نێچیرڤان بارزانی: مانگانه‌ حکوومه‌ت به‌ خشته‌ى مووچه‌دا ده‌چێته‌وه‌

2/11/2016 8:45:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند حکوومه‌ت مانگانه‌ به‌ خشته‌ى مووچه‌دا ده‌چێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى که‌ هه‌ر زیاده‌یه‌ک له‌ داهاته‌کاندا هه‌بێت، بخرێته‌ سه‌ر خشته‌ى مووچه‌. ئه‌م لێدوانه‌ى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ میانه‌ى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 11 ى شوباتى  2016ى    له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نیى کوردستان له‌ هه‌ولێر هات که‌ به‌مه‌به‌ستى ڕوونکردنه‌وه‌ى دۆخى ئێستا و قه‌یرانى داراییى هه‌رێمى کوردستان و چۆنییه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی، سازکرا.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ردوو سه‌رۆک و جێگرى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ وردى تیشکیان خسته‌ سه‌ر هۆکاره‌کانى قه‌یرانى دارایى و ئه‌و ڕێکاره‌ کاتى و ناچارییانه‌ى بۆ ده‌ربازکردنى ئه‌و قه‌یرانه‌ له‌لایه‌ن حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و چاکسازییانه‌ى که‌ له‌ هه‌مان کاتدا حکوومه‌ت له‌ هه‌موو بواره‌کانى کارگێڕی، دارایی، ئابوورى و ته‌واوى که‌رته‌کاندا، خستوویه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

لاى خۆیانه‌وه‌ نوێنه‌رانى ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى چه‌ندین تێبینی، سه‌رنج و پێشنیاریان بۆ چۆنییه‌تیى چاره‌سه‌رکردن و تێپه‌ڕاندنى دۆخى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى کوردستان پێشکه‌ش کرد و ڕه‌خنه‌یان له‌ چه‌ند که‌موکورتییه‌کى حکوومه‌ت گرت.

پاشان له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا بڕیار درا له‌ ماوه‌یه‌کى داهاتووى نزیکدا حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى وۆرکشۆپێکى هاوبه‌ش ساز بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و سه‌رنج و تێبینى و پێشنیارانه‌ى له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا خرانه‌ ڕوو، به‌ شێوه‌یه‌کى ڕێکوپێکتر پێشکه‌ش به‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکرێن، ئه‌مه‌ش وه‌ک به‌شدارییه‌کى ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و به‌شدارییان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ چاره‌سه‌رکردن و ده‌ربازکردنى ئه‌م قه‌یرانه‌.

له‌ کۆتاییدا هه‌ردوو سه‌رۆک و جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وێڕاى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیار و سه‌رنجى به‌شدارانى کۆبوونه‌وه‌، دووپاتیان کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێم له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ و جه‌ختیان له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ سه‌رکه‌وتووانه‌ ئه‌م قۆناغه‌ش تێده‌په‌ڕێنێت.


زۆرترین خوێندراو