حکومه‌تى هه‌رێم : پشتیوانى سه‌قامگیریى به‌غدا ده‌که‌ین و دژى ئاژاوه‌نانه‌وه‌ین

5/22/2016 5:48:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز





سه‌رۆکایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا هه‌وڵه‌کانى ئاڵۆزى دروستکردن له‌ به‌غدا و شاره‌کانى دیکه‌ى عێراق پرۆته‌ستۆ ده‌کات و پشتیوانى له‌ ده‌ربڕینى داواکانى خه‌ڵکى عێراق ده‌کات به‌شێوه‌یه‌کى ئاشتیانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌ دوور له‌ تووندوتیژى و هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ و ده‌زگاکانى ده‌وڵه‌ت.

ئه‌مه‌ ده‌قى به‌یاننامه‌ى سه‌رۆکایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستانه‌:

دوێنێ جارێکى دیکه‌ له‌ شارى به‌غداى پایته‌ختى ده‌وڵه‌تى فیدرالیى عێراق و چه‌ند شارێکى دیکه‌، خۆپیشاندانه‌کان به‌ره‌و ئاڵۆزى و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ و هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌کانى ده‌وڵه‌ت پاڵپێوه‌نران، له‌ ئه‌نجامیشدا ژماره‌یه‌ک خۆپیشانده‌ر و ئه‌ندامانى هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى عێراق گیانیان له‌ده‌ستدا و برینداربوون.

ئێمه‌ به‌تووندى دژى به‌کارهێنانى خه‌ڵک و داواکارییه‌ ڕه‌واکانى خه‌ڵکین بۆ دروستکردنى ئاڵۆزى و ئاژاوه‌نانه‌وه‌. به‌ ته‌واویش له‌گه‌ڵ داوکارییه‌ ڕه‌واکانى گه‌لى عێراقداین له‌پێناو دابینکردنى بژێوى و ئارامى له‌ عێراقدا، به‌ڵام ده‌بێ داواکارییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى مه‌ده‌نیانه‌ و ئاشتیانه‌ گوزارشتیان لێ بکرێت، نه‌ک بکرێنه‌ هۆکارێک بۆ دروستکردنى ئاڵۆزى و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ و هێرشکردنه‌ سه‌ر دامه‌زاروه‌کانى ده‌وڵه‌ت و پێشێلکردنى یاسا و تێکدانى ژیان و سه‌قامگیرى له‌ وڵاتدا، چونکه‌ به‌وشێوه‌یه‌ داواکارییه‌ ڕه‌واکانى خه‌ڵک به‌لاڕێدا ده‌برێن.

هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا پشتیوانى ته‌واوى خۆمان بۆ هه‌وڵه‌کانى به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق ده‌رده‌بڕین له‌پێناو پاراستنى سه‌قامگیرى و پاراستنى دامه‌زراوه‌کانى ده‌وڵه‌ت له‌ عێراقدا.

سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان


زۆرترین خوێندراو