هۆڵه‌ندا له‌ پشتگیریکردنى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

5/2/2016 4:11:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
 



سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2  ى مایسى  2016، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوزاى له‌ شاندێکى کۆمسیۆنى ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى هۆڵه‌ندا به‌ سه‌رۆکایه‌تیى خاتوو ئه‌نجلین ئیجسنک سه‌رۆکى کۆمسیۆن و نوێنه‌رانى ژماره‌یه‌ک پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى په‌رله‌مانى هۆڵه‌ندا کرد.


له‌ دیدارێکدا شاندى میوان خۆشحاڵیى خۆیان به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕى و ده‌ستخۆشییان له‌ خه‌ڵک و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ کرد که‌ توانیویانه‌ له‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌دا ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسى و هێرشه‌کانى تیرۆرستانى داعش ببنه‌وه‌ و به‌رگرى له‌ هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌که‌ و جیهانى ئازاد بکه‌ن و پێکه‌وه‌ژیانى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى له‌ هه‌رێمى کوردستان که‌ نموونه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتووى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌، بپارێزن و پشتگیریى خۆیشیان له‌ ڕووى سه‌ربازى و سیاسى و مرۆییه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان نیشان دا.

ئه‌وه‌شیان خسته‌ ڕوو که‌ له‌ دیداره‌کانیان له‌گه‌ڵ ئاواره‌ کرستیانه‌کان بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ باشترین شێوه‌ پێشوازى لێ کردوون و جێگه‌ى حه‌وانه‌وه‌ى بۆ هه‌موو ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بێ جیاوازى دابین کردووه‌. 
هه‌روه‌ک باسیان له‌ بارودۆخى عێراق و ناوچه‌که‌ و ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان بووه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێم بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و قه‌یرانه‌ کرد و پشتگیریى خۆیان بۆ هه‌وڵ و چاکسازییانه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕی.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ و حکوومه‌تى هۆڵه‌ندا و هاوپه‌یمانانى کرد بۆ هاوکارییه‌ سه‌ربازى و مرۆییه‌کانیان و هیواى خواست کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هاوکاریى زیاترى هه‌رێمى کوردستان بکات. جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان بووه‌ته‌وه‌، حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌نگاوه‌کان و به‌رنامه‌ى چاکسازیى خۆى به‌پێى پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ پێویستییان به‌ هاوکاریى وڵاتانى دۆسته‌.

سه‌باره‌ت به‌ پێکه‌وه‌ژیانى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى هه‌رێمى کوردستانیش، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ ئه‌وان شانازى به‌و کلتووره‌وه‌ ده‌که‌ن و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌کیش ده‌یپارێزن. 

ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانیش له‌گه‌ڵ به‌غدا، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رچه‌ند دواى ساڵى 2003 هه‌رێمى کوردستان ڕۆڵێکى کاریگه‌رى له‌ عێراقدا هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ڕه‌وشى سیاسیى عێراق وایکردووه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان دووچارى کۆمه‌ڵێگ گرفت ببێته‌وه‌ و هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ باشترین په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانى ده‌وروبه‌ر و جیهان هه‌بێت و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌ به‌هێزکردنى پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕووى په‌یوه‌ندییه‌کان و ئابوورییه‌وه‌.

هه‌ر له‌ دیداره‌که‌دا ئه‌ندامانى شاندى کۆمسیۆنى ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى هۆڵه‌ندا چه‌ند پرسیارێکیان ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان و ئاسایش و ئارامى و داهاتووى هه‌رێمى کوردستان ئاراسته‌ى به‌رێز سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێم کرد به‌تایبه‌تى له‌باره‌ى سه‌ربه‌خۆییى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، له‌ وه‌ڵامدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ پرسى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان مافێکى سروشتیى خه‌ڵکى کوردستانه‌، به‌ڵام پێویسته‌ به‌ دیالۆگ و لێکگه‌یشتن و دوور له‌ توندوتیژى له‌گه‌ڵ به‌غدا بێت.


زۆرترین خوێندراو