حکومه‌تى هه‌رێم یه‌که‌مه‌کانى کوردستان خه‌ڵات ده‌کات

7/19/2016 6:06:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 19 ى ته‌موزى 2016 له‌ هۆڵى سه‌عد عه‌بدوڵڵا له‌ شارى هه‌ولێر، به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێمى کوردستان ڕێوڕه‌سمێکى ڕێزلێنانى بۆ قوتابییه‌ یه‌که‌مه‌کانى هه‌ردوو قۆناغى 9ى بنه‌ڕه‌تى و 12ى هه‌ردوو به‌شى زانستى و وێژه‌یى خوێندنى ئاماده‌یى و خوێندنى پیشه‌یى و ئیسلامى له‌ ئه‌زموونه‌ گشتییه‌کانى ساڵى خوێندنى 2015-2016 ساز کرد.

له‌و مه‌راسیمه‌دا که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى کوردستان و وه‌زیرانى حکوومه‌تى هه‌رێم و به‌رپرسانى ئیدارى و که‌سوکارى قوتابییه‌کان ئاماده‌ بوون، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ وته‌یه‌کدا پیرۆزبایى له‌ قوتابییه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانى هه‌رێمى کوردستان کرد و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ خواستن.

سه‌رۆک وه‌زیران، باسى له‌ قاره‌مانێتى هێزى پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى دیکه‌ى کوردستان کرد که‌ به‌ فیداکارى و خوێنى خۆیان هه‌وڵى بۆ پاراستنى سه‌قامگیرى و ئه‌منییه‌ت و ئاسایشى هه‌رێمى کوردستانیان داوه‌، هه‌روه‌ها سه‌رى ڕێز و نه‌وازشى بۆ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدانه‌ دانه‌واند که‌ به‌ خوێنى خۆیان کوردستانیان پاراستووه‌. هیواى چاکبوونه‌وه‌شى بۆ پێشمه‌رگه‌ برینداره‌کان خواست. له‌و بۆنه‌یه‌شدا، هه‌وڵ و کۆششى خویندکارانى به‌رز نرخاند که‌ پێشمه‌رگه‌ئاسا هه‌وڵ بۆ سه‌رخستنى وڵاته‌که‌یان ده‌ده‌ن له‌ داهاتوودا، ئه‌وه‌شى به‌ مایه‌ى شانازیى گه‌لى کوردستان وه‌سف کرد.

نێچیرڤان بارزانی، چۆنیه‌تیى گۆڕانکارى له‌ پڕۆسه‌ى خوێندنى به‌ کلیلى پێشکه‌وتنى کوردستان و گه‌یاندنى به‌ ئاستى وڵاتانى پێشکه‌وتووى جیهان دانا و گوتى: به‌ دانانى سیسته‌مێکى ڕێکوپێک له‌ که‌رتى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا، کوردستان داهاتوویه‌کى ڕوون و باشترى ده‌بێت.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى وته‌که‌یدا، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى سه‌رجه‌م مامۆستایانى کوردستانى کرد که‌ هه‌وڵیان داوه‌ به‌ خه‌مخۆرییه‌وه‌ پڕۆسه‌ى خوێندنى ئه‌مساڵ به‌ سه‌رکه‌وتوویى کۆتایى پێ بهێنن. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى لێکردن که‌ سه‌ره‌ڕاى قه‌یرانى دارایى له‌ هه‌رێمى کوردستان، نه‌یانهێشت پرۆسه‌ى خوێندن له‌ وڵاتدا په‌کى بکه‌وێت. سوپاسى دایکان و باوکانى قوتابى و خوێندکارانیشى کرد که‌ خه‌مخۆرى منداڵه‌کانیان بوون و ده‌ستخۆشیشى له‌ وه‌زیر و سه‌رجه‌م کارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ کرد که‌ پرۆسه‌که‌یان به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ بردووه‌.

نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه‌ ماون که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌ باشترکردنى مووچه‌ به‌ مامۆستایانى دابوو و پێى ڕاگه‌یاندن له‌کاتى خۆیدا به‌ باشتربوونى بارى دارایی، کار بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌و به‌ڵێنه‌ ده‌که‌ن.

له‌ کۆتایى وته‌که‌یدا سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، گوتى ئه‌گه‌ر گه‌نجانى ئێمه‌ ده‌رفه‌تیان هه‌بێت ده‌توانن له‌ داهاتوودا زۆر ئه‌رکى گه‌وره‌ له‌ کوردستان جێبه‌جێ بکه‌ن. هه‌روه‌ها هیواى خواست هه‌موو لایه‌ک ده‌ست له‌ناو ده‌ست هاوکار بن بۆ به‌ره‌وپێشبرنى وڵات.

دواتر، به‌ ئاماده‌بوونى وه‌زیرانى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی، له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، خه‌ڵات و دیاریى ڕێزلێنان پێشکه‌ش به‌ قوتابى و خوێندکاره‌ یه‌که‌مه‌کان له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان کرا.

 



زۆرترین خوێندراو