هیندستان کونسوڵخانه‌ى خۆى له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌کاته‌وه‌

5/4/2016 2:21:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز





سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4 ى مایسى 2016 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوزاى له‌ جۆرج ڕاجو باڵیۆزى هیندستان له‌ عێراق و شاندێکى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکدا ڕاجو خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردان و ئازادى و ئارامیى هه‌رێمى کوردستان نیشان دا و سوپاس و پێزانینى خۆیشى بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان ده‌ربڕى که‌ توانیویانه‌ له‌ دژى تیرۆر به‌رگرى له‌ وڵاتى خۆیان بکه‌ن. ئاشکراشى کرد که‌ حکوومه‌تى هندستان ئاماده‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌کى توندوتۆڵى دیپلۆماسى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان ببه‌ستێت و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ بڕیاریان داوه‌ له‌ داهاتوویه‌کى نزیکدا کۆنسوڵخانه‌ى گشتیى خۆیان له‌ هه‌رێمى کوردستان بکه‌نه‌وه‌. 
هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى خۆیشیان بۆ ئه‌و چاودێرى و مامه‌ڵه‌ باشه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ کرێکاره‌ هیندییه‌کان ده‌یکات، ده‌ربڕی.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ بارودۆخى هه‌رێمى کوردستان بۆ پێشکه‌وتن و وه‌به‌رهێنان گونجاوه‌ و ئاماده‌ییى خۆیشى نیشان دا خاوه‌ن کار و وه‌به‌رهێنه‌رانى هیندستان هان بدات بێن له‌ هه‌رێمى کوردستان وه‌به‌رهێنان بکه‌ن. ئه‌وه‌شى دووپات کرده‌وه‌ که‌ بوار هه‌یه‌ هه‌ماهه‌نگییه‌کى باش له‌ نێوان هه‌رێمى کوردستان و هیندستاندا له‌ ڕووى که‌لتوورى و ئیدارى و ئابووریدا دروست بکرێت و ئه‌وان ده‌توانن له‌ بواره‌کانى خوێندنى باڵا و دابینکردنى کورسى خوێندن بۆ قوتابیانى هه‌رێمى کوردستان و مه‌شق و ڕاهێنان له‌ بواره‌کانى کارگێڕى و به‌ڕێوه‌بردن و ته‌ندروستى بۆ کادیرانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، هاوکاریى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ى کرد و پێشوازى له‌ بڕیارى حکوومه‌تى هیندستان کرد به‌ کردنه‌وه‌ى کونسوڵخانه‌ى گشتى له‌ هه‌ولێر که‌ ده‌بێته‌ هۆى باشترکردنى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ بواره‌کانى که‌لتوورى و ته‌ندروستى و ئابووریدا. باسى له‌وه‌ش کرد که‌ ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌هۆى قه‌یرانى دارایى و شه‌ڕى دژى تیرۆرستانى داعش هه‌ندێک سستى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام دواى تێپه‌ڕاندنى ئه‌م قه‌یرانانه‌ ئومێدى ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى باشتر بۆ وه‌به‌رهێنان ده‌بێت و له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا کۆمپانیاکانى هیندستان ده‌توانن له‌ هه‌رێمى کوردستان وه‌به‌رهێنان بکه‌ن.

هه‌روه‌ها سوپاسى هاوکاریى حکوومه‌تى هیندستانى کرد به‌ پێشکه‌شکردنى کورسى خوێندن بۆ قوتابیانى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر خه‌رجیى خۆیان و کۆرسى مه‌شق و ڕاهێنان به‌ کادیرانى حکوومه‌تى هه‌رێم و هیواى خواست له‌مباریه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکوومه‌تى له‌ په‌یوه‌ندیدا بن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بکه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و پشتگیریى داموده‌زگاکانى حکوومه‌تیشى بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ دووپات کرده‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو