حکومه‌تى هه‌رێم له‌راگه‌یه‌نراویکدا وه‌ڵامى موحسن ڕه‌زایى ده‌داته‌وه‌

7/18/2016 5:56:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







له‌ ڕاگه‌یاندراوێکدا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان وه‌ڵامى چه‌ند لێدوانێکى موحسن ڕه‌زایى ئه‌میندارى ئه‌نجومه‌نى ته‌شخیسى مه‌سڵه‌حه‌تى کۆمارى ئیسلامیى ئێران ده‌داته‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى:

به‌ڕێز موحسن ڕه‌زایى ئه‌میندارى ئه‌نجومه‌نى ته‌شخیسى مه‌سڵه‌حه‌تى کۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنى شه‌به‌که‌ى یه‌کى وڵاته‌که‌ى باسى له‌وه‌ کردووه‌ که‌ وڵاتى سعوودیه‌ یارمه‌تیى حزبه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کانى ئێرانى داوه‌ و له‌ شارى هه‌ولێر دوو حزبى کوردى ڕۆژهه‌ڵاتى چالاک کردووه‌ و بنکه‌یان له‌ نزیک سنووره‌کان ئێران دامه‌زراندووه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌ر به‌رده‌وام بن و حکوومه‌تى هه‌رێم بیرێک له‌م بابه‌ته‌ نه‌کاته‌وه‌، ئه‌وا به‌مزووانه‌ له‌دژیان ئۆپه‌راسیۆنى سه‌ربازى ئه‌نجام ده‌ده‌ین و ئۆباڵه‌که‌یش ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانى سه‌رۆک بارزانی.


له‌ وه‌ڵامى ئه‌و به‌رپرسه‌ى کۆمارى ئیسلامیى ئێران ڕایده‌گه‌یه‌نین که‌:

یه‌که‌م: سه‌رتاپاى ئه‌و زانیارى و لێکدانه‌وانه‌ى به‌ڕێز موحسنى ڕه‌زایى له‌باره‌ى ڕووداوه‌ سنوورییه‌کانى ئه‌م دواییه‌وه‌ که‌ له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا باسى کردووه‌ هه‌ڵه‌ن و هیچ بنه‌مایه‌کى نییه‌.

دووه‌م: کۆمیته‌یه‌کى هاوبه‌شى ئه‌منى له‌نێوان کۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه‌. هه‌ر گرفت و کێشه‌یه‌ک هه‌بێت له‌و کۆمیته‌یه‌دا باس ده‌کرێ و چاره‌سه‌ر ده‌کرێ. ئه‌گه‌ر یه‌ک به‌ڵگه‌ هه‌بێت له‌سه‌ر ڕاستیى قسه‌کانى به‌ڕێز ڕه‌زایی، با کۆمیته‌ى هاوبه‌شى ئه‌منى به‌دواداچوونى بۆ بکات.

سێیه‌م: به‌لاى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ئاساییش و سه‌قامگیریى کۆمارى ئیسلامیى ئێران گرنگه‌ و بایه‌خى هه‌یه‌ و به‌ ئاساییشى ئێران ئاساییشى ناوچه‌که‌یش پارێزراو ده‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌ر لایه‌نێک ده‌بێ خۆیشى بتوانێ هۆکارى گرفته‌کان بدۆزێته‌وه‌ و کار بۆ چاره‌سه‌رکردنى بکات.

چواره‌م: په‌رۆشین بۆ قووڵکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان و کارى هاوبه‌ش و دۆستایه‌تیى نێوان کۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌رێمى کوردستان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان.
18-7-2016


زۆرترین خوێندراو