به‌ئاماده‌بونى به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود پانێڵێکى تایبه‌ت به‌مناڵه‌ ونبوه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چوو

5/25/2016 2:38:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ئه‌مڕۆ 25 ى مایسى 2016 ،به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود و دکتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح  و سۆران حه‌سه‌ن به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و نوێنه‌رى کۆمارى ئیسلامى ئێران و نوێنه‌رى وه‌زراره‌تى ته‌ندروستى و  پارێزگارو قائیمقامى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌زگا حزبى و حکومییه‌کانى ناوچه‌که‌و کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیان وخانه‌واده‌ى مناڵه‌ ونبوه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌و جه‌ماوه‌رێکى زۆر و به‌سه‌رپه‌رشتى زانکۆى ئه‌مه‌ریکى له‌ سلێمانى و زانکۆى هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نجومه‌نى ڕێکخراوه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ پانێڵێک تایبه‌ت به‌ پرسى مناڵه‌ ونبوه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هۆڵى مۆنۆمێنتى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چوو .

له‌ پانێڵه‌که‌دا هه‌ریه‌ک له‌ لیژنه‌ى سه‌رپه‌رشتیارو پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌و به‌رپرسى کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى چه‌کى کیمیاوى ووتاریان پێشکه‌ش کرد.

دکتۆر سه‌روه‌ر عه‌بدوره‌حمان وه‌ک یه‌کێک له‌ سه‌رپه‌رشتیارانى پانێڵه‌که‌ به‌جه‌ماوه‌ر نیوزى ڕاگه‌یاند : له‌پاش مه‌راسیمى شادبونه‌وه‌ى دوو مناڵه‌ ونبوه‌که‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 16-3-2016   به‌ خانه‌واده‌کانیان و دروست بوونى چه‌ندین گرفت له‌ شێوازى ناسینه‌وه‌ى مناڵه‌کان و هێنانه‌وه‌یان و ئاسانکارى به‌مه‌به‌ستى دڵدانه‌وه‌یان ، له‌دواى سه‌ردانى وه‌فدى کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ لاى دکتۆر به‌رهه‌م سه‌رۆکى فه‌خرى زانکۆى ئه‌مه‌ریکى بیرۆکه‌یه‌کمان لا دروست بوو بۆ سازکردنى گفتوگۆیه‌کى کراوه‌ له‌نێوان که‌سانى تایبه‌تمه‌ند به‌ پرسه‌که‌و خانه‌واده‌ى مناڵه‌کان و خه‌ڵکانى پسپۆرو شاره‌زا له‌و بواره‌دا بۆ ئه‌وه‌ى به‌هه‌موو لایه‌ک میکانیزمێکى شیاو و گونجاو ده‌ستنیشان بکرێت بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ى یه‌ک به‌یه‌کى ئه‌و خانه‌وادانه‌ى مناڵیان وون بوه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و مناڵانه‌ى که‌ ڕایده‌گه‌یه‌نن ونبوى هه‌ڵه‌بجه‌ن.

ئاواتى خواست له‌ئاست پرسه‌که‌دا خزمه‌تێک بکه‌ن و ڕایگه‌یاند له‌کۆتایى پانێڵه‌که‌دا ڕاسپارده‌و ئه‌نجامى کۆتایى ده‌که‌نه‌ ڕاپۆرتێک و ئاراسته‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى کارى له‌سه‌ر بکرێت له‌داهاتوودا. 

لوقمان عه‌بدولقادر به‌رپرسى کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیان بۆ جه‌ماوه‌ر نیوز ووتى : پێشوازى له‌هه‌ر هه‌وڵێک ده‌که‌ین به‌ ئاراسته‌ى چاره‌سه‌ر کردنى هه‌ر پرسێک بکرێت له‌ دۆسیه‌ى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌دا . وه‌ ڕایگه‌یاند تا ئێستا حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ئاستى پێویستدا نه‌بینراوه‌و به‌هه‌وڵى چه‌ند که‌سایه‌تییه‌ک توانراوه‌ ژماره‌یه‌ک له‌ مناڵه‌ ونبوه‌کان به‌ خێزانه‌کانیان شاد بکرێنه‌وه‌. هیواى خواست ئه‌م هه‌وڵه‌ کاریگه‌رى باشى هه‌بێت چونکه‌ له‌ ئێستادا دوو مناڵى تر په‌یوه‌ندى پێوه‌ کردوین که‌ مناڵى ونبوى هه‌ڵه‌بجه‌ن و له‌ ئێران ژیاون.

سۆران حه‌سه‌ن به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان تایبه‌ت به‌جه‌ماوه‌ر نیوزى راگه‌یاند : بۆ یه‌که‌مین جاره‌ کارێکى له‌م جۆره‌ له‌سه‌ر که‌یسێکى وه‌ک مناڵه‌ وونبوه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت که‌ جێ ى دڵخۆشیه‌ و ڕایگه‌یاند په‌رۆشییه‌کى زۆر ده‌بینین و ده‌خوازم ده‌رئه‌نجامى پانێڵه‌که‌ سوودى گه‌وره‌ به‌ دۆسیه‌که‌ بگه‌یه‌نێت.

له‌ پانێڵه‌که‌دا پێنج دیبه‌یت به‌ڕێوه‌چوو که‌ هه‌ریه‌که‌یان باسیان له‌ چمکێک له‌ ژیانى ونبوان ده‌کرد و به‌شێوازێکى زانستیانه‌ ڕێگه‌چاره‌یان خسته‌ ڕوو به‌مه‌به‌ستى کارکردن له‌سه‌ریان له‌گه‌ڵ نمایش کردنى فیلمێکى دیکۆمێنتارى تایبه‌ت به‌ ئێش و ئازارى مناڵه‌ ونبوه‌کان و خانه‌واده‌کانیان.

له‌دواى کۆتایى هاتنى  به‌شى سه‌رله‌به‌یانى پانێڵه‌که‌دا له‌لایه‌ن به‌رێزان محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود و دکتۆربه‌رهه‌م  پارکێک به‌ناوى مناڵه‌ ونبووه‌کانه‌وه‌ له‌گه‌ره‌کى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ کرایه‌وه‌.

زۆرترین خوێندراو