به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود خه‌ڵاتى که‌سایه‌تى ساڵى پێبه‌خشرا

5/4/2016 2:12:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز




پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 4 ى مایسى 2016 به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌باره‌گاى تایبه‌تى خۆى له‌ گوندى گوڵه‌خانه‌ى ده‌ڤه‌رى شاره‌زوور به‌ئاماده‌بونى هه‌ڤاڵان عه‌بدولقادر حمه‌ساڵح  به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى سه‌یدسادق و سۆران حه‌سه‌ن به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى  و صلاح دێوانه‌ به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى پێنجوێن  و ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان  له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى چه‌کى کیمیاوى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ خه‌ڵاتى که‌سایه‌تى ساڵى پێبه‌خشرا.


لوقمان عه‌بدولقادر سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى چه‌کى کیمیاوى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ووته‌یه‌کیدا سوپاسى خۆى و ستافى کۆمه‌ڵه‌که‌ى گه‌یانده‌ به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود و مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ قبوڵ کردن و ڕێکخستنى ئه‌و دیداره‌و پاشان باسى له‌ گه‌وره‌یى و گرنگى ڕۆڵى به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى محمود کرد وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌ک و که‌سایه‌تییه‌کى دییارى کوردستان و ناوچه‌که‌ که‌ هه‌میشه‌ به‌ته‌نگ داواکارى بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدانه‌وه‌ بووه‌و هه‌رده‌م وه‌ک شورایه‌کى پۆڵاین له‌ پشت کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانه‌وه‌ بووه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یدا به‌و هه‌وڵانه‌ى به‌ڕێزیان له‌ئاست داواکارى و کێشه‌کانى خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و گه‌یاندنى ده‌نگیان به‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ر کوێیه‌ک پێویست بوبێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ له‌ ساته‌وه‌ختى کیمیابارانکردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ له‌ 16-3-1988 ه‌وه‌ تا هه‌نوکه‌ به‌ڕێزیان پشتیوانێکى باش بوون له‌ کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیان و هه‌میشه‌ به‌ شێوه‌ى ماددى و مه‌عنه‌وى ئاگاى له‌ موعاناتى خه‌ڵکى سنوره‌که‌و بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدان بووه‌.

له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیدا لوقمان عه‌بدولقادر ڕایگه‌یاند کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى چه‌کى کیمیاوى هه‌ڵه‌بجه‌ ساڵانه‌ خه‌ڵاتێکى ڕێزلێنانى هه‌یه‌ ده‌یبه‌خشێته‌ ئه‌و کاریزمایه‌ى که‌ بوه‌ته‌ جێى سه‌رنجى که‌س و کارى شه‌هیدان و به‌بێ به‌رامبه‌ر خزمه‌تى پێشکه‌ش کردووه‌ ، بۆیه‌ ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ى ئه‌مساڵ خه‌ڵاته‌ تاقانه‌که‌ى که‌س و کارى شه‌هیدانى پێ ده‌درێت به‌ڕێز ( محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود) ه‌.

پاشان له‌لایه‌ن سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌که‌وه‌ خه‌ڵاتێکى تایبه‌تى ساڵ به‌خشرایه‌  به‌ڕێزیان و بڕوانامه‌ى شه‌ره‌ف ى پێشکه‌ش کرا.
پاشان له‌لایه‌ن مامۆستا هۆشمه‌ند مراد ئه‌ندامى کرمه‌ڵه‌که‌ په‌خشانێک خوێنرایه‌وه‌ که‌ گوزارشتى له‌ تاوانى هه‌ڵه‌بجه‌و ئێش و ئازارى که‌س و کارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌کرد و تیایدا به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمودى وه‌ک فریاد ڕه‌سى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌و بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدان ناوزه‌ند کرد و وه‌ک باوکى شه‌هیدان باسى لێوه‌ کرد که‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر جگه‌ر گۆشه‌ى خۆى (شه‌هید عه‌تا محه‌مه‌د حاجى محمود) له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیاندا و له‌شه‌ڕى دژى چه‌کدارانى داعش شه‌هید ده‌بێت و ده‌گاته‌ کاروانى هه‌رگیز نه‌مرانه‌وه‌.

دواتر له‌ لایه‌ن سۆران حه‌سه‌ن به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ خه‌ڵاتێک پێشکه‌ش به‌ به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود کرا و ڕایگه‌یاند ئێمه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ خۆشحاڵییه‌کى زۆره‌وه‌و به‌ ئه‌رکى سه‌رشانمانى ده‌زانین به‌ شێوازێکى زۆر تایبه‌ت سوپاس و پێزانینى خۆمان ئاراسته‌ى به‌ڕێزیان بکه‌ین که‌ بێگومان گرنگى یه‌کى تایبه‌تى به‌ سنورى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌که‌ ده‌دات و له‌ زۆرینه‌ى یادو بۆنه‌و ڤیستیڤاڵه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ دا ئاماده‌ییان هه‌یه‌و سه‌رى هه‌ڤاڵانى حزبى سۆسیالستى له‌ ناوچه‌که‌دا به‌رز کردۆته‌وه‌ .

