ڕاگه‌یه‌نراوى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران

5/2/2016 4:06:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز





سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2 ى مایسى 2016 به‌ سه‌رۆکایه‌تیى سه‌رۆک وه‌زیران نێچیرڤان بارزانى و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران ، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، کۆبوونه‌وه‌ى ئاساییى خۆى ساز دا.

له‌ سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ ئازادکردنى گوندى به‌شیر له‌ که‌رکووک و پاککردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ تیرۆرستانى داعش، سوپاس و ده‌ستخۆشى سه‌رکه‌وتنه‌کانى شه‌وى ڕابردووى له‌ پێشمه‌رگه‌ کرد، هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان کرد و هیواى زووچاکبوونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواست.

دواتر سه‌رۆک وه‌زیران تیشکى خسته‌ سه‌ر دۆخى عیراق و ڕووداوه‌کانى به‌غدا و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ دۆخى سیاسیى عیراق ئاڵۆزه‌ و پێناچێت وا به‌ ئاسانى ئارام ببێته‌وه‌، له‌وانه‌شه‌ گۆڕانکاریى گه‌وره‌تر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت. یه‌کگرتوویى و هاوهه‌ڵوێستیى نوێنه‌رانى هه‌رێمى کوردستانیشى له‌ په‌رله‌مان و حکوومه‌تى عیراق له‌ دوایین ڕووداوه‌کانى به‌غدادا، به‌ مایه‌ى خۆشحاڵى و پێزانین له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هه‌روه‌ها باسى له‌ دوایین سه‌ردانى شاندى حکوومه‌ت بۆ به‌غدا و چاوپێکه‌وتنى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا و به‌رپرسانى عیراق کرد. دووپاتیشى کرده‌وه‌ که‌ ڕاشکاوانه‌ به‌ لایه‌نى عیراقییان گوتووه‌ کورد هه‌ستى نه‌کردووه‌ هاوبه‌شى ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ عیراق. له‌ دیداریشیاندا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا، جۆن کیرى جه‌ختى له‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ پشتگیرى و هاوکاریکردنى سه‌ربازى و دارایى بۆ هه‌رێمى کوردستان، به‌رده‌وام ده‌بێت. 

پاشان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران ، پو‌خته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى دوایین سه‌ردانى شاندى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئه‌مه‌ریکا پێشکه‌ش کرد و ڕوونى کرده‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریکا و به‌رپرسانى بانکى نێوده‌وڵه‌تیش، دۆخى هه‌رێمى کوردستان و هه‌وڵه‌کانى حکوومه‌تیان بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانى دارایى و چاکسازییه‌کان خستووه‌ته‌‌ ڕوو، ئه‌وانیش ئاماده‌ییى خۆیان بۆ پشتگیرى و هاوکاریکردنى هه‌رێمى کوردستان دووپات کردووه‌ته‌وه‌.

جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران هه‌روه‌ها ووتى: به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریکا پێزانینیان بۆ هه‌نگاوه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ بوارى ڕێکخستنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌ گشتییه‌کان و پرۆژه‌کانى چاکسازى له‌ که‌رتى داراییى گشتى و بره‌ودان به‌ شه‌فافیه‌تدا هه‌بوو، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش ڕۆڵیان هه‌بوو له‌ بڕواهێنان به‌ حکوومه‌تى ئه‌مه‌ریکا بۆ ده‌سپێشخه‌ریى هاوکاریکردنى دارایى بۆ هه‌رێمى کوردستان، به‌تایبه‌تیش پێشمه‌رگه‌.

جه‌ختیشى له‌ گرنگیى ئه‌م سه‌ردانانه‌ و سه‌ردانى وڵاتانى دیکه‌ش بۆ  ڕوونکردنه‌وه‌ و گه‌یاندنى ڕاستیى دۆخه‌که‌ و داواکردنى پشتگیرى و هاوکارى بۆ هه‌رێمى کوردستان کرده‌وه‌ و وتى: ئه‌وان ئاگایان له‌ دۆخى هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌، به‌ڵام ورده‌کاریى زیاترمان خسته‌ ڕوو و دڵنیا بوونه‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان‌ له‌ هه‌وڵه‌کانى بۆ ده‌ربازکردنى قه‌یرانى دارایى و چاکسازى جددیه‌، ئه‌مه‌ش مایه‌ى ده‌ستخۆشى و خۆشحاڵییان بوو.

ئینجا به‌پێى کارنامه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ بریکارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى به‌وه‌کاله‌ت باسى له‌ خشته‌ى دابه‌شکردنى مووچه‌ کرد و ڕایگه‌یاند دابه‌شکردنى مووچه‌ى مانگى ئازار له‌ 17 ڕۆژدا بووه‌. ڕوونیشى کرده‌وه‌ که‌ دابه‌شکردنى مووچه‌ بۆ مانگى نیسانیش به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ده‌ستپێده‌کات و دواتر به‌پێى ڕێژه‌ى داهات و ڕێژه‌ى مووچه‌، دابه‌شى سه‌ر وه‌زاره‌ته‌کان ده‌کرێت. هه‌روه‌ها ڕوونى کرده‌وه‌ دابه‌شکردنى مووچه‌ به‌پێى ئه‌و داهاته‌یه‌ که‌ ده‌گاته‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و پابه‌ندبوونى وه‌زاره‌تیشى دووپات کرده‌وه‌ که‌ هه‌وڵ ده‌دات مانگانه‌ مووچه‌ له‌ کاتێکى دیاریکراودا دابه‌ش بکات.

