راده‌ستکردنى ده‌یه‌مین قوتابخانه‌ له‌لایه‌ن یووبى هۆڵدینگه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه‌چوو

5/3/2016 8:52:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

      




ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 3  ى مایسى  2016 به‌ ئاماده‌بوونى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانى هه‌رێمى کوردستان و به‌رپرسانى حکوومه‌ت و حزبى و خاوه‌ن کار و بزنسمانان، له‌ شارى هه‌ولێر ڕێوڕه‌سمى ڕاده‌ستکردنى ده‌یه‌مین قوتابخانه‌ له‌لایه‌ن کۆمپانیاى یووبى هۆڵدینگه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا دواى پێشکه‌شکردنى چه‌ند وته‌یه‌ک، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و تیایدا سه‌ره‌تا ده‌ستخۆشیى له‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ کرد  که‌ له‌ باشوورى که‌رکووک له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو به‌ده‌ستیان هێنا و تیایدا توانیان گوندى به‌شیر که‌ ماوه‌یه‌کى زۆر بوو له‌لایه‌ن تیرۆرستانى داعشه‌وه‌ کۆنترۆڵکرابوو، ئازاد بکه‌ن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌و هێرشه‌ فراوانه‌ى به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆى تیرۆرستانى داعش بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان و تێکشکاندنى ئه‌و هێرشانه‌ له‌لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ کرد به‌ تایبه‌تى له‌ میحوه‌رى تسلقۆف که‌ شه‌ڕێکى گه‌وره‌ له‌نێوان هێزى پێشمه‌رگه‌ و تیرۆرستانى داعشدا ڕوویدا و تیایدا چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک شه‌هید و برینداربوون و به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشیى له‌ خانه‌واده‌ى شه‌هیدان کرد و هیواى زوو چاکبوونه‌وه‌شى بۆ برینداران خواست. ئه‌وه‌شى دووپات کرده‌وه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ خوێنى خۆى ئه‌م شه‌ڕه‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ جیهانى ئازاد و مرۆڤایه‌تى و پێکه‌وه‌ژیانى نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌کان له‌ عێراقدا ده‌کات.


دواتر جیا له‌ ده‌ربڕینى خۆشحاڵیى خۆى به‌ به‌شداریکردنى له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا، ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌ به‌ر له‌وه‌ى بۆ کردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌یه‌ک و پڕکردنه‌وه‌ى پێویستییه‌کى په‌روه‌رده‌یى بێت، سیمبۆلێکى جوانه‌ بۆ خۆشویستنى وڵات و دڵسۆزى به‌رامبه‌ر به‌ گه‌ل و نیشتمان و خه‌مخۆرى و ئاره‌زوویه‌کى له‌دڵه‌وه‌یه‌‌ بۆ به‌شداریکردن له‌ بنیاتنان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى کوردستان که‌ مایه‌ى ده‌ستخۆشى و ڕێز و پێزانین و شانازییه‌.

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ى گروپى کۆمپانیاکانى یووبى هۆڵدینگیش که‌ ده‌یه‌مین قوتابخانه‌یه‌ ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى ده‌کات، وه‌ک به‌نرخترین دیارى بۆ خوێندکارانى کوردستان و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ناساند. هه‌روه‌ک باسى له‌ پرۆژه‌کانى دیکه‌ى ئه‌و کۆمپانیایه‌ کرد که‌ له‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ سێمێل، به‌رده‌ڕه‌ش، سلێمانى، ئامێدى، باتیفا، هه‌ڵه‌بجه‌ و زاخۆ، قوتابخانه‌ى شه‌ش پۆلى، نۆ پۆلى، 12 پۆلى و له‌ هه‌ولێریش 18 پۆلییان دروست کردووه‌ و هه‌موو که‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌کانى خوێندن و خزمه‌تگوزارییه‌کانیشیان له‌ ئه‌ستۆى خۆیان گرتووه‌ جیا له‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى 12 قوتابخانه‌ى دیکه‌ له‌ ناوچه‌ جیاکانى کوردستان و هاوکارییکردنى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى ده‌ستى تیرۆر و هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕى دژى تیرۆرستانى داعش.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا که‌ ئه‌و شوێنه‌ى پرۆژه‌که‌ى تیادا ئه‌نجامدراوه‌، پێشتر به‌ زیاده‌ڕۆیى خانووى له‌سه‌ر دروست کرابوو، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ى پلانى حکوومه‌تدا که‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ڕێکخراوى هابیتات له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کى زانستى ئاماده‌یان کرد، زیاتر له‌ 500 خانووى ته‌جاوز هه‌ڵگیران و له‌ شوێنێکى دیکه‌، به‌ پێدانى زه‌وى و دابینکردنى ته‌واوى خزمه‌تگوزارییه‌کان له‌ لایه‌ن پارێزگاى هه‌ولێره‌وه،‌ قه‌ربوو کرانه‌وه‌.