له‌لاى خۆیه‌وه‌ به‌رێز محمه‌دى حاجى مه‌حمود  دواى به‌خێرهێنانى شانده‌که‌ى کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى چه‌کى کیمیاوى هه‌ڵه‌بجه‌ ، ڕایگه‌یاند هه‌ڵه‌بجه‌ ناوێکى دره‌وشاوه‌ى ئاسمانى کوردستانه‌و ڕه‌مزى مه‌زڵومیه‌تى گه‌لێکه‌ و به‌هۆى هه‌ڵه‌بجه‌ووه‌ که‌یسى کورد و قه‌زیه‌که‌ى به‌ره‌و پێش چونێکى باشى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و له‌ ئاستى نیوده‌وڵه‌تیدا ده‌نگێکى به‌رز به‌ڕووى دیکتاتۆرترین دیکتاتۆرى سه‌ده‌ى بیسته‌م به‌رز بویه‌وه‌ و له‌و ساته‌وه‌ دۆسیه‌ى کورد که‌وته‌ سه‌رووى دۆسیه‌کانى ترو ده‌لاقه‌یه‌ک بۆ ده‌ستکه‌وتنى مافى خه‌ڵکى کوردستان کرایه‌وه‌.

  ووتیشى  : ئێمه‌ هه‌ر شتێکمان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و خه‌ڵکى سنوره‌که‌ کردبێت به‌ هیچى نازانین و تموحمان زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ بۆ خه‌ڵکى سته‌م دیده‌ى ناوچه‌که‌ى بکه‌ین. وه‌ ڕایگه‌یاند خه‌ڵاته‌که‌تان به‌ گه‌وره‌ترین خه‌ڵات ده‌زانم له‌ ژیان و خه‌باتى سیاسى و پێشمه‌رگایه‌تى خۆمدا  ، وه‌ ته‌ئکیدى له‌سه‌ر به‌رده‌وامى خۆى و حزبى سۆسیالست کرده‌وه‌ بۆ پشتگیرى به‌رده‌وامى کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیان و خه‌ڵکى به‌ش مه‌ینه‌ت و چه‌ند جار شه‌هیدى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌هه‌ر داواکارییه‌ک و گه‌یاندنى هه‌ر گرفتێک که‌ بۆ که‌س و کارى شه‌هیدان و قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه‌ دێته‌وه‌ پێشه‌وه‌‌

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود تیشکی  خسته‌ سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ناخۆش و نه‌خوازراوانه‌ى که‌ به‌م دواییه‌ له‌ عێراقدا ڕوى داو، به‌ڵام دڵنیاى ئاماده‌بوان و خه‌ڵکى کوردستانى کرده‌وه‌ که‌ به‌سوودى گه‌له‌که‌مان کۆتایى دێت و ووتى پێویسته‌ سه‌رکردایه‌تى سیاسى کوردستان له‌م ساته‌ وه‌خته‌دا هه‌ر کێشه‌یه‌ک هه‌بێت پێویسته‌ وه‌لا بنرێت به‌ ئامانجى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و خه‌ونه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ به‌جۆره‌ها شێوازى خه‌بات قوربانى له‌ پێناودا ده‌درێت.

ئاماژه‌شى به‌وه‌ کرد شه‌ڕى داعش شه‌ڕێکى ناڕه‌وایه‌و یه‌خه‌ى میلله‌ته‌که‌مانى گرتووه‌ به‌ڵام هاوکات هاوشێوه‌ى تاوانى هه‌ڵه‌بجه‌ که‌یسى گه‌له‌که‌مان زۆر پێش خستوه‌و هه‌موو دونیا ئه‌مڕۆ له‌ ڕووى سیاسى و سه‌ربازى و دیبلۆماسییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن و جاران ده‌بوو به‌ قاچاغ چه‌ک بکڕین ئێستا به‌ ئاشکرا بۆمان ده‌نێرن و ووتى ئه‌وانه‌ هه‌مووى ده‌ستکه‌وتن و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ک به‌ئاراسته‌ى خزمه‌تکردنى هه‌رێمى کوردستان به‌کارى بهێنین و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌ره‌و دروستکردنى ده‌وڵه‌ت بڕۆین که‌ئه‌وه‌ مافێکى ئاسایى و یاسایى گه‌لى کوردستانه‌. 

له‌کۆتایدادوباره‌ ده‌ستخۆشى و سوپاسى خۆى دوپات کرده‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌و سه‌ردانه‌و هیواى خواست که‌س و کارو خانه‌واده‌ى شه‌هیدان شایسته‌ترین ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م بکرێت و هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌ک پایته‌ختى ئاشتى و گه‌وره‌ترین شارى زوڵم لێکراوى سه‌ده‌ى بیسته‌م گرنگى زیاترى پێبدرێت و بکرێته‌ نمونه‌ى ژیان و زیندویى خه‌ڵکى کوردستان.


زۆرترین خوێندراو