له‌باره‌ى ئه‌و هه‌نگاوانه‌شه‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ دابینکردنى زیاترى شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتى نه‌وت و خه‌رجییه‌کانى ده‌نێت، سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند حکوومه‌ت له‌ دوا قۆناغه‌کانى ده‌ستنیشانکردنى لایه‌نێکى سێیه‌مى سه‌ربه‌خۆى نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ وردبینکردنى داهات و خه‌رجییه‌کانى نه‌وت و گازى هه‌رێمى کوردستان، به‌ به‌شداریپێکردنى چوار کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌ ناسراوه‌که‌ى بوارى وردبینى نه‌وت و گاز له‌ جیهان و به‌ پشتیوانى و هاوکاریى دیوانى چاودێریى دارایى له‌ هه‌رێمى کوردستان، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێکى گه‌وره‌یه‌ بۆ بره‌ودان به‌ شه‌فافیه‌ت له‌ داهات و خه‌رجییه‌کانى داهاتى نه‌وت و له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى به‌ چاوێکى ئه‌رێنى سه‌یرى ده‌کرێت.

سه‌رۆکى فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوون، پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى بڕیاره‌کانى پێشووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و بڕیاره‌کانى لیژنه‌ى باڵاى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى به‌مه‌به‌ستى ئاگاداریى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ قۆناغه‌کانى جێبه‌جێکردنى ئه‌م بڕیارانه‌ و خستنه‌ڕووى به‌ره‌وپێشچوون و ئاسته‌نگه‌کانى به‌رده‌م جێبه‌جێکردنیان، پێشکه‌ش کرد و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر قۆناغه‌کانى جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌کان کرد. دووپاتیشى کرده‌وه‌ که‌ گرنگیى بڕیاره‌کان، له‌ جێبه‌جێکردنیاندایه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌ته‌کان ڕاسپێردران تا گرفته‌کانى به‌رده‌م جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌کان، لابه‌رن.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا چه‌ند بابه‌تێکى دیکه‌ تاوتوێ کران، وه‌ک خستنه‌ڕووى پرۆژه‌ى زیادکردنى داهاتى گشتیى چه‌ند وه‌زاره‌تێک و فڕۆکه‌خانه‌کان، پابه‌ندبوونى هه‌موو وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌کانى نه‌به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌کانى دیکه‌ به‌ ناردنى زانیاریى دروست سه‌باره‌ت به‌و که‌سانه‌ى له‌ بودجه‌ى گشتى سوودمه‌ندن به‌ وه‌رگرتنى هه‌ر جۆره‌ مووچه‌ و هاوکارى و به‌خشینێک بۆ تۆمارکردنیان به‌ سیسته‌مێکى ئه‌له‌کترۆنیى ناوه‌ندى. ئه‌نجومه‌ن هه‌روه‌ها بڕیار دا پێدانى مۆڵه‌تى بێموچه‌ پزیشکانى ڤێتێرنه‌ریش بگرێته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى له‌ بابه‌تى به‌جینۆسایدناساندنى که‌یسى کوردانى ئێزدى و که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینه‌کانى دیکه‌دا نراون، به‌ مایه‌ى ده‌ستخۆشى و خۆشحاڵى له‌ قه‌ڵه‌م دا و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌ هه‌وڵدان و کارکردن بۆ سه‌رخستنى ئه‌و که‌یسه‌ و ناساندنى وه‌ک جینۆساید له‌ جیهان به‌رده‌وام ده‌بێت و بۆ ئه‌مه‌ هه‌رچى پێویست بێت درێغى ناکات، له‌ کاتێکى نزیکیشدا کۆبوونه‌وه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ل لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان ساز ده‌کرێت، بۆ تاوتوێکردنى بژارده‌کانى به‌رده‌م حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌پێناو به‌جینۆسایدناسانى تاوانه‌کانى تیرۆرستانى داعش و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى قوربانیانى ئه‌م تاوانانه‌.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌ربڕى که‌ چ له‌ ڕێگه‌ى په‌رله‌مانه‌کانیان، یان ناوه‌نده‌کانى دیکه‌ى بڕیاره‌وه‌، پشتیوانییان له‌ به‌جینۆسایدناسانى تاوانه‌کانى تیرۆرستانى داعش له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا پرۆسه‌ى ده‌ستکردنه‌وه‌ به‌ دابه‌شکردنى زه‌وى به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا که‌ سوودمه‌ند نه‌بوون تاوتوێ کرا و بڕیار درا که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ گفتوگۆى زیاترى له‌سه‌ر بکرێت. ‌له‌ کۆتاییدا وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌وه‌کاله‌ت، پرێزنته‌یشنێکى ده‌رباره‌ى خزمه‌تگوزاریى ته‌له‌فۆن و ئینته‌رنێت له‌ هه‌رێمى کوردستان و پلان و هه‌وڵه‌کانى وه‌زاره‌ت بۆ باشترکردنى ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ پێشکه‌ش کرد.


زۆرترین خوێندراو