هه‌روه‌ها کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى که‌رتى په‌روه‌رده‌ى بۆ که‌میى ژماره‌ى بیناى قوتابخانه‌ گه‌ڕانده‌وه‌‌ هه‌رچه‌نده‌‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ و پلانى په‌روه‌رده‌ییى خۆیدا گرنگییه‌کى زۆرى به‌ دروستکردنى بیناى قوتابخانه‌ داوه‌ و به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانى پێشوو‌ ئێستا کێشه‌که‌ که‌متر بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر زیادبوونى ساڵانه‌ى ژماره‌ى خوێندکاران، ئه‌و کێشه‌یه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌، بۆیه‌ به‌شداریکردنى خێرخوازان و که‌رتى تایبه‌ت له‌ دروستکردنى بیناى قوتابخانه‌کان، به‌ هاوکارییه‌کى به‌رچاوى حکوومه‌تى قبووڵ کرد.

جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ دواى ساڵى 2003 و ڕووخانى ڕژێمى به‌عس له‌ عێراق، ئاره‌زوو بۆ خوێندن و ناردنى قوتابى بۆ خوێندنگا زۆر زیادى کردووه‌ و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌لى کورد به‌ ئومێده‌وه‌ سه‌یرى ئاینده‌ى خۆى ده‌کات و بڕیارى داوه‌ مناڵه‌کانیان بچنه‌ قوتابخانه‌ و ئه‌مه‌ش بارێکى یه‌کجار قورسى خسته‌ سه‌ر شانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌و ژمارانه‌ى که‌ وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ پێشکه‌شى کرد به‌راوردێکه‌ بۆئه‌وه‌ى پێشتر دۆخى خوێدن له‌ هه‌رێمى کوردستان چۆن بووه‌ و ئێستا چۆنه‌.


ده‌رباره‌ى هه‌وڵه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ گرنگیدان به‌ په‌روه‌رده‌ و فێرکردن‌، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وام له‌ ‌هه‌وڵى باشترکردنى کواڵیتیى خوێندن، به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى په‌رورده‌ و فێرکردندایه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌رچى له‌ تواناى حکوومه‌تدا بێت درێخى ناکات. جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان زۆر به‌ جددى کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کات خوێندنى پیشه‌یى له‌ هه‌موو به‌ش و که‌رته‌ پیشه‌ییه‌کاندا، به‌ره‌وپێش ببات و له‌مباره‌یه‌وه‌ پشت به‌ توانا و لێهاتووییى پیشه‌ییى خۆماڵى ببه‌ستێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ هه‌نگاوى جددى ده‌نێت و پلان و به‌رنامه‌ى زانستى ده‌بێت و پێچه‌وانه‌ى جاران، خوێندنى پیشه‌یى و تایبه‌تمه‌ندى له‌ خوێندنى پیشه‌ییدا له‌ کوردستان، ببێته‌ خوێندنێکى خاوه‌ن ڕه‌واج و هه‌ڵگرانى باوه‌ڕنامه‌ پیشه‌ییه‌کان ببنه‌ ئه‌ندامى کارا و ده‌ستوپه‌نجه‌ زێڕینى کۆمه‌ڵگه‌.  

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى وتاره‌که‌یدا، سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ ئه‌وان به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ به‌شداریى که‌رتى تایبه‌ت و خێرخوازان له‌ دروستکردنى بیناى قوتابخانه‌کان ده‌ڕوانن وه‌ک چۆن پێشتریش خه‌ڵکى دیکه‌ به‌ دروستکردنى چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ک ئه‌م به‌شدارییه‌ جوانه‌یان هه‌بووه‌، ئێشتاش خه‌ڵکێکى دیکه‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ داواى دروستکردنى بیناى قوتابخانه‌یان پێشکه‌ش کردووه‌.‌ ئه‌وه‌شى بیرهێنایه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌تێکدا که‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بۆ ئه‌مساڵى خوێندنى 2015 – 2016 ڕایگه‌یاندبوو، له‌ هه‌رچوار پارێزگاى هه‌ولێر، سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه‌ و دهۆک، خێرخوازان و که‌رتى تایبه‌ت 600 قوتابخانه‌یان له‌سه‌ر ئه‌رکى خۆیان نۆژه‌ن کرده‌وه‌ و ئه‌مه‌شى به‌‌ به‌شدارییه‌کى زۆر جددى به‌تایبه‌تى له‌ دۆخى داراییى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى کوردستاندا، ناساند و هیواى خواست ساڵانى داهاتووش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و به‌شدارییه‌ى که‌رتى تایبه‌ت به‌رده‌وام بێت.

له‌ کۆتایى وته‌که‌یدا نێچیرڤان بارزانى سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ گرووپى یووبى هۆڵدینگ و به‌ڕێزان خه‌لیل نه‌زیر، عبدالهادى نه‌زیر و باوک و براکانیان کرد و هیواى سه‌لامه‌تى و سه‌رکه‌وتن و سه‌رفرازى بۆ خواستن و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ بتوانن به‌ هه‌موولایه‌ک به‌شدارى له‌ بنیاتنان و پێشخستنى کوردستاندا بکه‌ن که‌ دوێنێ باوک و باپیران به‌ گیان و خوێنى خۆیان دروستیان کرد و، ئه‌مڕۆش پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان به‌ گیان و خوێنى خۆیان ده‌یپارێزن. هه‌روه‌ها سڵاو و دروود بۆ گیانى پاکى شه‌هیدان نارد و هیواى سه‌رکه‌وتن و سه‌رفرازیشى بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانى کوردستان خواست.


زۆرترین خوێندراو