‌ستى که‌مکردنه‌وه‌یان و ڕێکخستنه‌وه‌ى کرێیه‌کانیان.
ح. پێداچوونه‌وه‌ به‌ خه‌رجیى دامه‌زراوه‌کان و نه‌هێشتنى خه‌رجى زێده‌ڕۆیی.

گ. پێداچوونه‌وه‌ و ڕێکخستنه‌وه‌ى داهاتى هه‌رێم.

ی. پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیسته‌مى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێم.

2. ئه‌و کۆمپانیانه‌ى که‌ به‌شێوه‌یه‌کى یاسایى له‌ ئه‌رک و چالاکییه‌کانیاندا سه‌رکه‌وتوو بوونه‌ به‌پێى میکانیزمێکى گونجاو داوایان لێ بکرێت که‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانى دارایى و یارمه‌تیدانى دۆخى ئابووریى هه‌رێم به‌شێک له‌ سووده‌کانیان پێشکه‌شى گه‌نجینه‌ى حکوومه‌ت بکه‌ن.

3. ئه‌و که‌س و کۆمپانیانه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى نایاسایى ده‌وڵه‌مه‌ند بوونه‌ و له‌ گه‌نده‌ڵیدا تێوه‌گڵاون پێویسته‌ ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵدا بکرێت و به‌پێى میکانیزمێک و به‌شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه‌ سوود و داهاته‌کانیان بدرێته‌ گه‌نجینه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێم.

4. بۆ جێبه‌جێکردن و به‌دواداچوونى ئه‌و بڕیاره‌ به‌ فه‌رمانى هه‌رێمى لێژنه‌یه‌ک پێکده‌هێنرێت که‌ کاره‌کانى به‌پێى میکانیزمێکى گونجاو ئه‌نجام ده‌دات، و ئه‌نجامى کاره‌کانى بۆ سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌رز ده‌کاته‌وه‌.



مسعود بارزانی
سه‌ر‌وَکى هه‌رێمى کوردستان
10ـى 2ـى 2016


زۆرترین خوێندراو