راگه‌یاندراوى ده‌زگاى کاروبارى شه‌هیدو که‌مئه‌ندامانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان

6/24/2016 1:07:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







راگه‌یاندراوى ده‌زگاى کاروبارى شه‌هیدو که‌مئه‌ندامانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان .

که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان….
پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان ... 
جه‌ماوه‌رى کوردستان ...

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندیه‌وه‌ خه‌باتى سه‌خت و بێوچانى کردووه‌ له‌پێناو ڕزگارى نیشتمانى گه‌له‌که‌ماندا سه‌ره‌ڕاى سه‌پاندنى شه‌ڕى نابه‌رامبه‌رى و کوشتن و ڕاوه‌دونان و کیمابارانکردن و زینده‌به‌چاڵکردنى ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان و وێرانکردن و به‌سوتماکردنى خاکى کوردستان و گرتنه‌به‌رى چه‌ندین شێوازى دڕندانه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عس بۆ خامۆشکردنى کوانوى خه‌بات و تێکۆشان و به‌مه‌به‌ستى سڕینه‌وه‌ى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى له‌ ناوبردنى هزرى تاک و چه‌ندین سیاسه‌تى ترى قێزه‌ون که‌ له‌مێژوودا وێنه‌یان که‌مه‌ .

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى ئه‌م سیاسه‌تانه‌ى ڕژێمى به‌عس له‌ ساڵى 1976 وه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌و شیوازێکى نوێ درێژه‌ى به‌خه‌باتى سیاسى و چه‌کدارى خۆیدا و ده‌یان له‌پێشمه‌رگه‌و کادیرو که‌سانى قاڵبووى خه‌بات وتێکۆشانى نارده‌ چیاکانى کوردستان و بڵێسه‌ى خه‌باتى نوێى هه‌ڵگیرساندن و له‌ ماوه‌یه‌کى که‌مدا ده‌یان داستان و نه‌به‌ردى تۆمارکرد .

ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ى ئێستا به‌خوێنى هه‌زران شه‌هیدى پێشمه‌رگه‌و ده‌یان کادیرو سه‌رکرده‌ى حزبى سۆسالیست دیموکراتى کوردستان تۆمار کراوه‌ که‌ له‌ ناویشاندا شه‌هیدى سه‌رکرده‌و دامه‌زرێنه‌رى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان سه‌یدا ساڵح یوسفى که‌له‌ڕێگاى نامه‌یه‌کى بۆمبڕێژکراوه‌ له‌ به‌روارى 25-6-1981 شه‌هید کراو ئه‌و ڕۆژه‌ش بووه‌ سومبلى ئه‌و هه‌زاران شه‌هیده‌ نه‌مره‌ى که‌ گیانى پاکى خۆیان به‌خشى تاکو ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان به‌ ئازادى و سه‌ربه‌رزى بژێن.

که‌سو کارى سه‌ر به‌رزى شه‌هیدان

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ کاتێکدا یادى رۆژى شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانى ده‌کاته‌وه‌ بارو دۆخى کوردستان به‌ کاتێکى زۆر ناسک و هه‌ستیارو دژواردا تێده‌په‌ڕێت و روبه‌ڕوى شه‌ڕێکى داسه‌پاو بۆته‌وه‌ له‌لایه‌ن (داعش) ه‌وه‌‌ که‌ده‌یانه‌وێت خاکى کوردستان داگیربکه‌ن ، له‌وپێناوه‌ شدا به‌رامبه‌ر تاقمى (داعش) حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان چه‌ندین شه‌هیدى سه‌رکرده‌ و فه‌رمانده‌ى به‌خشیه‌ کوردستان ، وه‌ دۆخى سیاسى عێراق به‌ته‌واى تێکچووه‌ نائارامى زۆربه‌ى ناوچه‌کانى عێراقى گرتۆته‌وه‌ ، ئێستا له‌هه‌مووکات کورد زیاتر پێویستى به‌یه‌کگوتارى سیاسى هه‌یه‌ بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى هه‌رپیلانێک که‌ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان ببێته‌وه‌ و له‌هه‌مانکاتدا پیشتگیرى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان ده‌که‌ین که‌ ئێستا له‌ سه‌نگه‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى به‌رگریدان له‌خاک و سه‌روه‌رى کوردستان .

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌دا جه‌خت له‌هه‌ڵوێستى نه‌گۆڕى خۆى ده‌کاته‌وه‌ بۆ خزمه‌تکردنى که‌ سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌ هیدان به‌بێ جیاوازى و داواکارین له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاورى زیاتربداته‌وه‌ له‌ که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان وباروگوزه‌رانیان باشتر بکات و موچه‌ وموسته‌حه‌قاتى خۆیان له‌کاتى خۆیدا بدرێ‌، چونکه‌ په‌رله‌مان و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌وئازادیه‌ى ئه‌مڕۆ به‌رهه‌مى خوێنى ئه‌ وشه‌هیدانه‌یه‌و پێویسته‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌سیاسیه‌کانیش بۆپاراستنى یه‌ کریزبن وماڵى کوردى یه‌کبخه‌ن  تاخوێنى شه‌هیدان به‌فیڕۆ نه‌ڕوات ،هه‌روه‌ها له‌ڕۆژى شه‌هیداندا جه‌خت له‌سه‌ر درێژه‌پێدانى ئه‌و کاروانه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌سه‌رکرده‌ و پێشمه‌رگه‌ دلێره‌کانى و تێکۆشه‌رانى به‌خوێنى خۆیان به‌ره‌نگارى سیاسه‌تى ئاگر و ئاسنى داگیرکه‌رانى گه‌له‌که‌مان بونه‌وه‌ ئێستاش به‌هه‌مان گیانى پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه‌ به‌رپه‌رچى هه‌رداگیرکاریه‌ک ده‌بینه‌وه‌ که‌بیانه‌وێت جارێکى تر کوردستان داگیر بکه‌نه‌وه‌ ،به‌دڵنیاییه‌وه‌ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانمان ئاسوده‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ به‌هیچ جۆرێک سازش له‌سه‌ر یه‌ک بست خاکى کوردستان ناکه‌ین ئاماده‌ین به‌هه‌زاران شه‌هیدى تر ببه‌خشین بۆ سه‌ربه‌خۆى ئازادى کوردستان.
وه‌له‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌شدا

 سڵاو بۆگیانى پاکى شه‌هیدانى کورد و کوردستان

به‌رزو پیرۆز بیێت 25ى حوزه‌یران

نه‌مرى و سه‌به‌رزى بۆ شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى ڕێگاى ڕزگارى کوردستان



ده‌زگاى کاروبارى شه‌هیدوکه‌مئه‌ندامانى
حزبى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان



زۆرترین خوێندراو