به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سه‌ردانى سه‌رۆک کۆمار ده‌کات

5/22/2016 6:04:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







سه‌رله‌به‌یانى رۆژى  هه‌ینى 20 ى مایسى 2016  به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سه‌ردانى به‌رێز فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمار ى عێراقى کرد .

له‌و دیداره‌دا گۆڕانکارییه‌ سیاسیى و ئه‌منییه‌کان له‌سه‌ر هه‌مو ئاسته‌کاندا که‌ روبه‌ڕوى وڵات ده‌بێته‌وه‌و پێویستیى دۆزینه‌وه‌ى رێوشوێنه‌کانى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و هێنانه‌ ئاراى که‌ش و هه‌وایه‌کى له‌بار بۆ لێک تێگه‌یشتنى نێوان هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و یه‌کڕیزیى و یه‌کخستنى هه‌ڵوێسته‌کان تاوتوێکرا.

هه‌روه‌ها بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا سه‌باره‌ت به‌ هه‌لومه‌رجى سیاسى و ئه‌منى له‌ وڵات و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى مه‌ترسى و هێرشه‌کانى تاقمى داعش بۆ سه‌ر ئارامى و ئۆقره‌یى عێراق و ناوچه‌که‌.

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود تیشکى خسته‌ سه‌ر هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى روبه‌روبونه‌وه‌ى دوژمنان و قاره‌مانێتى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنى سه‌رو ماڵى هاوڵاتیانى و خاکى پیرۆزى کوردستان ،ووتیشى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ هه‌موو جیهانى سه‌لماند که‌هێزێکى رێکخراو خاوه‌ن ووره‌ى پۆڵاینه‌ و ئاماده‌ى روبه‌روبونه‌وه‌ى هه‌رمه‌ترسیه‌کن که‌ روبه‌روى کوردستان بێته‌وه‌ .

له‌لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک  کۆمار ئاماژه‌ى کرد بۆ ئه‌و هه‌وڵ و کۆششانه‌ى که‌ له‌ ئارادان بۆ سه‌رخستنى پرۆژه‌ى ئاشتبونه‌وه‌ى گشتیى سه‌رتاسه‌ریى له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و پێکهاته‌ عێراقیه‌کان که‌ مه‌رجێکى گرنگه‌ و به‌رده‌وامبونى کۆمه‌ک و پشتیوانى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق له‌شه‌ڕى دژى تێرۆر و هه‌موو ئاست و بواره‌کانى تردا زامن ده‌کات

له‌ ته‌وه‌رێکى ترى دیداره‌که‌دا بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان حکومه‌تى فیدراڵى و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌و رووه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ دوپاتکرایه‌وه‌ که‌ ده‌بێت دیالۆگ و گفتوگۆکان به‌رده‌وامبن بۆ هێنانه‌ کایه‌ى تێڕوانینێکى هاوبه‌ش که‌ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ جێبه‌جێکردنى رێکه‌وتنه‌کان که‌ له‌نێوان هه‌ردوو حکومه‌تدا ئیمزا کراوه‌ و مه‌سه‌له‌ ئاڵۆز و چاره‌سه‌ره‌نه‌کراوه‌کان یه‌کلاى بکاته‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ستن به‌ جێبه‌جێکردنى ئه‌و رێکه‌وتنانه‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو